
ناڵە حەسەن
با خەیاڵەکانت دوور دوور نەڕۆن
بیرلە ماڵە کۆنەکەی گەڕەکی هەورە ڕەشەکان مەکەرەوە
تەنها بزەیەک و
تاشە بەردەکان بۆت دەبن بە فەرشی سوور
شەوانان ئەستێرەکان بۆت دادەبەزن
گۆڵەکان گۆرانیت بۆ دەڵێن
پێش خەوتن
مانگ هەموو دەمارەکانی جەستەت دەشێلێ
کراسی ڕەش لەبەر خەون و خەیاڵەکانت داکەنە
هێندە گلەیی لەخۆت مەکە
کەمێک سەیری ئەو قەدەرەی من بکە
چەند ئەستوورە دیواری ونبوون و
چەند ڕەشە
شووشەی پەنجەرەکانی شکست و کەوتنم
سەردەمانێک
پەنجەکانم سەوزتربوون لە چڵە زەیتوون و
هەناسەکانیشم
بۆنخۆشتر بوون لە ڕەشەڕەیحانەی بەهەشت
کەوتن دوا وێستگە نییە بۆ عەشق
من دەگەڕێمەوە گەڕانەوەیەکی هەمیشەیی
تۆ بە ژیانەوە دووگیانیت منیش بە عەشق
تەمووزی ٢٠٢٥