
یانەی ئەهلی جەددەی سعودی لە ڕاگەیندراوێكدا ئاشكرایكرد، بۆ سێ وەرز گرێبەستی لەگەڵ ڕۆبێرتۆ فێرمینۆی بەڕازیلی هێرشبەری پێشووی یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی ئەنجامداوە.
فێرمینیۆ، كە كۆتایی وەرزی ڕابردوو لیڤەرپوڵی بەجێهێشت دوای كۆتایی هاتنی گرێبەستەكەی، لە شاری دوبەی ئیمارات پشكنینی پزیشكی بۆ ئەهلی ئەنجامداوە.
ئەهلی سەرەتا بە بڵاوكردنەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی گرێبەستەكەی فێرمینۆی ڕاگەیاند، كە هێرشبەرە بەڕازیلیەكە لە ڤیدیۆكەدا دەڵێت "من هەمیشە یاری بۆ یانە گەورەكان دەكەم، ئێستاش لە ئەهلیم".
فێرمینۆ هاوینی 2015 لە یانەی هۆفینهایمی ئەڵمانییەوە بەرامبەر 41 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە لیڤەرپوڵەوە كرد و لە ماوەی هەشت وەرزدا لەگەڵ ڕیدز 111 گۆڵ و 79 ئەسیستی لە 362 یاریدا تۆماركرد.
فێرمینۆی 31 ساڵ، كە حەوت نازناوی لەگەڵ لیڤەرپوڵ بەدەستهێناوە، لە وەرزی ڕابردوودا بەشداری 35 یاری كرد لە سەرجەم پاڵەوانێتییەكان و 13 گۆڵ و پێنج ئەسیستی تۆماركرد.