
ڕۆژ هەڵەبجەیی
باران تەریقەتی هەموومانە..
گەر لێمان دوور بێ،
کێڵگە بە دارشەقەوە داهۆڵ دەڕوێنێ،
ئێوارە بە مەلوولییەوە پاشەکشە دەکا،
پەڕەسێلکە دەچێتەوە سەر چڵی تێڕامان،
کۆچەر بێ یان نیشتەجێ !
* * *
تەریقەت هەرگیز نافڕێ،
لە باڵی کۆترێکی کاغەزی ،
دڵی عەبەسێک لەوپەڕی سۆفیگەری ،
خولیای خەیاڵێک لەو دیو باخچەیەکی باغەیی،
مەرحەبای مەتارەیەک لەم دیو جۆگەلەیەکی دوودڵی!
* * *
بەیانییەک تاڵان مەکەن ، کە ڕووی لە تەریقەتە ،
چونکە سپێدە لە گەرووی کەڵەشێردا پیادە و
چریکەی کەناری لە گەڵای گزنگدا پیاسە و
چەهچەهەی بولبولیش لە گوڵزاری گوڵا شکۆفە !