
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، لە كانونی دووەمی ڕابردوودا پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودیەوە كرد بە موچەیەكی پێوانەیی، كە 400 ملیۆن یۆرۆیە لە دوو وەرزدا.
تۆڕی سكای سپۆرت، كە لە ڕۆژنامەی ناسیۆناڵی ئیسپانی وەرگرتووە بڵاویكردەوە، كریستیانۆ ئارەزوو دەكات یانە سعودیەكە بەجێبهێڵێت، دوای تەنیا چوار مانگ لە پەیوەندیكردن بەو یانەیەوە.
ڕۆناڵدۆ بە باشترین كاتەكانیدا تێناپەڕێت لە نەسڕدا، دوای ئەوەی هەلی بردنەوەی نازناوی جامی سوپەر و جامی شای سعودیەی لەدەستدا و ئێستاش لە لەدەستدانی نازناوی خولی ڕۆشنی سعودی نزیكە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی ئامادەیە كریستیانۆ بكات بە باڵیۆزی یانەكەی، كە بۆ ماوەی نۆ وەرز یاری بۆ كردووە و یەكێكە لە ئەفسانە مێژوویەكانی یانە مەدریدیەكە.
باسی لەوەشكردووە، ڕیاڵ مەدرید مامەڵەی ڕۆناڵدۆی وەك یاریزانی تۆپی پێ داخستووە، بەڵام بەدووری نازانێت سود لە تواناكانی وەربگرێت لە ڕۆڵێكی تردا.