
هۆشیاری عەبدولعەزیز
توندوتیژیی ڕەمزی یەکێکە لە وردترین و مەترسیدارترین جۆرەکانی چەوساندنەوە، چونکە بە پێچەوانەی توندوتیژیی جەستەیی، بە شێوەیەکی "نەبینراو" و لە ڕێگەی زمان، کلتور و هێماکانەوە کار دەکات و پڕە لە کۆد و نەخشەی جیاجیای مەترسیدار و هێزی دەسەڵاتدار وەک پرۆسەیەکی شاراوە وا لە ژێردەستەکان دەکات بەبێ زۆرەملێ، هەژموون و نایەکسانییەکانی دەسەڵات وەک کارێکی "سروشتی و شەرعی" و بێ سڵمینەوە لە ناوەخنی مەترسیەکانی و بێ تێگەیشتن لە کاریگەریە نەرێنیەکانی قبوڵ بکەن .
لە ڕاستیدا، توندوتیژی ڕەمزی جۆرە توندوتیژیەکی "نەرمە" و لە ناو جومگەکانی خێزان، قوتابخانە و میدیادا دەشارێتەوە و پێش جەستە
کار لەسەر داگیرکردنی ئەقڵ و ویژدان دەکات و دەبێتە جۆرە خۆرکە و مشەخۆرێکی ناوەکی و لە هاوکێشەی ڕەوتی جەنجاڵیەکانی ژیاندا ڕەنگدەداتەوە. مەترسی ئەم جۆرە پرۆسەیە لەوەدایە کە قوربانییەکان بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەن، دەبنە بەشێک لە بەرهەمهێنانەوەی ئەو ستەمەی کە لێیان دەکرێت. بەمەش دەسەڵات دەتوانێت بە کەمترین تێچوو، گەورەترین کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەسەر تاکەکاندا بسەپێنێت و بەپێی مەزاج و تێڕوانینی سیاسی خۆی ئاراستەی کۆمەڵگە بگۆڕێ.
چەمکی "توندوتیژیی ڕەمزی تەنیا تیۆرێکی سۆسیۆلۆژی ناهاوسەنگ نییە بۆ شرۆڤەکردنی کۆمەڵگە تەقلیدییەکان، بەڵکو کلیلێکی جەوهەرییە بۆ تێگەیشتن لەو میکانیزمە ئاڵۆزانەی کە دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە عێراق و کوردستاندا، پێگەی خۆی پێ بەهێز دەکات. لەم جوگرافیا سیاسییەدا، توندوتیژیی ڕەمزی وەک ئامرازێکی "نەرم" بەڵام "بکوژ" کار دەکات بۆ ڕەوایەتیدان بە سیستەمی حوکمڕانی و گۆڕینی هەژموونی حیزبی و خێڵەکی بۆ "عورفێکی کۆمەڵایەتی" کە تاکەکان بەبێ ناچارکردنی جەستەیی، ملی بۆ دەدەن. لێرەدا، دەسەڵات تەنیا لە ڕێگەی توندوتیژی ڕاستەوخۆ و داپڵۆسینەوە قسە ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی زمان، میدیا، و پەروەردەوە، جۆرە "هۆشیارییەکی ساختە و چەواشەکار" بەرهەم دەهێنێت کە تێیدا قوربانی دەبێتە هاوکاری بکوژەکەی لە بەرهەمهێنانەوەی ستەمدا.
کاتێک لە دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ورد دەبینەوە، دەبینین توندوتیژیی ڕەمزی لە قووڵترین لایەنەکانیدا بەرجەستە بووە. دەسەڵاتە ستەمکار و پۆپیولیستەکان لەم ناوچەیەدا، ڕەمزە کلتوری و ئایینی و نەتەوەییەکانیان قۆرخ کردووە بۆ ئەوەی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک وەک "خیانەت" یان "لادان" وێنا بکەن و دواجار خۆیان ببنە خاوەنی ڕەهایی مێژوو و شوناس و هەر ڕەخنەیەکیش لە دەسەڵات وەک هێرش بۆ سەر پیرۆزییەکان پێناسە بکەنەوە.
لە هەرێمی کوردستانیشدا، ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی سەمەرە ئامادەیی هەیە و بەردەوام دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان توانیویەتی مێژووی خەبات و قوربانییەکانی گەل تێکەڵی بەرژەوەندییە تەسکە سیاسییەکانی خۆی بکات، بە جۆرێک کە هاووڵاتی تووشی جۆرێک لە "ئیفلیجیی ڕەخنەیی" بێت. کاتێک میدیا و پەروەردە وای وێنا دەکەن کە بەبێ ئەم ستراکتۆرە سیاسییەی ئێستا، ناسنامەی نەتەوەیی لەناو دەچێت، ئەوا توندوتیژییەکی ڕەمزیی گەورە پیادە دەکرێت. ئەمە وای کردووە کە نایەکسانییەکی گەورەی چینایەتی و سیاسی دروست بێت، بەڵام قوربانییەکان (کە زۆرینەی خەڵکن) بەهۆی ئەو گوتارە مەترسیدارەوە، بەجۆرێک لەجۆرەکان دانن بەم واقیعەدا دەنێن و دەبنە نێچیری ئەو چەواشەکاریە ساختەیەی کە دەسەڵاتی سیاسی وەک توخمی خۆپارێزی لە کایەی گشتیدا دەیچەسپێنێ و بەردەوامیش لە هەوڵی ئەوەدایە دڵسۆزی بۆ نیشتمان" لەگەڵ "ملکەچی بۆ سیستم" وەک یەک وێنا بکات تا لەو ژینگە سیاسی و ئابووریدا ڕۆڵ و کاریگەری خۆی هەبێ وەک خاوەن سەرمایەیەكی گەورە.
بۆ زیاتر قوڵکردنەوەی ئەم تێگەیشتنە و فشۆڵکردنەوەی حەقیقەت و شێواندنی ڕەهەندەکانی پشت توندووتیژیە ڕەمزیکەش ئەحزابی دەسەڵاتدار لە کوردستان کار لەسەر دەستەمۆکردنی کۆمەڵگە و ڕامکردنی دەکات. وەک ئەوەی ئێستا لە سیستمی پەروەردە و زانکۆکانندا دەبینرێت، ئێستا لەبری بەرهەمهێنان و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی پشتئەستور بەهزری ڕەخنەیی پێشکەوتووخواز ، بوونەتە کارگەی بەرهەمهێنانەوەی "مرۆڤی پیتێنراوبە توندووتیژی ڕەمزی". ئەو خوێندکارەی کە دەبینێت زانست و لێهاتووییەکەی لە بەرانبەر "ئینتیمای حیزبی" و "سەرمایەی کۆمەڵایەتیی خێڵەکی"دا بێبایەخە، تووشی دۆخێک دەبێت کە بڕوای بەهیچ دەرئەنجامێکی زانستی و لێهاتووی خۆی نامێنێ و ناچار دەبێت "یاساکانی یارییەکە" قبوڵ بکات بۆ ئەوەی بژی. ئەم قبوڵکردنە، لووتکەی توندوتیژیی ڕەمزییە، چونکە تێیدا مرۆڤەکە بڕوا بەوە دەهێنێت کە نادادییەکە "قەدەر"ە یان "سروشتییە". ئەمە ئەو "تۆڕە سحراوییە"یە کە دەسەڵات دەیچنێت؛ وای نیشان دەدات کە پلەوپایە و سەروەت و سامان تەنیا بۆ ئەوانەیە کە "شایستەن" یان "خاوەن خەباتن"، لە کاتێکدا ئەوە تەنیا دەرەنجامی دابەشکارییەکی نادادپەروەرانەی هێزی سیاسی دەسەڵاتدارە و هیچیتر.
لەگەڵ ئەوەشدا زمانی سیاسی لەم ناوچەیەدا پڕە لە ئیهانەکردن و داشۆرینی تاک و هەوڵدەدات لەو ڕێگایەوە چەواشەکاری بەرهەمبێنێ بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندیە قەبەکانی خۆیان ، لە بەرامبەریشدا. هیچ مەنفەزێک نەماوەتەوە بۆ خەڵک تا لە ڕێگەیەوە وێنای جیهانێکی گونجاوتربکات بە ژیان و دادپەروەری. ئەمەش مەترسیدارترین جۆری داگیرکارییە، چونکە داگیرکردنی ئەقڵ و ویژدانە پێش ئەوەی داگیرکردنی خاک بێت