​لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی، وتەبێژێک بەناوی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی کوردستان وەڵامی ئەو لێدوانانەی دایەوە کە لە لایەن هەندێک کەسایەتیی سیاسی و دەزگای ڕاگەیاندنەوە بڵاوکراونەتەوە و گوایە پارتە کوردستانییەکان لە دوای ڕاپەڕینی ۱۹۹۱ هاوکاریی داراییان لە ڕژێمی بەعس وەرگرتووە.
​حیزبی شیوعی جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک بەشداریی دانوستانەکانی لەگەڵ ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوو نەکردووە و داواکارییەکانی بەعسی بۆ دانوستاندن ڕەتکردۆتەوە.
 هەروەها ڕایگەیاند کە هیچ هاوکاری و پارە و چەکی لە ڕژێمی عێراق یان هیچ وڵاتێکی تر وەرنەگرتووە.
​حزبی شیوعی کوردستان، شانازی بە مێژووی پاکی خەباتی خۆیەوە دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە گشتاندنی ئەم جۆرە تۆمەتانە زیان بە یەکڕیزی و مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دەگەیەنێت.
لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هاتووە:
ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند لێدوانێک لە لایەن کەسایەتیی سیاسی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاوکرایەوە و گوایە لە دوای راپەڕینی ئاداری 1991 ی گەلی کوردستان و لەکاتی دانوستاندنی ڕژێمی بەعس و بەرەی کوردستانی، هەموو حیزبە کوردستانییەکان هاوکاری و پارەیان لە ڕژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق وەرگرتووە.

حیزبی شیوعی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە نە ئامادەی گفتوگۆ بووین لەگەڵ ڕژێمی بەعس و نە ڕاستەوخۆ و نە نا ڕاستەوخۆ هیچ دانوستان  و گفتوگۆمان نەبووە و هەوڵی زۆری بەعسمان لەم بوارەدا ڕەتکردۆتەوە و درووشمی ناوەندی تێکۆشانمان ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت بوو و خەباتمان لە پێناودا کرد و قوربانی زۆرماندا لەم ڕێگایەدا.
حیزبی شیوعی کوردستان بەشانازییەوە ڕایدەگەیەنێت هاوکاری و پارە و چەکی نە لە عێراق و نە لە هیچ وڵاتێکی تر وەرنەگرتووە.

حیزبی شیوعی کوردستان شانازی بە مێژووی پاک و ڕاستگۆیی ڕێڕەوی تێکۆشانی خۆی دەکات و گشتاندنی ئەو جۆرە لێدوانانە خزمەت بە مێژووی بزاڤی ڕزگاریی نیشتمانی و یەکڕیزی گەلەکەمان ناکات.

وتەبێژێک بەناوی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان
٢٩ی ١٠ی ٢٠٢٦

powered by social2s


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا