
حەمەسەعید حەسەن
ئه‌و گوته‌یه زۆر دروسته که ده‌ڵێت: (هه‌ر چی قه‌ده‌غه بکرێت، خوازیاری زێتر ده‌بێت.) بۆ نموونه، منێک که خۆم به خوێنه‌رێکی چالاک ده‌زانم، نه ناوی کتێبی (جه‌هاله‌تی ئیسلام و دنیای هاوچه‌رخ)م ژنه‌وتبوو، نه ناوی (ئارام ڕه‌شید)ی نووسه‌ری، وه‌لێ که به گوێره‌ی بڕیاری دادوه‌ر، ئه‌و کتێبه قه‌ده‌غه کرا و داوا له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری کرا له بازاڕدا کۆی بکاته‌وه، ئیدی سه‌رێکم له بازاڕ دا، به ئاسانی کتێبه‌ی قه‌ده‌غه‌کراوم په‌یدا کرد و به تامه‌زرۆیییه‌وه خوێندمه‌وه. قه‌ده‌غه‌کردنی ئه‌و کتێبه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌م باڵای نرخه‌که‌ی بڵند ببێته‌وه و هه‌م دره‌ختی ژماره‌ی خوینه‌رانیشی ڕوو له هه‌ڵكشان بکات. که‌واته نه‌یارانی ئه‌و کتێبه، قازانجێکی زۆریان به نووسه‌ره‌که‌ی و به‌وانه‌ی بازرگانیی پێوه ده‌که‌ن، گه‌یاند، وه‌لێ پریشکی زیان ته‌نیا به‌ر گیرفانی خوێنه‌رانی کتێبه‌که که‌وت.
ئه‌و نوسخه‌یه‌ی کتێبه‌که که له‌کن منه، چاپی سێیه‌مه که ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کراوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده نووسه‌ر ساڵی ١٩٩٦ له نووسینی کتێبه‌که‌ی بووه‌ته‌وه و ساڵێک دواتریش پێشه‌کیی بۆ نووسراوه، که‌چی چاپی یه‌که‌می له ساڵی ٢٠٠١ دا بڵاو بووه‌ته‌وه، که‌واته ئه‌و کتێبه حه‌وت ساڵ بوو چاپی یه‌که‌می بڵاو کرابووه‌وه، من ناویم نه‌بیستبوو، له ماوه‌ی ئه‌و حه‌وت ساڵه‌دا، سێ جار چاپ کرابوو، سه‌رنجی منی ڕانه‌کێشابوو، وه‌لێ که قه‌ده‌غه کرا، هه‌م به‌وردی خوێندمه‌وه و هه‌م ئه‌وه‌تا به‌ڕێزه‌وه له سه‌ریشی ده‌نووسم، ئیدی ناهه‌قمه بڵێم، نه‌یارانی کتێبه‌که، خزمه‌تیان به کتێبه‌که کرد و ناوبانگیان بۆ نووسه‌ره‌که‌ی په‌یدا کرد.
هه‌ندێک کۆلکەنووسه‌ر هەن، چونکه نه مه‌عریفه شک ده‌به‌ن، نه خاوه‌نی هیچ سه‌رمایه‌یه‌کی ڕەمزی یان مه‌عنه‌ویین، تا ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بێت له ده‌ستی بده‌ن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ڕیی ورووژاندنی سکانداڵ و زڕاندنی ناوی خه‌ڵکه‌وه، ناوبانگ په‌یدا بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌و کۆلکەنووسه‌رانه ناوبانگ په‌یدا ناکه‌ن، بەدناو دەبن و ناویان ده‌زڕێت. ئارام ڕه‌شید که ناوێکی خوازراوه، له‌و که‌سانه نییه به‌ڵکوو وه‌ک به کتێبه‌که‌یه‌وه دیاره، که‌سێکه هه‌م خاوه‌نی په‌یامه و هه‌م بۆ به‌ده‌ستخستنی مه‌عریفه خۆی ماندوو کردووه.
ئه‌وه مافی هه‌ر که‌سێکه ئه‌و په‌یامه‌ی ئارام ڕه‌شید په‌سه‌ند نه‌کات، به‌ڵام ئه‌وه ناهه‌قییه ئه‌گه‌ر به‌وه تۆمه‌تباری بکه‌ین که مه‌به‌ستی له نووسینی کتێبی (جه‌هاله‌تی ئیسلام و دنیای هاوچه‌رخ،) بریندارکردنی هه‌ستی موسوڵمانان و سووکایه‌تیکردن به ئیسلام بووه. نووسه‌ر نه‌ده‌بوو پێش خوێنه‌ر بکه‌وێت و ئیسلام له (جه‌هل)دا کۆ بکاته‌وه، ده‌بوو لێ بگه‌ڕێت خوێنه‌ر کتێبه‌که که نزیکه‌ی چوارسه‌د لاپه‌ڕه‌یه‌ک ده‌بێت، بخوێنێته‌وه و حوکمی خۆی بدات. ئه‌وه ڕێز له ئاوه‌زی خوێنه‌ر گرتنه، بواری بۆ بڕه‌خسێنین خۆی دوای ئه‌وه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که ده‌بێته‌وه، به سه‌رئه‌نجامێک بگات، نه‌ک بێین هه‌ر له به‌رگه‌وه، مه‌به‌ستی خۆمانی بۆ دیاری بکه‌ین.
من نازانم ئه‌وانه کێن داوایان له‌سه‌ر کتێبه‌که تۆمار کردووه، ئه‌وه‌یش نازانم دادوه‌ر به کام پاساو کتێبه‌که‌ی قه‌ده‌غه کردووه، وه‌لێ ئه‌وه ده‌زانم کتێبه‌که به‌گشتی به زمانێک نووسراوه که له ناوه‌نده ئه‌کادیمییه‌کاندا باوه و هه‌قبوو نه‌یارانی، له‌بری داوا له‌سه‌ر تۆمارکردن، دیالۆگیان له‌گه‌ڵ نووسه‌ره‌که‌یدا کردبا. ئه‌و (نووسه‌ران)ه‌ی غه‌یری قسه‌ی دزێو، هیچی دیکه‌یان پێ نییه و وای بۆ ده‌چن ئه‌وه ده‌که‌وێته خانه‌ی ئازادیی دەربڕێنی بیروڕاوە، په‌لاماری ئه‌م و ئه‌و بده‌ن، جێی خۆیه‌تی لەڕێی دادگاوه، سنووریان بۆ ده‌ستنیشان بکرێت، تا تێبگه‌ن زڕاندنی ناوی خه‌ڵک و بریندارکردنی هه‌ستیان، له‌ژێر ئاسمانی به‌رینی ئازادیی دەربڕینی بیروڕادا جێیان نابێته‌وه.
وا باوه نووسه‌ر داوا له که‌سێک ده‌کات پێشه‌کی بۆ کتێبه‌که‌ی بنووسێت که له خۆی زاناتر بێت. ئارام ڕه‌شید ئه‌و ڕێسایه‌ی ڕه‌چاو نه‌کردووه و ئه‌و ئه‌رکه‌ی به که‌سێکی له بواری ئیسلامناسیدا ده‌ستوپێ سپی سپاردووه. ئه‌وه چییه وای له نووسه‌ر کردووه، داوا له (ڕێبوار ئه‌حمه‌د) بکات، پێشه‌کی بۆ کتێبه‌که‌ی بنووسێت؟ پێم وایه ته‌نیا له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌یه، پله‌ی پێشه‌کینووس له حیزب‌دا له ه‌ی نووسه‌ر باڵاتره. ده‌شێت ناونیشانی کتێبه‌که‌یش، پێشنیازی پێشه‌کینووس بووبێت، ئەگەرنا هێنده زبر و زه‌ق نه‌ده‌بوو.
پێشه‌کینووس ده‌ڵێت: (دین له ئه‌مڕۆدا به‌شێکه له هه‌وڵ و ته‌قه‌لای بۆرژوازی بۆ پارێزگاری له کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی و موڵکایه‌تی تایبه‌تی و قانوونمه‌ندیی سه‌رمایه.)(١) ده‌شێت چینی فیودال ئایینی وه‌ک به‌شێکی گرنگ له ئایدۆلۆجیای خۆی وه‌گه‌ڕ خستبێت، وه‌لێ چینی بۆرژوا پێویستی به ئایین نییه و تاقه (ئایین)ێک بڕوای پێی هه‌بێت (سه‌رمایه)یه. له‌مێژه ڕژێمی فه‌رمانڕه‌وایی له وڵاتانی سه‌رمایه‌داریدا عه‌لمانییه، ئایین بووه به به‌شێک له که‌له‌پوور و کەنیسە ئه‌گه‌ر له ڕاژه‌ی هه‌ژاراندا نه‌بێت، لای که‌م زیانی بۆیان نییه. ئه‌و بۆچوونه‌ی پێشه‌کینووس بۆ سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست دروسته، ئه‌و سەر‌ده‌مه‌ی نه ڕێنیسانس سه‌رکه‌تنی به ده‌ست هێنابوو، نه شۆڕشی پیشه‌سازی، نه بۆرژوا به ده‌سه‌ڵات شاد بووبوو، نه کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری چێ بووبوو. جێی سه‌رنجه نووسه‌ری کتێبه‌که‌یش به هه‌مان هه‌ڵه‌دا چووه.
یه‌کێکی دیکه له هه‌ڵه زه‌قه‌کانی کتێبه‌که ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر کتێبه‌که بکه‌ین به ده به‌شه‌وه، نزیکه‌ی نۆ به‌شی پێشه‌وه‌ی، پێوه‌ندیی به ناونیشانه‌که‌یه‌وه نییه! بێجگه له‌و لاپه‌ڕانه‌ی بۆ ده‌ستنیشانکردنی په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان ته‌رخان کراون، کتێبه‌که ٣٤٣ سێ سه‌د و چل وسێ لاپه‌ڕه‌یه، که‌چی نووسه‌ر له لاپه‌ڕه ٣٠٧ سێ سەد و حه‌وتدا، دێته سه‌ر کرۆکی باسه‌که‌ی که وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری: ئایا ئیسلام زانسته یان جه‌هل و خورافه‌یه؟ بۆ نموونه، ئایا ڕوانینی ئیسلام بۆ ناکۆکیی چینایه‌تی، کۆیله یان ژن که سێ بابه‌تی کتێبه‌که‌ن، هیچ له‌گه‌ڵ ناونیشانی کتێبه‌که‌دا کۆیان ده‌کاته‌وه؟ ئایا (ناسیخ و مه‌نسووخ) که فه‌سڵی چواره‌می کتێبه‌که‌یه، هیچ پێوه‌ندیی به زانست و دنیای هاوچه‌رخه‌وه هه‌یه؟
به‌گوێره‌ی ئایه‌تی سێی سووره‌تی به‌قه‌ره، ڕووی زاری قورئان له‌وانه‌یه که (بڕوایان به نادیار هه‌یه، الذین یؤمنون بالغیب،) که‌واته ئایا خوێندنه‌وه‌ی قورئان له‌به‌ر ڕۆشنایی زانست‌دا، جا ئیدی پێت وابێت له‌گه‌ڵ زانست‌دا کۆکه یان ناکۆک، ناکه‌وێته خانه‌ی (چه‌له‌حانێ)وه؟ ئایین که زێتر له‌گه‌ڵ ڕۆح‌دا خه‌ریکه نه‌ک له‌گه‌ڵ مادده، ئایین که به‌پێی لێکدانه‌وه‌ی مارکس، (تێڕوانینێکی میللییه بۆ گه‌ردوون،) نه‌ک تێڕوانینێکی زانستی، که‌واته ئایا ورووژاندنی پرسیاری له بابه‌تی: ئایا ئیسلام زانسته یان خورافه؟ له لایه‌ن که‌سێکی مه‌تریالیست و مارکسیسته‌وه، کارێکی به‌جێیه؟
ئارام ڕه‌شید ده‌ڵێت: ( هه‌ینی به لای ئیسلامه‌وه، وه‌ک یه‌کشه‌ممه‌ی جووه‌کان وایه. ل٥٣) شه‌ممه، (سه‌بات)(٢) ڕۆژی پشوودانه لای جووه‌کان، ئاخر سه‌بات وشه‌یه‌کی عیبرییه و به مانای پشوودان دێت. نووسه‌ر چونکه مانای (ئیلاف)ی بۆ لێک نه‌دراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی له سووره‌تی قوره‌یشدا هاتووه، (لإیلاف قریش،) به هه‌ڵه وشه‌که‌ی خستووه‌ته ڕسته‌وه، ئه‌وه‌تا ده‌نووسێت: (خاوه‌ن ئیلاف،) یان ده‌ڵێت: (هاشم ئیلافی له بازرگانه‌کان وه‌رده‌گرت. ل٨٩ خۆ ئیلاف باج و سه‌رانه نییه، تا هاشم له بازرگانه‌کانی وه‌ربگرێت! ئیلاف له (ئولفه‌ت)ه‌وه هاتووه و به مانای هۆگربوون و خوو پێوه گرتن دێت. هه‌ژار (ئیلاف)ی به پێکه‌وه مانه‌وه لێک داوه‌ته‌وه، (٣) که هه‌رچه‌نده نزیکی کردووه‌ته‌وه، وه‌لێ به ته‌واوی نه‌یپێکاوه.
ئارام ڕه‌شید که بۆ نووسینی کتێبه‌که‌ی سوودی له سه‌د و چل ژێده‌ر وه‌رگرتووه، گه‌لێک زانیاریی پوخت و دروستی ده‌رباره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئایین به‌گشتی و ئایینی ئیسلام به تایبه‌تی کۆ کردووه‌ته‌وه و به کوردییه‌کی جوان پێشکه‌شی خوێنه‌ری کردووه که به هه‌ق شیاوی ده‌ستخۆشی لێ کردنه. پێشنیازی من بۆ نووسه‌ر ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر کتێبه‌که‌ی دیسان چاپ کرده‌وه، ناونیشانه‌که‌ی بگۆڕێت، پێشه‌کییه‌که‌ی لا بدات، به دوا به‌شیدا بچێته‌وه و شێوازی نووسینه‌که‌یشی که له چه‌ند جێیه‌کی که‌مدا، ڕاسته‌وخۆییه‌کی پێوه دیاره که له هه‌ڵچوونه‌وه نزیکه، هێور بکاته‌وه.(٤) *
(١) ئارام ڕه‌شید، جه‌هاله‌تی ئیسلام و دنیای هاوچه‌رخ، ل١٦ چاپی سێیه‌م ٢٠٠٨ (نه ناوی چاپخانه‌ی له‌سه‌ره، نه شوێنی چاپ.)
(2) sabbath
(٣) هه‌ژار، قورئانی پیرۆز، ل٦٠٢
(٤) بۆ نموونه له کێشه‌ی (غه‌رانیق)دا، نووسه‌ر ده‌پرسێت: (چۆن شه‌یتان ئه‌و که‌تنه‌ی به محه‌ممه‌د دا و کڵاوی له‌سه‌ر نا؟ ل٢١١ ئایا (کڵاو له‌سه‌رنان،) زمانی توێژینه‌وه‌یه یان ه‌ی بازاڕ؟