
ڕۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی بڵاویكردەوە، یانەی چێڵسی ئینگلیزی گرنگییەكی زۆر بە ئۆریلین چوامینی فەڕەنسی یاریزانی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی دەدات و دەیەوێت لەم هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵدا بكەن.
سپۆرت ئاماژەی بەوەكردووە، بلوز ئۆفەرێكی 60 ملیۆن یۆرۆیی پێشكەشی یانە مەدریدیەكە كرد بۆ گواستنەوەی چوامینی، بەڵام ڕەتكرایەوە، لە ئێستاشدا چێڵسی نیازی هەیە بڕی ئۆفەرەكە بۆ 80 ملیۆن یۆرۆ زیادبكات، كە ئەمەش بڕێكی گەورەیە و وا لە ڕیاڵ مەدرید دەكات بیر لێبكاتەوە.
چوامینی لە وەرزی ڕابردوودا نەیتوانی خۆی لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكەیدا ببینێتەوە، لەبەرئەوەی كارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەكە پشتی بە تۆنی كروس و لۆكا مۆدریچ و ڤێدریكۆ ڤاڵڤێردی و ئیدواردۆ كاماڤینگا دەبەست لە هێڵی ناوەڕاستی تیپەكەیدا.
چوامینی 23 ساڵ هاوینی 2022 لە مۆناكۆوە بەرامبەر 80 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ڕیاڵ مەدریدەوە كرد و لە دوو هەزار و 840 خولەك یاریكردندا تەنیا چوار ئەسیستی تۆماركردووە.