دامەزراوەی "پەی" بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا وردەکاریی مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە سەرەڕای پەککەوتنی دانیشتنەکان، پەرلەمانتاران بڕە پارەیەکی خەیاڵییان وەرگرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ٤٨٤ ڕۆژ (نزیکەی ١٦ مانگ) بەسەر یەکەم دانیشتنی سوێندخواردنی پەرلەمانتاراندا تێپەڕیوە. لەو ماوەیەدا پەرلەمانتاران وەک فەرمانبەران مووچەیان وەرگرتووە و تاوەکو ئێستا مووچەی ١٢ مانگیان بۆ خەرجکراوە. بەوپێیەی مووچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێک ٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دینارە، هەر پەرلەمانتارێک بڕی (٩٢،٤٠٠،٠٠٠) نەوەد و دوو ملیۆن و چوارسەد هەزار دیناری وەرگرتووە.
دامەزراوەی پەی ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆی گشتی ئەو پارەیەی بۆ ٩٧ پەرلەمانتار لەو ماوەیەدا خەرجکراوە، دەگاتە نزیکەی (٩ ملیار) دیناری عێراقی، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هیچ کۆبوونەوە و دەوامێکی فەرمیی پەرلەمان ئەنجام نەدراوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە تەنها سێ کەس ئەو پارەیەیان وەرنەگرتووە، ئەوانیش هەریەکە لە (عەبدولستار مەجید و عومەر گوڵپی) کاندیدانی لیستی کۆمەڵ کە بایکۆتی پەرلەمانیان کردووە، لەگەڵ (لاهور شێخ جەنگی) کە نەچووەتە پەرلەمان و سوێندی یاسایی نەخواردووە.