ئەو قسانەی كیلیان ئێمباپێ، لە دوایین هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ كردوویەتی، خاوەنە قەتەرییەكانی یانەی پاریس سانجێرمانی تووڕە كردووە و پێیانوایە ئەوە بێ رێزییە بەرامبەر یانەكەی و هەمووان دەیكات.

 كیلیان ئێمباپێ، بە گۆڤارە فەرەنسییە بەنێوبانگەكەی گوت "نازانم پاریس پێویستی بە چییە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، نابێ ئەو پرسیارە لە من بكرێت. سانجێرمان تیپێكی دابەش بووە، یانەكەش دابەش بووە، یاریكردن بۆی زۆر هاوكارییم ناكات".

 ئەو زیاتر گوتی "بۆچی پاریس چامپیۆنزلیگ ناباتەوە؟ دەبێ لەوانە بپرسن كە تیپەكە هەڵدەبژێرن و لیستی یانەكە رێكدەخەن. ئەوانەی گرووپەكە دروستدەكەن، من تەنیا هەوڵدەدەم باشترین توانای خۆم پێشكێش بكەم".

 میدیاكانی فەرەنسا ئاشكرایانكرد، كە ئەم قسانەی كیلیان خاوەنە قەتەرییەكانی یانە پاریسییەكەی زۆر تووڕە كردووە و دەڵێن "ناسر خلێفی، سەرۆكی یانەكە لە وەڵامیدا گوتوویەتی، ئەگەر ئێمباپێ بەو شێوەیە بیردەكاتەوە، ئەی بۆ ئێستا ناڕوات؟!".

 ئەو سەرچاوانە دەشڵێن "ناسر خلێفی، بەهۆی دوایین هەڤپەیڤینی كیلیان ئێمباپێ تووشی شۆكێكی گەورە بووە، ئەو پێیوایە كیلیان بێ رێزی بەرامبەر هەموو یاریزانانی ئێستا، نوێیەكان، راهێنەری نوێ و هەموو هاندەرانی پاریس سانجێرمان كردووە".

هەروەها زیاتر دەڵێن "قەتەر زۆر تووڕەیە لەو قسانەی كیلیان ئێمباپێ لە دوایین هەڤپەیڤینیدا كردوویەتی، خاوەنانی پاریس سانجێرمان پێیانوایە ئەو هیچ رێزێكی بۆ یانەكەی نیشان نەداوە".

ئەستێرەی فەرەنسی، لە هەپڤەیڤینەكەی فرانس فوتبۆڵدا، زیاتر گوتوویەتی "من كەسێكی ركابەریم، لە هەر كوێ بم بردنەوەم دەوێت، بەلامەوە گرنگ نییە لە كوێ یارییدەكەم و كام درێس لەبەردەكەم، گرنگ سەركەوتنە. هەرگیز تێرنابم، چامپیۆنزلیگم دەوێت. ئێستا لە پشوودام، چێژ وەردەگرم، وزە بەدەستدەهێنمەوە و بە برسێتییەوە دەگەڕێمەوە".