(٣٩)
 
کابرا لە ژیاندا بە ئەتایستی مردووە، کەچی دوای مردنی دەیبەن بۆ مزگەوت!
ڕۆڵەئێزداییەکەم، من ئەوانەم زۆر خۆش دەوێن، کە دووڕوو نین و ماسک نابەستن و هەرسەعاتەی بە زمانێک قسە ناکەن و هەر ڕۆژەی ڕەنگێک نین و وەکوو خۆیان و بە پێی قەناعەتی خۆیان دەژین و چۆنن وا خۆیان پیشان دەدەن.
ئا ئەمانە سەرکەوتوو و دواجار براوەن و مێژوو تۆمار دەکەن و ناویان بە نەمری دەمێنێتەوە.
دوو ڕووەکانیش، ئەوانەی لەگەڵ موعاویە نان دەخۆن و لە پشت عەلیش نوێژ دەکەن، سەرەنجام ڕیسوا و خەجاڵەتی بەردەم ویژدان و مێژوو و مرۆڤایەتی دەبن و هیچ ناونیشان و شوێنەوارێکیان نامێنێتەوە و دەڕۆنە دەڤەری لە بیرچوونەوە و ناو زبڵدانی مێژوو.
باپیرە گیان، سوێند بە کێوی گارە و مەتینان، هەمووی ئەو ئیسلامییه سیاسی و سەلەفیەتی دینی و مەلاو شتەیه، ئەو خەڵکەیان کردوو بە دووڕوو.
ڕۆڵەکەم ئەدی (عەلی وەردی) نەیدەگوت: لە کوێ پپاوی زۆربوو، دووڕوویاتی لەوێ زۆردبێت.
مەلاکان(ڕێزم بۆ باشەکانیان) بە مردویەتیش لە خەڵک ناگەڕێن و ئەو خەڵکە دەکەن بە دووڕوو،!
زۆر ڕاستە باپیرە. کابرا بە ئەتایستی و کۆمۆنیستی مردووە و تا لەژیاندا بوو یەک نوێژی نەکرد و نەڕۆیشتە مزگەوت و شەو و ڕۆژ، ڕەخنەی لە ئایین و مزگەوت و شت دەگرت. باشە بۆ ئێوە بۆ دوای مردنی خێرا دەیبەن بۆ مزگەوت و نوێژی مردووی لەسەر دەکەن؟ سەیرە !
تابڵێن ژمارەی موسڵمان زۆرە و ئەو کۆمەڵگەیە زیندوو و مردووی یەکپارچە هەمووی موسڵمانن و هیچ کۆمەنیست و ئەتایست و مولحیدێکی تێدانییە. هاهاها.
ئەوانە، چۆن لە ژیان خەڵک بەزۆر دەکەن بە دووڕوو و هەرچی خۆشی و مەلەزاتێک هەیە لە خەڵکی بە تابۆ و قەدەغە و بڤە دەکەن و ئەو کوللی مەمنوعە لای خەڵکی مەرغوب و شیرین دەکەن. لەناو شەش ملیون کەس، دوو هۆمۆ سێکچوێڵ و سێ لیسبییان و چوار کچە مۆدیلیان قبووڵ نییه و زۆر پۆپۆلیستانە و تاک ڕەهەندانە هێرش دەکەنە سەر پلورالیەتی دینی و کۆمەڵایەتی و تۆی ڕقی مەزهەبی و دەمارگیری ئایینی و پەتای ئیدەلۆژی لە مێشک و دەروونی تاکەکان دەچێنن و نەخۆشی جیاکاری ڕەگەزی قوڵ دەکەنەوە و دوو بەرەکی دەخەنەوە نێوان مرۆڤەکان و مرۆڤایەی دوو کەرت و کۆمەڵ بەرەو داخران دەبەن و بە داعش دەکەن.
بە مردوویش بەزۆر لەسەر قەناعەتی خۆیانمان حیساب دەکەن !
-زۆر ڕاستە.
ئەو دوو ڕووانە، خۆشەویستی نێوان کچ و کوڕێک به تاوان و تابۆ و لادان دەزانن، کەچی خۆیان دەرزنێک ژن و کەنیزە ڕیز دەکەن و ئینجا دێن و باسی ئەخلاق و شتیش دەکەن !
پاشا خۆ کۆمەڵ تەنها هی ئەوان و مولکی باپیرە ئەوان نییە.
ئێرە شوێنی ڕەنگە جیاوازەکان و پێکەوەژیان و هەموو پێکهاتەو ئایین و ئایدیاکانە.
ئەو ئیسلامیە سیاسیانە هەرجارەی گەر بیانەوێت ڕێگری لە ئازادی خەڵکێک بکەن و فشار درووست بکەن و عاتیفەی مێگەڵ و خەڵکێکی خالیولزیهن و ناڕۆشنبیر و سادە لەوح و بێ پاکگراوەند بجووڵێنێن، لە دژی ئازادی تاک و کرانەوەی جڤات و هەر نوێگەرییەک و چەمکێکی تازەی دنیای مۆدێڕنێتە و بەرهەمی ئەقڵی ئازاد و جیهانی سیکۆلار، بە گوتاره خورافی و ئەقڵیەتە کلاسیکی و کۆنەخوازەکەی خۆیان، پەنا بۆ یارییەکی منداڵانە و فێڵێکی فێندەمێنتالستانە دەبەن و دێن و دەڵێن: کۆمەڵگای کوردی سەتا نەوەت پێنج و، نازانم ئەوەندەی موسڵمانە و نابێت ڕێگە بە کارێکی وابدرێت و خۆیان لە خەڵک و خوا دەکەن بە پۆلیسی دابوو نەریت و ئەخلاقی گشتی و دەرگاوانی بەهەشت.
-جارێ لە کامە داتا دەڵێت:٩٥٪کۆمەڵی کوردی موسوڵمانە؟
-دەڵێی هەرچی چەپ و کۆمەنیست و لائیک و ئەتایست و زەردەشتی و کاکەیی و مەسیحی و ئێزدی و جووی کوردستانە، حیسابیان کردووە!
ئەوان جگە لە کومەڵێک قسەی خورافی و عاتیفی و حەکایەتێ ئایینی، هیچ پرۆژەیەکیان نییە بۆ خەڵک و دیاریشە کە چەندین دەیه هەن، نەیان توانیوە قەناعەت بە سەتا پانزەی خەڵکی موسڵمانش بکەن بۆ ئەوەی باوەڕ بە بیرە داعشگەرا و ئەجێندا تەعریبیەکە و ئایدیۆلۆژیا ئیسلامیزم و پەیامە خورافیەکەیان بێنن.
ڕۆڵەکەم:
ئیسلامگەراکان دەیانەوێت تەعریبەکەی ئیخوان و ئەجێندا ڕادیکاڵ و جیهانبینییە ناڕەسەنەکەی خۆیان تێکەڵ بە هەموو سێکتەرەکانی ژیان و کونج و کەلەبەرێکی کۆمەڵی کوردەواری بکەن و فرە ڕەنگی و پلورالییەت و تولەرەنس بسڕنەوە.
ئەوپۆپۆلیست و تاک ڕەهەند و تێڕوانین تۆتالیتارانە هەمیشە هەوڵدەدەن و دەیانەوێت هەموو دەنگ و ڕەنگ و ڕوانگەکانی تری دەرەوەی بازنەی ئیدەلۆژیا و بیر و باوەڕەکەی خۆیان، تیرۆر بکەن و بخنکێنن و لەناوبەرن.
گەرنا لە دیموکراسیەتدا، ٩٩٪ لەسەر بۆچوونەک بن و یەک کەسیش تەنها لەسەر بۆچونێکی دژ و پێچەوانەبێت، دەبێت حیساب بۆ بۆچوونی ئەو تاکە کەسە بکرێت و ڕێز لە حەز و خولیاو ئازادیەکانی بگیرێت.
ئەوەی شارەزای ئەلفبێی دیموکراسییەت و ئازادی و مافی مرۆڤ بێت، باش دەزانێت، کە کۆمەڵی کراوە و شارستانی و پێشکەوتوو و سیکیولەر و مۆدێڕن، هەرگیز، بە تەنها شوێنی ئایینێک و موڵکی فیکرێک و تاپۆی ئاڕاستەیەک نییە، بەڵکو چۆن مەعبەد و ئاتەشگا و کلێسا و مزگەوتی تیایە، ئاواش سۆزانیخانە و باڕ و مەلها.
چۆن مرۆڤی ئایینداری تیایه، ئاواش بێ ئایین و ئەتایست و مولحید و گومانگەرا.
چۆن مەلا و واعیزی تیایه، ئاواش کچە مۆدێل و گۆڕانی بێژ و شاجوان و سێکس فرۆش.
لەوەها كۆمەڵێكدا : ئینجا ئازادیت دەڕۆیتە باڕ یان مزگەوت. نوێژ دەكەیت یان نایكەیت. كەس بۆی نییە بێت و تەداخولی ژیانی تایبەتیت بكات و فەرمانت بە سەردا بكات و زۆرت لێ بكات و پێت بڵێت : یا دەبێت نوێژ بكەیت و مۆڵەتت تەنها سێ ڕۆژە، گەر نوێژ نەكەیت سەرت لەلاشەكەت جیا دەكەینەوە، یان جگە لەو ڕێگا دیكتاتۆریانە و داعشگەرایانە هیچ ڕێگا و چارە و هەڵبژاردنێكی ترت لە بەردەمدا نییە !
لە كۆمەڵی كراوە و پلورال و شارستانیدا،هیچ كەسێك و بە هیچ پاساوێك و لە ژێر هیچ ناوێكدا، بۆی نییە بێت و پێت بڵێت بۆ تەنورەكەت كورتە و تەسریحەی قژت بەو ستایلە ڕێكخستووە، بۆچی ناچیتە مەعبەد و ڕیشت دڕێژناكەیت؟
یان با فلان فیلم چونكە ماچی تیایە و فیسار سایتی پۆڕن ئەخلاقی خەڵك تێكدەدات، دایخەین.
لە كۆمەڵی مۆدێڕن و سیكۆلار و پلورالدا، هەڵبەت لوتكەی ئەخلاق ئەوەیە: تۆ وەكو خۆت و بە پێی دۆگم و بیر و باوەڕی خۆت بژیت و لێش گەڕێ بامنیش بە پێی بیر و باوەڕ و قەناعەت و بە ئازادی بۆخۆم بژیم.
-باپرە، مەعلومە، کە ئاو لە کوێ دەکرێتە ئاشی ئایدیۆلۆژیاکەیان و بە ئیعازی کێ دەجوڵێنەوە.
ئەوان بۆ زیندووکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی و جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەت و تەتبیقکردنی یاساکانی سەربڕین و دەستبڕین و بەردبارانکردنی خەڵک و بە داعشکردنی کۆمەل درووست بوون.
ئەوان بە جەستە لێرە و بە ئەقڵیەت و بیرکردنەوە هێشتا لە سەدەکانی ناوەڕاستن و دڵیان بۆ بە غدادی هاوبیر و بن لادنی گۆڕبەگۆڕ لێدەدات. ئەوان ئەجێندای نەیار و پڕۆژەی تەعریب و جاشی بیری عرووبە و جێبەجێکاری پیلانی عەرەبی شۆڤینین. ئەوان شەڕی به وەکالەت و خۆ تڕێن بۆ بەرنامە و ئیدەلۆژیا و کلتور و شتێگەلێک دەکەن، کە نەهیچ پەیوەندی بە کوردەوە هەیه و نە هی کوردیشە.
-ئاخر ئەوە لوتكەی داعش بوونە:
تۆ باوەڕت بە فرەیی( پلورالیەتی) ئایینی، سیاسی و كۆمەڵایەتی نەبێت و خۆت و ئایین و ڕوانینەكانت لە خەڵك بكەیت بە حەقیقەتی ڕەها و یەقینی سەرو گومان و كابەی هەموان و ، خەڵكی ناچاربكەیت، كە دەبێت هەموان بە پێیەكانی تۆ هەنگاو بنێن و بە ئەقڵییەتی تۆ بیربكەنەوە و بە گوێچكەكانی تۆ ببیستن و بە چاوەكانی تۆ ببینن !
كاكە خۆ بە زۆر نییە من نوێژ ناكەم و نایەمە مزگەوت و باوەڕم بەو بیر و باوەڕەی تۆ نییە.
تێناگەم ئەو وڵاتە بۆ وای لێ بەسەرهاتووە و شتەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی ئیخوانیانە و ئاقارێکی خراپ‌ و نەرێنی و ناسروشتیدا دەڕۆن !
باپیرە گیان: من هەست دەکەم ئەو پێکەوە ژیان و لێبوردەیی و ئاشتیە کۆمەڵایەتییە جوانەی کوردستان لە ژێر هەڕەشەدایه و ئەمرۆ یان سبەی گەر نێینەوە هۆش، من و تۆ و هەر ڕۆشنبیر و تاکێکی لیبڕاڵ و سیکۆلار و کۆمەڵی کراوە، هەمووان باجەکەی زۆر بە قورسی دەدەین.
وەکو مەریوان وریا قانع دەڵێت:
ئەوەی چاوی ھەبێت و ببینێت دەزانێت نەوەیەک لە داعشی نووستو لە کوردستاندا ھەیە، ئەم نەوەیە ھەرجارە و لە شوێنێکەوە شتێک لە عەقڵیەت و ئاکار و ڕوانینی ترسناکی خۆیان بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا و پەیوەندییە ئینسانییەکان، نیشان ئەدەن.
لە ئایندەدا نموونەی ئەم جۆرە دیندارانە زیاتر و زیاتر دەبینین، ھیوادارم نەگاتە ئەوەی بە شمشێرەوە بەسەر شەقمەکاندا بڕۆن و کێیان بە بێدین زانی سەری ببڕن!
ڕۆڵەکەم:
وەکو ڕەوانشاد(سەیدقومەنی)بیرمەندی میسری هاواری دەکرد و دەیگوت: ئەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵات، ئێمە لە میسر زۆر دەرفەتمان بە ئیخوانیزمدا و زۆر موجامەلەمان کردن، ئێستا وا باجەکەی دەدەین، تکایه ئێوە وامەکەن و مەجالیان نەدەن.
تا وڵاتمان لە تۆی داعشگەرێتی سەلامەت بێت و نەوەیەکی شارستانی و بیرکراوە و هێمنی نا ئیخوانی و نا سەلەفیگەرا دروست بێت.
نەوەیەک باوەڕی بە پێکەوەژیان بێت، ڕاسێزم و توندئاژۆ و دەمارگیر نەبێت، ڕقی لە ئێزدی و کاکەیی و زەردەشتی و مەسیحیەکان نەبێتەوە لەبەر ئەوەین ئایینیان جیاوازه، نەوەیەک بە عەلمانیەت نەڵێ کفر و دیموکراسیەت بە پیلانی خۆرئاوا دانەنێت، نەوەک چیتر ژن نەکوژێت و کلتوری عەرەب بەناوی ئایینیەوە دەرخواردی میلەتی کورد نەدات،نەوەک زانستی خۆش بوێت و ڕێزی مرۆڤایەتی بگرێت و لیبڕاڵانە بیربکاتەوە و باوەڕی بە پلورالیەت و تولەرانس و ژیان دۆستی هەبێت و وشەی کفر لە فەرهەنگی خۆی فڕێ بدات و کوشتنی مرۆڤ لە ژێر هەر ناوێک و بە هەر پاساوێک بێت، پڕۆتستۆ بکات و ڕەتیبکاتەوە.
بەداخەوە ڕۆڵەکەم، منیش هەستم بەوە کردووە.