
44
ڕەوێک خەنجەری بناژۆخواز
گیانی باپیرەی، زمان و کلتورمان، مەسحەفی ڕەشمان، نزاو نوێژ و سروتە ئایینیەکانمان، هەمووی زاراوەی کورمانجی و بەزمانی کوردییە.
ڕۆڵەکانی من، کوردی ڕەسەن و نەوەی میتراییەکان و، چاوگی کوردایەتین.
ئێزدیەکان، سەرەڕای زیاتر لەهەفتا و سێ فەرمان و جینۆساید، وەلێ هەرگیز، ڕادەستی هیچ هێزێکی تاریکی و گروپێکی هۆڤەکان نەبوون، دەستبەرداری زمان و نەریت و ئایین و کولتور و ڕابردوو و مێژووی کوردانەی خۆیان نەبوون.
گەرچی دووژمن، عەرەب ،تورک و پارسە ڕاسیزم و ڕەگەزپەرستەکان، بە چەندین ڕێگەی جۆربەجۆرەوە، سەتان ساڵە، هەوڵدەدەن هەستی نەتەوەیی ئێزدیەکان لاوازبکەن و کوردبوو لەناخیان بکوژن و لەکورد بوونیان جیابکەنەوە و بیان کەن بە عەرەب، یان هەرهیچ نەبێت، وایان لێبکەن بڵێن ئێمە کورد نین !
لەو هەوڵە نەزۆکەیان توانیان وا لەهەندێک لە کوردانی ئێزدی بکەن، بڵێن ئێمە کورد نین، بەڵام نەیان توانی بەو پیلانە شۆڤێنی و نەگریسە و هەوڵە فاشیستەیان تۆی ئەو قەناعەتەباتل و بەتال و بۆشە، لەدڵ و دەروونی زۆربەی ئێزدیەکان بچێنن، بۆیە شکستیان خوارد.
ئەو (تورک وپارس و عەرەب)ـە ڕەگەز پەرست و دەمارگیرەکان، گەر لەهیچ شتێک یەک و یەکگرتوو نەبن، ئەوا بۆ پەرتەوازکردن لاوازکردن و پاکتاوکردن و لێدان و لەناوبردن و جینۆسایدکردن و فەرمانکردن و قڕکردن و ئەنفالکردن و دووژمنایەتی کردنی کورد تەباو براو زۆر یەکگرتوون، و ئەوەی لەدەستیان بێت و هاتبێت، کەمتەرخەمیان لێ نەکردووەو ناشیکەن هەرگیز، ئەودوژمنانەی چۆن لە ڕژهەڵات، لەمێژە هەوڵدەدەن کوردنی بەختیاری لەکوردبوون دوور بخەنەوەو وایان لێ بکەن بڵێن ئێمە کوردنین، لەباکوری کوردستانیش هەوڵدەدەن وا لە کوردە عەلەوی و زازاکیەکان بکەن، لەڕۆژئاوایش ئێزدیەکان، لەباشوریش ئێزدیەکانی ئێرەو کوردانی شەبەک و کوردانی فەیلیش، جا بە پیلانی ئایینی، یاخود مەزهەب، یان ترساندنو تیرۆرو بەزۆر سەپاندنی ئایین، یان داگیرکردن و گۆڕینی دیموگرافیاو جوگرافیای کوردستان. یاخود بەشۆرینەوەی دماغ و ئەقڵ بێت، ئەوە دوژمنانمان لەهەوڵدان ناکەون و بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پیلانە دۆزەخیەکانیان، لەدەرەنجامی ئەو هەوڵە بەردەوام و نەفرەتاوی و نەزوکەیان،گەر بەڕێژەیەکی کەمیش بێت،توانییان ئەفسوس بەشێکی کەمی ڕۆڵەکانی من لە کوردانی ئێزدایی، شەبەک، فەیلی،(تەنانەت لەناوکوردانی هەورامیش دەنگێکی نەشاز درووست بووە دەڵێت ئێمە کورد نین) والێ بکەن لەخشتەبەرن و فریوی نەیاران بخۆن و بڵێن ئێمە کورد نین. بەڵام دواجار ئەوە کەمێکی زۆر کەمن و زۆرینەی ئەوانەیتریان شانازی بەکوردبوونی خۆیانەوەدەکەن.
ڕۆڵە شیرینەکەم، بیرت نەچێت ڕاستە کە هەندێک لە ڕۆڵەکانی منیان وا لێکرد کە فریو بخۆن و بڵێن ئێمە کورد نین، نەخێر، ئێمە کوردی ڕەسەنین، چاوگی کوردایەتین، دوژمنان هەزاران ساڵە هەوڵی کوشتن و ئایین گۆڕینمان دەدەن، بەڵام چەندمان لێ بەزۆر و لە ژێ فشار و هەڕەشە و فەرمان و کوشتن بکەن و هەر ئایینێکی تر، لەوانەی خۆ ڕاگرنەبوون
دەنا ئێزی نابێت ئیرادەی لاواز بێت و چۆک دابدات و خۆی بۆ دووژمن و هۆڤان بچەمینیت و دەبێ وەکو پیاو ژنە قارەمانەکانی کۆجۆ بن و مەرگ هەڵبژێرن نەک دۆڕان و ئایین گۆڕین.
باپیرە بەو هۆنراوەیە، کۆتایی بەو دیالۆگەمان بێنین.
دەی ئازیزەکەم.
کارەساتتان باش
من ناوم شنگالە
و
نازناوم گـۆڕی بە کـۆمـەڵ
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆداو
لە پڕ
کۆمەڵێک شمشێری ڕادیکاڵ و
ڕەوێک خەنجەری بیابان
کۆمەڵێک شەوی ئەنگوستەچاو
مەزهەبێکی زۆر کۆن
ڕژانە کۆڵانەکانی
کۆجۆم
کۆمەڵێک شمشێر
شێوەیان دەڕۆشتەوە سەر
سەدەکانی ناوەڕاست
و
بۆنی خوێنیان لێدەهات
ڕەوێک خەنجەری بناژۆخواز
سیخناخ بوون
لە جەهل و تاریکی
پڕ بوون لە نەفرەت
بێ لە دەرگادان
و
بە ڕستێک قەفەز
و
باوەشێک شەریعەت
بە فرسەخێک تقوسی سەحراو
قاپێک خەڵووزی خوڕافە
بە کۆمەڵێک ئایدیای ڕق
و
ستڵێک فەتوای ڕەق
خۆیان کرد بە ژوورداو
گوتیان
ئێمە پاسەوانەکانی دەرگای دۆزەخین
و
لەو دیوی سردابی مێژوو و
حاشیەکانی جەهالەتەوە هاتووین
ڕەگمان دەچێتەوە سەر زێراب
و
مۆڵەتی ئاسمانمان پێیە
بەڵێ
ئەوان لە بەردەم بێدەنگی هەمواندا
پەلاماری گۆمەزی شەرفەدینیان داو
کچێنی شنگالیان نەزیف کرد
بەرائەتی جیلوەیان
بە چەقۆی ئەنفال سەربڕی
و
مەسحەفی ڕەشیان
خەڵتانی سورەتی کفرکرد
نەمزانی کێ بوون
بەڵام
گوتیان ئێمە سەر بەخێڵی بەردو
پاشماوەی فتوحاتین
ئێمە نەوەی نەفرەت و
لە نەسەبی قانونی ڕەجمین
بەڵێ ئەوان
هەمان ئەو ڕەوە خەنجەرەبوون
کە شەهرەبانویان کرد بە کەنیزەو
لەگەڵ فرمێسکەکانی یەزدەکورد
ناردیانن بۆ سنوری تەعریب
هەمان
ئەو چەقۆیانەبوون
کە بەر لە هەزار و چوارسەت ساڵە
ئاگری ئاتەشگای ئەشۆیان کوژاندەوە
و
بەرماڵی نزای زەردەشتیان شەهیدکرد
هەمان ئەو شمشێره ڕادیکاڵانەبوون
کە پەنجەرەی میحرابی متیرایان
بە لمی بیابان سواق دا
و
کراسی بووکێنی گوڵاڵەیان دڕاند
هەمان
ئەو خەنجەرە ئوسوڵیانەبوون
کە گاتاکانی ئاڤێستایان پڕکرد
لە ئیقاعی زندیکبوون و
شادەماری مەچەکی یەسناکانیان بڕی
کۆمەڵێک تاریکی
چاوەکانیان
هێشتا جۆگەڵەی خوێنی
هەفتاو چوارفەرمانی ئێزدیخانی
لێدەچۆڕا
هێشتا
بۆنی دەهریبوونی ئاهۆرامەزدا
و
فوغانی دایکە ئەنفاڵکراوەکانیان لێدەهات
هێشتا
بۆنی حەرامسەرای کەنیزەکان و
توڕەیی فەرمودەکانی فتوحاتیان لێدەهات
ئەی ئافەرین گیانی من.
ئازیزەکەم گەر ویستت درێژە بەو دیالۆگەمان بدەین، بەڵام ئەوجارە لە دۆزەخ نا هاهاها بەڵکو لە لالش دەبێت.
بمبوورە، کاتم نەما و ئێستا دەبێت بڕۆم و جێت بێڵم ڕۆڵە شرینەکەم، دەماتە بخێر.