هۆشیاری عەبدولعەزیز

یەکێک لە کوشندەترین ئەو دیاردە و ڕووداوانەی کە دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی سیستمە تۆتالیتار و فاشیستییەکان بێدەنگی خەڵک و لاوازی جوڵەی ئۆپۆزسوێنە لە کایەی سیاسی و ئابوریدا، چونکە دەسەڵات بەپشتبەستن بە میکانیزمەکانی چەسپاندنی سوڵتەی سیاسی ، هەمیشە لە دووی داھێنانێکی نوێ دەگەڕێ کە وەک خەسڵەتی کپکردنەوە ببێتە مایەی جۆرێک لە بێدەنگکردن و خەفەکردنی دەنگە جیاواز و ناڕازیەکان و هەرجۆرە هەنگاوێک کە مەترسی بخاتە سەر دەسەڵات ، دەسبردن بۆ ئەم بابەتە لەو کاتەدا سەرهەڵدەدات کە دەسەڵات خۆی لە بۆتەی ئیحتکارکردنی سوڵتەو سێکتەرە گرنگەکانی حوکمڕانیدا دەبینێتەوە و هەوڵدەدات لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وەهمێکەوە ستراتیژی ڕاگەیاندنی سیاسی خۆی بەهێزبکات ، بەهێزکردنی سەرەنیزەی ئەو ستراتیژەش لە کۆمەڵگا تازە گەشەکردوو ڕۆژهەڵاتیەکاندا بریتییە لە بەردەوام دووبارەکردنەوەی درۆی سیاسی و نیشتمانی ، چونکە لەم کۆمەڵگایانەدا تاک خاوەنی وشیاریەکی لاوازی کۆمەڵایەتیەو پرسی دیموکراسی و ئازادیە گشتیەکانیش پرسێکی چەپێنراوی حزبی و خێڵەکیەو ئەوەندەی بڕوا بەمیتۆدی فریودان و چەواشەکاری سەرکردەیەکی حزبی خێڵەکی دەکرێ چارەکی ئەوە بڕوا بەپێشکەوتن و هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا ناکرێ و وەهمە دروستکراوە درۆینەکە دەبێتە ڕاستی و  خەڵک پەلکێشی جۆرێک لە چەواشەکاری بەبەرنامەدەکرێ

تەرجەمەکردنی ئەم مەسەلەیەش بۆ کایەی سیاسی کورردی و ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتیە خۆشباوەڕەی کۆمەڵگای کوردی بابەتێکی  هێندە قورس و سەنگین نیە و ساڵانێکی درێژە ڕاگەیاندنی ئەحزابی دەسڵاتداری کوردستان لەڕێگەی کەناڵەکانی میدیا و سۆشیال میدیای حزب و سێبەرەکانیەوە گەشە بەم ڕەگەزە فاشیستییە مەترسیدارە دەده‌ن و دەیانەوێت وەک هێزی بێ ڕەکابەر درۆ و چەواشەکاریە وەهمیەکانیان بەنرخ و بەهای ڕاستیی بفرۆشنە کۆمەڵگا و ، لەبەرانبەریشدا زۆر بوێرانە و بێگوێدانە هیچ بەهایەکی ئەخلاقی و سیاسی لەڕێگەی دەزگاو دامەزراوە حزبی و حکومی و میدیایەکانیانەوە ھەموو ھێزی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ ناشرینکردن و تەخوینکردنی دەنگ و ڕەنگی نەیار و ڕەخنەگرانی دەسەڵات لەبەردەم ڕای گشتیدا و بەهەموو شێوەیەک کار لەسەر شکاندن و کپکردنەوەی ھەموو ئەو ھێز و گروپ و ڕەوتە ناڕەزایە جەماوەریانە دەکەن  کە دەیانەوێ ڕێ لەهەر هەنگاوێکی مەترسیداری فاشستیانە بگرن کە دەسەڵات دەیەوێ لە ڕێگەی درۆ و چەواشەکاریەوە بیچەسپێنێ

ئەم کپکردن و بێدەنگکردنەش بەدیوێکدا سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەحزابی حوکمڕانی کوردستان خۆیان بەبەرپرسیاری ڕاستەقینەی کۆمەڵگای کوردی و خواست‌و چاوەڕوانییەکانی خەڵک نازانن و بە دیوەکەی تریشدا زۆر بێباکانە هێڵە گشتییەکانی پرسی نەتەوەی و مەسەلە چارەنووسازەکانی کوردیان ژێرپێ خستوە و جگە لە پاراستنی بەرژەوەندیە حزبی و کەسیەکانیان هیچیتریان بلاوە گرنگ نیەو پێچەوانەش کۆمەڵگای کوردی وەک موڵکی شەخسی خۆیان و خەڵکەکەشی وەک رەعیەتێکی نەزان‌و بێئاگا دەبینن و مەسەلەی نەتەوەی و نیشتمانیەکەش هیچ نرخ و بەهایەکی نەماوە و کۆمەڵگاشیان لە هەموو حاڵەتێکی ئینسانبوون  داماڵیوە و وایانکردوە بێدەنگی وەک پەتایەکی کوشندە باڵ بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا بکێشێ و کەس فزەی لێ نەیەت و توشی جۆرێک لە خۆدزینەوەیان بکات لە ئاست ئەو هەموو نادادیەی کە ئەحزابی دەسەڵاتدار بەرانبەر خودی خەڵک ئەنجامی دەدات

بەکورتی ڕەهەندە مەترسیدارەکانی پشت ئەم بێدەنگی و خەمساردیەی خەڵکیش لە ئاست پێشێلکاریە زەقەکانی دەسەڵات  و  بێبەهاکردنی کەرامەتی ئینسانی کورد ، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە نەبوونی  هێزێکی ئۆپۆزسوێنی کارامەوە هەیە کە لەم قۆناغ و هەڵومەرجە دژوارەی کۆمەڵگادا بوونی نیەو ئەوەشی هەیە ناڕاستەوخۆ بەشدارە لەو پرۆسەی بێدەنگکردنە و نەیتوانیوە ڕووی ڕاستەقینەی خۆی لەو بابەتەدا بخاتە ڕوو ببێتە چاوساغی ڕاستەقینە و بەهێز و ئیرادەی خەڵکەوە (بتە) ‌مەترسیدارەکانی سوڵتەی سیاسی بڕۆخێنێ  کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ  زیاتر گرێی ملی هاولاتیان توندتر دەکات و بێباکە لەو  کووشتنە بێدەنگەی کۆمەڵگا کە زۆرینە بەدەستێوە دەناڵێنێ

وتاری نووسەران