شیعرىزمانێكی كراوەیە

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(1)

هەموو شتێ لە جیهاندا بونیادێکی زمانەوانی هەیە...شیعر زمانێكی كراوەیە، جوانگوتنە... شاعیر فیكرەو بابەت داناهێنێت، بۆ نموونە: فیكرەى خۆشەویستى، مەرگ... بۆخۆیان هەن و شاعیرانبەدرێژایى مێژوو قسەیان لەبارەوە كردووە؛ بەڵام شاعیرزمانێكیواڵا و تایبەتى بۆدەربڕین، لەڕێگای مەعریفەی شیعریی و ئەزموونی خوێندنەوەدرووست دەكات.

شیعر چێژە یان مەعریفە؟ شیعر بونیادێکی زمانەوانی هەیە،تێگەیشتنیمرۆڤیشبۆجیهان و جیهانی شیعرییلەڕێگایزمان و بەپێی لێکدانەوە جیاوازەكانی زمانەوە دەگۆڕێت.

(2)

شیعر چێژە یان مەعریفە؟ گرنگ ئەوە نییە لەسەر كام بابەت دەنووسیت، بەڵكە گرنگ چۆن ئەزموونى تایبەتى خۆتبە زمانێكیواڵا و جوان و تایبەت دەردەبڕیت. گرنگ ئەوە نییە، لەسەر خۆشەویستى دەنووسى،یان لەسەر مەرگ... ئەوە وەك شتێكى گشتگیر زۆر دەبینرێت؛ بەڵام ئەوەى بە دەگمەن دەبینرێتئاستە بەرزەكانی فۆڕم و جوانگوتنە. بە مانایەكى دیكە ئەو گواستنەوەیەى كە شیعر بەخۆیەوە دەیبینێت پەیوەندى بە ئەزموونی قووڵ و ئاستى مەعریفەی شاعیرەوە هەیە.

(3)

شیعر چێژە یان مەعریفە؟ هەمیشە داهێنان دژە باو و نامۆدەكەوێتەوە،چەندە داهێنان تواناى بەسەر گۆڕینى پەیوەندییەكان و ڕوانین و ئاستی جوانییەوەهەبێ، ئەوەندەش تواناى بەسەر گۆڕینى بیركردنەوەو چێژدا دەبێت.

(4)

شیعر چێژە یان مەعریفە؟ هەندێك پێیانوایە شیعر مەعریفەیە، وەك چۆن هەندێكى دیكە دەڵێن شیعر تەنها چێژى جوانییە. ئەدۆنیس دەڵێ:من لەوانەم كە شیعر بە مەعریفەیەك لە مەعریفە بەرزەكانى مرۆیى دادەنێم، بەڵام پێش ئەوەى ئەو قسەیە بكەم دەمەوێت بڵێم: ئەو دوو پێناسەیە لەدواىهاتنەخوارەوەی دەقى قورئانى بڵاوبۆوە... چونكە لەپێش هاتنەخوارەوەی دەقى قورئانى، شیعر بە دیوانى عەرەب ناودەبرا... ئەو كات شیعر هەموو شتێكى دەگوت چ سرووشتى و چ ئەوانەى دەكەونە میتا سرووشتەوە. پێش دابەزینی دەقی قورئانی شیعر هەڵگرى حەقیقەت بوو، حەقیقەتیش مەعریفە بوو؛ بەڵام دواى هاتنەخوارەوەى سروش (وەحى) ئیتر دەقى قورئانى شیعرى لە گوتنى حەقیقەت دابڕى و دەقى قورئانى گوتى ئەوەى كە حەقیقەت دەڵێ‌ پەیامبەر و پەیامبەرێتییە، نەك شیعر. دنیاى شیعر هەر تەنها دنیاى سۆز و چێژو خۆشییە.

(5)

شیعر چێژە یان مەعریفە؟ لە شیعرداجیهان پارچە پارچە ناكرێت، زمان پارچە پارچە ناكرێت، بەڵام دەتوانیت لە شتە بچوكەكان و گەورەكان مەسەلەى گەورەى شیعریى درووست بكەیت؛ بەو مانایەش داهێنان ئەودەربڕینەبەرفرەوانەو ئەو فەزا كراوەو قووڵەیە كە بەردەوام ناسنامەى خۆى بەڕووى هەمووجیهاندا دەكاتەوە.كەواتە ئەركى شاعیر ئەوەیە لە بەیەكداچوونى شتەكاندا بتوانێت سەرپشك بێت، بتوانێت كەشفىوسبەلێكراو و نهێنیىیەكان بكات.

(6)

ئایا كاتێك گوڵێك دەبینین، كاتێك سەیرى سڕووشت دەكەین،یان تەماشاى ئاسمان دەكەین، ڕاستەوخۆ تێیدەگەین... ئایا ئەو شتانە قابیلى تێگەیشتننیان قووڵبوونەوە؟ هەموو شتە جوانەكان، هەموو شتە مرۆییەكان، بەجۆرێك لە جۆرەكان تەمومژاویى دەكەونەوە؛ بەڵام تەمومژییەكى شەفافانە،(ئەگەر بشێ‌ تەمومژى بەشەفاف وەسف بكەین) جیهان بۆیە خۆى بۆمان نمایان دەكات، تاكوو هەوڵى لێوردبوونەوەى بدەین، نەك تێگەیشتن، بەو مانایەی كە لێوردبوونەوە تێگەیشتنی جیاواز دەخاتەوە.

بەمجۆرە كارى ئەدەبى و هونەرى باخچەیەكی كراوە بۆ ئاستە جیاوازەكانی لێوردبوونەوە دەسازێنێ، دەشێ‌ لە هەر دەرگایەك بچیتە ناوییەوە؛شیعر ئاسۆیەكى كراوەیە بۆ تێگەیشتنی جیاواز، قەڵایەكی داخراو نییە،یەك دەروازەى بۆ چوونە ژوورەوە هەبێت،یەك تێگەیشتن و یەك خوێندنەوەی قبووڵ بێت؛بەڵكە لە هەر لایەك دەكرێ‌ بچیتە ناوییەوە.

(7)

شیعر چێژە یان مەعریفە؟ ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان مرۆڤ بەشێوەیەكى تەواو لە شتەكان بگات، یان لەخۆى بگات، ئیتر لەوێوە مرۆڤایەتى دادەخرێت.مەحاڵە مرۆڤ بەشێوەیەكى بنبڕ لە هەموو شتێك بگات، ئەوەشیەكێكە لە خۆشبەختییەكان، وەك چۆن لە خۆشبەختى زمانیشدایە؛ كاتێك زمان یان مرۆڤ دەیەوێت هەموو شتێك بڵێت، ئەوە كۆتایى مرۆڤ و زمان دەگەیەنێت؛ بەڵام دنیا لەبەرامبەرمان ئاسۆیەكى كراوەیە و كۆتایى نایەت... هەر تەنها دوو لایەن هەن كە بەردەوام بانگەشەى تێگەیشتنی تەواو و زانینیتەواودەكەن: یەكەمیان، ئایینگەراكان و دووەم، ئایدیۆلۆژیخوازانن.

(8)

خوێندنەوە داهێنانێكى دیكەیە، من لەو بڕوایەدام كەیەكێك لە گرفتەكانى ڕۆشنبیریى بەگشتى ئەوەیە كە چۆن بخوێنینەوە،نەك پرسی شیعر چێژە یان مەعریفە؟ گرفتەكە لە خوێندنەوەیەدایە، نەك نووسین؛ داهێنەرى گەورە هەن، بەڵام نەخوێنراونەتەوە؛ گرفتەكە لە داهێناندا نییە، بەڵكە لە خوێندنەوەو ئاستەكانى خوێندنەوەدایە.

9/12/2025

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا