
ناساندنی کتێب
"مەتەڵ"، کتێبێک بۆ منداڵان نووسراو
ئەرسەلان حەسەن
مەتەڵ لە کۆمەڵگای کوردەواریدا بەپێی دەڤەر و ناوچە جوگرافیی و زار و بنزارەکان فرەناوە و لە هەر شوێنێک، ناوێکی تایبەتی خۆی هەیە. لەکۆن و کۆمەڵگای کوردەوارییدا،کە زانست و تەکنەلۆجیا وەک ئێستا پێشکەوتوو نەبووە یان نەگەیشتۆتە شوێنە دوورەدەستەکان، ڕۆڵ و کاریگەری لەکۆمەڵدا هەبووە و کایەیەکیبەجۆش و خرۆش بووە کە گوڕی بە کۆڕ و کۆبوونەوەی شەوانەیماڵ و دیوەخان و بۆنە جیا جیاکان داوە و هۆکاری کات بەسەربردن بووە و لەجیاتی ئامێرە تەکنەلۆژیاکانی ئێستا، شەویان بەخۆشی و شادییەوە پێ بردووەتەسەر.
مەتەڵ ئەوکایە باوەی ناو کۆمەڵ بووە کە لەنێوان دوو کەس یان چەند کەسێکدا و زیاتر شێوەی پرسینەکەی پرسیارئامێز بووە، مرۆڤی بەرەو ڕامان و بیرکردنەوە بردووە و دەتوانین بڵێین مێشکی بارگاویکردووەتەوە و هاوکات هەڵسەنگاندنێکیش بووە بۆ دەرخستنی زیرەکی و ئاگایی مرۆڤ و لەگەڵ بەهێزکردنی بیر و زیهنیمرۆڤەکان، وشە و چەمکە کوردییەکانیپاراستووە بەدەرخستنی ئاگایی کولتووری نەتەوەیی.
مەتەڵ چییە؟مەتەڵ وەک قۆزاخەی پەمۆ باسی ئەوشتەمانبۆدەکات لەناخیدا قوماتی کردووە. هانی بیرلێکردنەوەیت دەدات لەزیهنتدا بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێی کە زۆرجار لەژیانی ڕۆژانەتدا بەریەککەوتوون، کەچی لەوکاتەدا خەیاڵت بەلایدا ناچێت و دووریش نییە واق وڕماوت بکات. هەندێک لە مەتەڵەکان هاوشێوەی شیعر کێش و سەروا دارن.
کتێبی "مەتەڵ"، دوا بەرهەمی چاپکراوی نوسەر(عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی)یە،هونەری چـاپکـردن و دیـزاینی شیعرەکـان، کوالێتی و ستانداردی پەرتووکی نمـوونەیی منـداڵانە، بەڵام کەم وێنەیە.یەکـێکە لەو جوانـتریین پەرتـووکانەی کە لە ساڵی (٢٠٢٥) بۆ منـداڵان چاپکراوە. کتێبێکی "٥٨" لاپەڕەیی دووتوێی بەرگێکی ڕەنگاوڕەنگی پەلکەزێڕینەیەو کاغەز ئاڕتی دیزاین جوان و لەژێر ناوی "مەتەڵ"ی سەر بەرگەکەینوسراوە: (پێویستە هەموومنداڵێک پێش چوونە قوتابخانە بەکوردی و ئینگلیزیبیزانێت؟!) و بۆ زاخاوی مێشکە، لە بڵاوکراوەکانی "خانەی ڕێنمایی خێزان"ەو بەتیراژی "٢٥٠٠" نوسخە چاپکراوە.
ئەم کتێبە بەزمانی سادە و پاراوی دنیای منداڵان نوسراوە و دابەشکراوە بۆ: (خێزان، جەستە، هاتوچۆ، گیانداران، وەرزەکان، پاکوخاوێنی، من و هاوڕێکانم، نیشتمان، ئاو و خۆراک، میوەکان، باخچەکەم، سروشت، پیشەکان، ڕەنگەکان) و هەر بەشەش،دابەشکراوە بۆ چەند بەشێک کە بەشێوەی مەتەڵ بەفۆرمێکی نوێ و سەردەمیانەیەنوسراوە و لەهەموو ئەوشتانە پێکهاتووە منداڵ پێش چوونە قوتابخانەی، واتا تەواوکردنی باخچەی منداڵان و چونی بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، پێویستە بیزانێت. چەند بەشێک بەنموونە دەهێنینەوە:
-خێزان
نوسەر ئەندامانی خێزانمانپێدەناسێت و پێکهاتەکەیمانمەتەڵئاسا بۆ دەخاتەڕوو. مەتەڵەباوەکەبۆ "باوک": (زاوای خاڵت بێتەماڵت چی دەدەیەی؟!) نوسەردەڵێت:
مرۆڤێکی خۆشەویست
ماندووی کارە وەک پێویست
لەگەڵ دایە هاوکارن
ئامادەن هەر چیمان ویست
-جەستە
نوسەر باسی ئەندام و پێکهاتەکانی جەستەی مرۆڤ دەکات. مەتەڵەباوەکە بۆ "دەست": (سەربانێکە و بن بانێکە، چوار مەڕ و شوانێکە)، ئەودەڵێت:
ئەوە چییە دەیزانن
ئێوەش خاوەنی دووانن
کاتێک خواردنێک بخۆی
یەکسەری ئەو دەبەی بۆی
پێنج پەنجەشی پێوەیە
هاوکارێکی ئێوەیە
-وەرزەکان
جگەلە باسکردنی وەرزەکان باسی (باران، بەفر، تەرزە، با) دەکات. مەتەڵە باوەکە بۆ "با": (نەدەمی هەیە نەددان، فیکە دەکات وەکو شوان).شاعیر دەڵێت:
نایبینین و دەنگی دێت
هەستی پێ دەکەین کە دێت
گڤە گڤ دەکات زوو زوو
دەیناسینەوە هەموو
شتمان دەبات لەگەڵ خۆی
ناچارین ڕابکەین بۆی
-نیشتمان
شاعیر باسی نیشتمان، کوردستان و ئاڵای کوردستان وپێنج پارێزگاکانی کوردستان دەکات. بۆ "کوردستان" دەڵێت:
ئەو خاکەی لامان بەنرخە و ڕەنگین
کەوا ئێمەی کورد لەسەری دەژین
بەناوهێنانی هەموو سەربەرزین
هەرکەسێک زانی دەڵێین ئافەرین
-میوەکان
باسی میوە دەکات. "شوتی" لەمەتەڵە باوەکە: (خانوێکی سور، دانیشتوانی ڕەش مل ئەستوور، دیواری سەوزە وەک گەڵای دار، ئاسن نییە، کلیل شار)، ئەودەڵێت:
من خڕ یان درێژکۆلەم
گەورە یاخود بچکۆلەم
کە پێدەگەم شیرینم
میوەی وەرزی هاوینم
دەمپارێزێ توێکڵەکەم
تا بە جوانی پێ بگەم
توێکڵم سەوز و ناوم سور
دەمناسیتەوە لە دوور
پاکم دەکەن بە چەقۆ
قاشم دەکەن لەسەرخۆ
لە ناو قاپ لەسەر سینی
زۆر جوانم کە دەمبینی
ئەوسا دەورم لێ دەدەن
دەمخۆن و تامم دەکەن
ئێستا دەزانن من چیم
ها ها ها ها من..........
-باخچەکەم
باسی "باخچە، مامۆستا، بەڕێوەبەر، کارگوزار"لە باخچەی منداڵان دەکات. بۆ "مامۆستا":
ڕوخۆش و میهرەبانن
جێگەی شانازیمانن
کاتێک دەدوێن لەگەڵمان
وەکو دایە و بابە وان
خۆشەویستن لای هەموو
کێیە پێمان بڵێن زوو
دواجار:
لەگەڵ دەستخۆشیم لە شاعیر بۆ ئاوڕدانەوەی بەشێوازێکی نوێ لە کایە کۆمەڵایەتییەکانی کوردەواری. کتێبەکە بێ هەڵە و کەموکوڕی نییە. بۆیە پێویستەلەچاپی داهاتوویدا ئاوڕێکی وردترو جدیتری لێبدرێتەوە و هەڵە و کەموکوڕییەکانی چاک بکرێن.
سەرچاوەکان:
- کتێبی: مەتەڵ، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، بۆ زاخاوی مێشک، لەبڵاوکراوەکانی خانەی ڕێنمایی خێزان، چاپخانەی کەمال، ساڵی ٢٠٢٥.