
(٤٣ )
بەقەد هەموو مەلاکانی کوردستان زانست و مەعریفەم لایه
ڕۆڵەکەم دەزانیت کاتمان بەرەو کۆتایی دەڕوات؟
بەڵێ باپیرەگیان، دزانم. بەس ئەو پرسیارەت لێدەکەم، تۆ بۆ سەرەتا پێت وتم کورمانجی نازانم؟
هاهاها. گیانی باپیرەی شۆخیم لەگەڵ کردی. کوڕە و بەقەد هەموو مەلاکانی کوردستان زانست و مەعریفەم لایە و شارەزا و زیرەکم و خۆشیان دانی پیادەنێن و کەسیشیان هێندەی من خواناس نین و هیوادارم ئیتر دەست لە بوهتان بۆکردن و ناوزڕاندم بەردەن.
گیانە سەبارەت زمانی شیرینی کوردی، من هەموو زاراوە کوردییەکان دەزانم.
زازاکی، هەورامی، ماچۆیی، سۆرانی، کورمانجی. گیانی من،
ئەوانە هەمووی زاری کوردین، ڕۆحی منن، چۆن دەبێت کوردبیت و زمانی خۆت نەزانیت؟
چۆن دەبێت کورد بیت و زمانی بێگانەت لا پیرۆز و گرنگ بێت و بە کەم سەیری زمانی خۆت بکەیت؟
من کورمانجی نازانم؟ هاهاها.
دەزانی گیانەکەم، ڕۆڵەکانی من، وەکو خۆم، لەوەتەی هەین، باجی کوردبوونمان دەدەین و بەرنەفرەتی ئاسمان و زەمین کەوتووین. وەک بڵێیت قەدەری ئێمه نەفرەت بێت !
هەر فەرمان دەکرێین و دەکوژرێن و ئەتکدەکرێین و خاکمان داگیردەکرێت.
وەلێ نەوەکانی میترا، ڕۆڵەکانی ئێزدایی، هەرگیز ڕادەستی قەدەر نەبوون و دەستيان لە ئایین و کولتوور و مێژووی باب و باپیران و ڕابڕدووی خۆیان بەرنەدا و بەریشنادەن.
نە فتوحات و جزیە، نە بە کەنیزەکردن و بە کۆیلەکردن و ئەو هەمو فەرمانە، هەرگیز نەیانتوانی ئێمە لەناو بەرن و بمان سڕنەوە.
لەوەتەی هــەمە،
زمانی مەسحەفاڕەشم کوردی و تێرمی دێڕەکانم کورمانجە.
نەوەی میتراییم و خۆشەویستیم ئامانجە.
لەوەتەی هــەمە،
مۆری مەرگ و لێدانی خەنەجەر،
بەشی ڕۆڵەکانمانە.
لەوەتەی هــەمە،
سمبولی هێمنیم و ئاشتی عینوانمە،
نیشتەنی زامی قوڵم،
ئاوارەیی و ئازار، مەنفاو نیشتمانە.
لەوەتەی هــەمە،
مێژووم ئەتکە.
دەچەوسێندرێمەوە و
ژیانم قەنارەو پەتکە.
لەوەتەی هــەمە،
قوربانیم بە دەستی نەیار و چەتە.
ناسنامەم زام و حەسرەتە.
لەوەتەی هەمە،
سەرەنێزەی بێگانە خوێنمی ڕشتووە.
لەژێر قامچی ستەم دامە و
نیشتمانم خۆڵەمێشی لێ نیشتووە.
لەوەتەی هــەمە،
سیپاشێخ خدر و گرعوزێر و کۆچۆ ناونیشانمە.
شمشێری داگیرکەر لەسەر شانمە.
لەوەتەی هــەمە و
لەبیرم دێ،
شنگالم دایمە زامدارە.
لالشی نورانیم لە نزاو شین و هاوارە.
لەوەتەی هــەمە،
دەستم بەرەو ئاسمان و ڕووگەم ڕووناکی و
ڕووم لە تیشکی خۆرە.
کەچی هەر فەرمان دەکرێم و چۆمی دیجلە بەخوێنم سۆرە!
لەوەتەی هــەمە،
پۆشاکی ماتەمینی و خەفەت لەبەرمە.
تیری تاریک بینان گەرووم دەبڕێت و هەڕەشە لەسەرمه.
لەوەتەی هــەمە،
ئەدڕەسم مــرۆڤبوون و باڵندەی تاوسە.
زگی مێژووم بە ئەشک و فەرمان ئاوسە.
لەوەتەی هــەمە،
هەر ڕۆژە و دەکەومە بەر پەلامار و زەبرێ.
فەرمانێک بەرۆکم دەگرێ.
لەوەتەی هەمە،
بەشم هەر ئازار و خــەمە.
کۆچ و فرمێسک ناسنامــەمە.