بەشی(٣٦) 

ئیمپڕاتۆڕییەتی ئاغا

بەهار، لێره ئاغاکان هەموو شتێکیان دەست بەسەرداگرتووە و خوێنی وەرزێر و کرێکارەکان دەمژن.

جەنەڕاڵ ئاغا، تێز ئاغا، ئەنتی تێز ئاغا، سەنتێز ئاغا.

کۆجیتۆی ئاغا،

من ئاغام، کەواتا من هەم.

دیالیکتیکی مێژوویی ئاغا، سوپەرمان ئاغا، کۆماری ئاغا، دۆزەخی ئاغا، گورانی بێژ و زوڕناژەنانی ئاغا، کوڕی ئاغا، ئایین و مەزهەبی ئاغا، بتەکانی ئاغا، هێڵ و بڤەکانی ئاغا،  توڕەبوونی ئاغا، خەنجەری ئاغا، ڕێزگرتن لە ئاغا، پیاوی ئایینی و کاهینانی ئاغا، حزبی ئاغا، ئنتیمای ئاغا، سێبەری ئاغا، حیکمەتەکانی ئاغا، قامچی ئاغا، زەوی و زاری ئاغا، خزمەتکاری ئاغا، ڕاویژکار و ڕیشسپیانی ئاغا، بڕیارەکانی دیوەخانی ئاغا، قانوون و دەستوووری ئاغا، خواردنە تایبەتەکانی ئاغا، میزاج و حەز و سەلیقەی ئاغا، ئەتەکێتی سەردانی کردنی ئاغا، وەستان لە حزووری جەنابی ئاغا، خۆ چەماندنەوە بۆ ئاغا.

ئاغا وەها گوت. من گوێڕایەڵی ئاغام، کەواتە من هەم.

ئیزا قال ئەلئاغا، قالە ئەلشەعب.

ئاغا حەڵاڵی کرد،  ئاغا حەرامی کرد، ئاغا جەنگی جاڕدا، ئاغا چەمکی ئاشتی گا، ئاغا بەچی گوت چاکە، چاک، و بە چیشی گوت: خراپ، خراپە.

گەورەم ئاغا، فرمانتە ئاغام،  زۆر بەڕێز ئاغا، لە خزمەتی ئاغا، ئەزبەنی ئاغا، زمانحاڵی ئاغا، مەعسومە و هەڵە ناکات، بژی ئاغام، ئادابەکانی ئاغا، سمێڵی ئاغا، میزاجی ئاغا،  مەرگ بۆ نەیارانی ئاغا، هەموو شت هەر ئاغا، ئەتەکێتی چوونە زیارەتی ئاغا، هونەری خۆچەماندنەوە بۆ جەنابی ئاغا، دوا بڕیاری ئاغا، شەریعەت و نەریت و مۆڕاڵی ئاغا، ئایەتەکانی ئاغا، جامانەی ئاغا، دیوەخانی ئاغا، چاودێری سیاسی ئاغا، کۆمەڵناسی ئاغا، پەروەردە و عەقیدەی ئاغا، فەلسەفەی ئاغا ناسی،  جەنگ و داستان و قارەمانییەتەکانی ئاغا، ئایدیۆلۆژیا و تیۆرەکانی ئاغا، دەروێش و کۆیلەکانی ئاغا، دەرەبەگەکانی ئاغا، باجەکانی ئاغا.

فەلسەفەی ئاغایەتی، مێژووی ئاغایەتی، ئاغا نوێژدەکات، ئاغا لە زیاترەتی حەجە، ئاغا دەست بەسەری هەژاران دا دێنێت، ئاغا قوربانی دەکات، ئاغا ژن دەکوژێت، ئاغا ئەمشەو چووە باخەڵی فلان ژنە و دوێنێش ژنێکیتری بە پیاوەکەی تەڵاقدا و لەخۆی مارەبڕی، ئاغا بە جلی کوردی، ئاغا به قات و ڕیباتی ئەفەندییێتی.

ئیمپڕاتۆڕیەتی ئاغا.

هەی ئاغا و ئاغا و ئاغا.