
سەیری بنار و دامێن و لووتکەکان ئەکەم
هەمووی تاوێر و تاشە بەردە
یا سێبەری حەسانەوەن
یا کەلێنیان پوورەی هەنگە
نەسەیرم ئەکەن
نە هەناسەیێ ئەدەن
ئەڵێی خەوتوون
نە ڕەنگێ،نە بزەیێ ، نە دەنگێ
وەک کۆمەڵە کەناچەیێ
کپ لەسەر زەوی خودادا هەڵنیشتوون
کە لەبەر هەتاو دەبریسکێنەوە
چەند شیرینن
ئەڵێی مناڵن پێئەکەنن
سەیری کووچەو کۆڵان و شەقامەکانیش ئەکەم
هەمووی هەر مرۆڤە،مرۆڤی کاڵ
مرۆڤی فاقپەرست و چەنگاڵ
هەمیشە چاڵ هەڵئەکەنن
خەرەندو چاڵ
بەردەکان جوانترن، بەردەکان
سینەیان لووس و ڕووخساریان سپیی و ئەدگاریان هێمن و ئاڵ
مرۆڤەکانیش
تەبەشیان کرێت و ڕوویان تاڵ
دڵیان پڕە لە گرێ
جێی ئەوینی تیا نابێتەوە
باوەش بە بەردەکان ئەکەم
هەر نەبێ لەگەڵما نەرمن
با ڕەقیش بن
وڵاتەکەم
هەمووی ڕووبار و کەنارو هاژەی چەمە
بەردی زۆرە یەکجار زۆر
بەڵام مخابن، مرۆڤی کەمە
کەم
کەریم دەشتی