(٤٢)

 گاتا لەسەر تەرم و تابووتەکەم بخوێنن

باپیرە، بابێینەوە سەر مەسەلەی مردنەکەی من.

دوای ئەوە مردم و ئەندامە سودبەخشەکانی لەشمیان هێنا دەر، با ئاڵای پیرۆزی کوردستان کفنم بێت و  کەڕنەڤالێکی تەواو کوردانەم بۆ ڕێک بخەن و ئاسرەوانی زەردەشتییەکان بانگ بکەن، با بە زمانی ئاڤێستایی هەندێک گاتا لەسەر تەرم و تابووتەکەم  بخوێنێت و پاشان بمبەن بۆ لالش و لەوێ با لەگەڵ شمشاڵی قاڵە مەڕە و تەپل و مۆسیقایەکی ڕەسەن و بە دەنگی ڕۆڵەکانی مێد و  نەوەکانی میترایی و بە سروودی ئەی ڕەقیب  و دەنگی دەفی ڕۆڵەکانی ئێزدایی بەڕێم کەن بەرە و دوا مەنزڵگەم و  لە گۆڕستانی ئێزداییەکان بمنێژن.

ڕۆڵەکەم بائەوەت بڵێم: کە ناژتنی مردوو هەرگیز، نەریتی ڕۆڵەکانی میترایی نییە و دوای هاتنی ئیسلام دەخالەتی کردووەتەوە ناومان،  زەردەشتییەکان لە ئەسڵدا تەرمی مردوو دەسووتێنن. ئەوە زۆر باشتره، لەوەی کە بە پێی بیرو باوەڕی ئێمەی ئاری ڕەگەز و ئایین میترایی و ئێزدایی و زەردەشتی چوار ڕەگەزەکە(ئاو، ئاگر، هەواو و خاک) پیرۆزن و دەبێت بە پاکی ڕابگیرێن و نابیت پیس بکرێن.

کەواتە باپیرە، لە جیاتی ناژتن و پیسکردنی ئەوە ڕەگەزە پیرۆزەی بوون(خاک) بە خوێن و خویزاو ئیسقان و گۆشتی گەنیوم، بمبەن بۆ لوتکەی کێوی لالشی پیرۆز و گڕ لە لاشەکەم بەردەن. ئەوە باشترە و وای دەبینم کە هێندۆسەکانیش ئەم نەریتەیان لە ئێمە وەرگرتووە..