
بەشی شەشەم و كۆتایی
هۆشیاری عەبدولعەزیز
یەكێك لە مەترسییە هەرە گەورەكانی شێواندنی كۆمەڵگە و تێكدانی پایەكانی كلتووری كۆمەڵایەتی و ئاراستەی پێشكەوتن و سەرخستنی دید و تێڕوانینی كۆمەڵگەی مەدەنی تێكدانی پەروەردەیە، لەوەش مەترسیدارتر تێكدانێكی پرۆسێسكراوە كە دەسەڵات ڕاستەوخۆ و بەئەنقەست كاری لەسەربكات، واتا دەسەڵات خۆی بەرپرسیاربێت لە شێواندنی كۆمەڵگە، كە ئەمەش ڕوویدا ئەوە كۆمەڵگە بەرەو داڕمان و كاولبوونی زیاتر دەڕوات و هیچ پلانێك نامێنێ بۆ چاككردن و ڕێكخستنەوەی دۆخی گشتی، وەك ئەوەی كە ئێستا لە كوردستان ڕوودەدات.
ئەم دۆخە وایكردووە هەر بەرپرس و بزنسمانێكی سیاسی دەسەڵاتدار لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی و حزبەكەیدا مامەڵە بە ژیانی خەڵكەوە دەكات و جگە لە هەوڵی خۆدەوڵەمەندكردن و خەستكردنەوەی دیاردەی گەندەڵی و تاڵانی و دزی و فزی و قاچاخچێتی و هاوردەكردنی خۆراك و داودەرمانی ئێكسپایەر هیچیتریان نەكردووە، لەولاشەوە نۆرینگە و نەخۆشخانە ئەهلییەكان، كە هی مافیاكانی حزب و بنەماڵە سیاسییەكانن، هێندەی تر بوونەتە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵك و كۆمەڵگە و تادێت وێرانتری دەكەن.
چەواشەكردنی كۆمەڵگە و تێنەگەیشتن لە راستییەكان و بڵاوكردنەوەی كلتووری روخان و بێهیوایی و شكاندنی كەسایەتی تاكی كورد لە رێگای روخانی ورە و نەمانی هیوا و ئومێدی تاكەكانی كۆمەڵگە بە دیموكراسی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات و پێشكەوتنی پرسی بەمەدەنیبوون و دامەزراندنی حكومەتی دامەزراوەیی و بەیاساییكردنی شێوازی بەڕێوەبردن و دروستكردنی گرێی دەروونی و بوغز و كینە لە كەسایەتی تاكدا لە رێگای سەپاندنی دەسەڵات و سەركوتكردنی رای بەرامبەر و نەخوێندنەوەی لایەنەكانی تر، گوێنەگرتن لە ناڕەزایەتییەكان و پەراوێزخستنی ماف و داخوازییە ڕەواكانی خەڵك و توندكردنەوەی ئامرازەكانی توندوتیژی و بەكارهێنانی زەبروزەنگ، دروستبوونی پەیوەندی كەسی و پێكهێنانی باند و گرووپی گەندەڵكاری و بەرزبوونەوەی ئاستی گەندەڵی لە ئەنجامی سوودوەرگرتنیان لەو رەوشەی كە تێیدا گەشەدەكەن وایكردووە ئێستا و ئایندەی كۆمەڵگەی كوردی و پێكهاتەكانی بەتەواوەتی شێواندووە، شێواندنی كۆمەڵگەش لە هەموو قۆناغێكدا تەنها لە ئاستێكدا ناوەستێ و دەبێتە مایەی بەرهەمهێنانی دۆڕانێكی بەكۆمەڵی بەها و پایە گرنگەكانی تاكەكان و سەرجەم جوانییەكانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و لێكترازانێكی پێشوەختی ریزبەندی و هارمۆنییەتی ناو كۆمەڵگە.
بەداخەوە ئەوەی ئێستا لەم هەرێمە پیادەدەكرێت دوورە لە هەموو ئەو یاسایانەی كە بۆ ڕێكخستنی ژیانی كۆمەڵگە و پاراستنی مافی تاك دانراون. هیچ یاسایەك وەك خۆی جێبەجێناكرێت و بووەتە بابەتی حزب و دەسەڵات و ئەوەی دەسەڵاتبەدەست و خاوەن نفوزی خێڵگەری و سەربازی و دارایی دەیەوێت جێبەجێدەكرێت و كەچی لە بەرانبەریشدا ناڕەزایەتی و نیگەرانییە ڕەواكانی هاووڵاتییان لە تەواوی پرسە سیاسی و ئابووری وكۆمەڵایەتییەكاندا هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر حكومەت و لایەنە دەسەڵاتدارەكان نەبووە و نەیتوانیوە ئاراستەی ڕەوتی ڕووداواكان لە ئاستی گشتی بگۆڕێ و ببێتە فاكتەرێكی كاریگەر چ لەسەر هێزە ئۆپۆزسێۆنەكان و چ لەسەر ئاستی گشتی كۆمەڵگە و چ لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەكیدا، ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە و ئەو ڕاستییانە دەسەلمێنێ كە ئەوان بێگوێدانە ئەخلاقی سیاسی و پێگەی كۆمەڵایەتییان و وەك دوو هێزی دەسەڵاتداری ستەمكار، پشتئەستوورن بە كۆمەڵێك فاكتەری دەرەكی و ناوخۆیی، كە هاووڵاتی ناتوانێت كاریگەرییان لەسەر دروستبكات و ببێتە ڕێگر لە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە پەروەردەیەی، كە ئەم دەسەڵاتدارانە خەریكن سەودا و مامەڵەی پێوەدەكەن، لە كاتێكدا لە ساڵانی رابردوودا بەچەندین رێگە هەوڵی ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستان دراوە، لەوانە خۆپیشاندان، ناڕەزایەتی، مانگرتن، رێپێوان، پێكهێنان و دامەزراندنی چەندین حزب و رەوتی نوێ، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە بەشێوەیەكی كرداری گۆڕانكاری راستەقینە ئەنجامبدەن، چونكە هێز و پارەی زۆر لای حزبە دەسەڵاتدارەكانە و ئەوەش هۆكارێكی كاریگەرە لەسەر پەرتەوازەیی دەنگی ناڕازیی جەماوەری و دروستنەبوونی ناوەندێكی بەهێز لە دژی هەر جۆرە هەنگاوێك، كە ئەحزابی حوكمڕان گرتوویانەتەبەر و وایانكردووە هیچ ئاسۆیەكی گۆڕانكاری بەدیناكرێت و دیارنییە داهاتووی حوكمڕانیی كورد لە هەرێمی كوردستاندا چۆن دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هاوكێشەكە لەژێر كاریگەریی بوونی دەسەڵاتێكی وابەستەی وڵاتە هەرێمایەتییەكان و ئۆپۆزسیۆنێكی ساختەی پۆپۆلیست، ئاڵۆزتر بووە و لەو نێوانەشدا ئەوەی زیانی گەورەی بەركەوتووە تەنها هاووڵاتییە.
بەكورتی شێواوی و تێكچوونی دۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی گەیشتۆتە ئاستێك، كە ڕەنگە چارەسەركردن و ڕیشەكێشكردنی كەمێك قورس و ناهەمواربێت، چونكە بەشێك لەو تێكچوونە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییانە ڕاستەوخۆ دەسەڵات خۆی دروستیكردووە و مەبەستیش لە دروستكردنی تەنها بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵە و دەسەڵاتە و هۆكارەكان زیاتر خودین و پەیوەستن بە بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە و لەو پێناوەشدا بەردەوام لە هەوڵی تێكدانی شیرازەی گشتیدان و نایانەوێ دۆخێكی ئارام جێگیربێت.
بەگشتی كۆمەڵگەی كوردی لەمەترسیدارترین دۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی شێواودایە و بووەتە ئاشێك نەزان دەیگێڕێ، كەس تاقەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەم شێواوییەی نییە و هەموو خۆی لەئەسڵی رووداو و دیاردە مەترسیدارەكان دەدزێتەوە و دادەماڵراوە لەروحی بەرەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوەی دژوارییەكان و گەیشتۆتە ئاستێك وەك ریمۆند كۆنترۆڵ یاری پێدەكرێ و لە سروشتی خۆیدا بووەتە كۆیلەیەكی دەست و پێ شەتەكدراوی بێئیرادە و هیچ پڕۆژەیەكی گۆڕانكاری پێنییە و نایەوێ بچێتە نێو دیاردەیەكەوە، كە ئەڵتەرناتیڤی حوكمڕانی و ڕێفۆرم تەرحدەكات.
قۆستنەوەی ئەم دیاردەیەش بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم و گۆڕانكاری پەیوەستە بە پەروەردەكردنی تاك و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و دەرخستنی ڕاستییەكانەوە كە وەك پرسیارێك ڕای گشتی بجووڵێنێ و كۆمەڵگە و پایەكانی بخاتەوە سەر سكەی ڕاستەقینەی خۆی.