بەرزان عەلی

 

مانگە شەوە

هەناسەی ئەستێرەیەک خۆی دەکێشی بەخەیاڵی کفنەکەمدا

گورگێگ گۆڕانی دەچڕێت

باڵۆنێک دەدرەوشێتەوە چەشنی قەوزو قوزەخ لەئاسمانی مندا

چەند گەشتیارێک سەمادەکەن وشەمپانیا نۆش دەکەن

ماچدەکەنە مەزەی بێدارانی خودا

لەشکرێک لەگورگ بەچواردەوری کفنەکەمدا سەمادەکەن چەشنی هیندییە سورەکان

فۆتۆگرافەرێکی ڕووسی وێنەمان دەگرێت ، پێدەچێت ئەوفۆتۆگرافەرە جاسوس بێت

هیواش هیواش باڵۆنەکە لەسەرکیلی قەبری نیشتەوە

گەشتیارەکان دابەزین

قەشەیەک بەکڵاوێکی بچوکەوە کەلەقارچک دەچوو ڕابەرایەتی دەکردن تالەگوناح دووربین

لێم نزیک بویەوە وەکووئەوەی بیەوێت دوعا بۆتەرمەکەم بکات لەنێو درزی تاشە بەردێکدا

دەستێکی هێنا بەسەر سەرکردەی گورگەکاندا تابێدەنگی مەراسیمەکە نەشوێت

لەگیرفانی ڕاستی نامەیەکی دەرهێناو ئەم شیعرەی خوێندەوە

ئەم شاعیرە چەشنی باران دەبارێت سەرزەمینی شیعر سەوز دەکات،هەندێک سات لەشێوەی ئەستێرەیەک دەکشی و تاریکی ئەم شارە ڕادەماڵێت

پێدەچێت ڕۆحەکەی لەنێو دەریا بێت بۆشکاندنی ئەوقولاپانەی دڵپاکی ماسییەکان لەسێدارەدەدەن،لەوانەشە لەنێو چاوی کامیرەیەکدا خۆی حەشار دابێت تالەنێو یادەوەرییەکاندا بزر نەبێت ،ڕەنگە لەکاتی گواستنەوەی بەدبەختییەکانی ژیان لەنێو ئۆتۆمبێلێکی کۆندا گوی لەوگۆرانیانە بگریت کەڕۆژگارێک تەنهاییان دەنەخشاند لەنێو بێکەسیدا

پێدەچێت ڕۆحەکەی لەڕۆما بێت وپەناهەندەی قەیسەر بێت

لەوانەشە لەدارستانێکدا بێت و ژیانی گورگێک بکات بەچیرۆک

شاعیری غوربەت بوو ڕەنگە لەنێو کوچە کانی فەرحزاد لەگەڵ موعتادێکی بەئەزموون خەریکی پیاسە کردن بێت و مژلەونیگەرانیانە بدات کە ژیان تێدا بەحیزی خۆی نمایش کرد لەدۆزەخێکدا کەناوی نا بەهەشت.

سیمۆن دیڤووار کەژنێکی پیری تەڕبوو ،ڕۆحی چەشنی فەلسەفە ئاڵۆز گوماناوی بوو

تەنورەیەکی ناسک وتشتێکی مۆدەو عەینەکێکی مۆدیرینی لەسەردا بوو ،پێکی شەرابی سوور سووری بەدەستەوە بوو چەشنی دڵی هەنار دەبریسکایەوە

ڤایپی دەکێشا وبەدوکەڵەکەی تەمی دروست دەکرد ،کاتێک نزیک بویەوە لێم قەشەکە ڕێزی نواند

دەیگوت ژیان جگە لەدوکەڵ کەچەشنی تەم دەچێت بەئاسماندا هیچی ترنییە

ئەم شاعیرە لەهەرکوی بێت مژلەقلیانەکەی دەدات وپێکی عارەقی بەلەم دەکاتە قوربانی شیعرێک و بەدەم مەستییەوە چڕت بۆژیان لێدەدات ،ئەم شاعیرە دەمێکە ژیانی تەڵاق داوەو خۆی لەپوچی پڕکرد

گەشتیارێکی ئەرجەنتینی کەتاتۆی میسی لەسەرجەستەی نەخشاند بوو جۆش خرۆشی بەخشییە مەراسیمەکەو هاواری کرد ئەم شاعیرە یاریزانێکی بێ وێنە بوو لەکلاسیکۆی مەرگ وژیاندا گۆڵی دەکرد ،ڕێوی بوو جۆرێک دادوەرەکانی فریودەدا بەنمایشێک لەناوچەی سزا بەبێ گەڕانەوە بۆ ڤار فیکەی پەنالتی لێدەدا هەمووان شۆکە بوون

گەشتیارێکی ئیسپانی گیتارەکەی دەرهێناو دەستی بەژەنین کرد

بێلاچاو بێلاچاو

هەمووان غەرقی نۆشینی شەمپانیا بوون ،پێک بەپێکی دەوت بەیارمەتیت هەمووان بەکۆرس دەیانگووت درود بۆڕۆحی نەمری بەرزان.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا