​سمکۆ سابیر


​بۆ میللەتێکی جینۆسایدکراوی وەک گەلی کوردستان، بەتایبەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، زۆر گرنگە هەمیشە بەدوای سەرچاوەکانی مانەوەی خۆیدا بگەڕێت. بە سادەیی؛ دەکرێ میدیا یەکێک بێت لە سەرچاوەکانی ئەم گەڕانە بۆ مانەوە، بێگومان بە هەموو ئەو ژانرە جیاوازانەی کە لەبەردەستیدان و خاوەندارێتییان لێ دەکات.
​میدیای ئێمە؛ لە کلاسیکەوە بۆ میدیای نوێ، دەکرێ بەشێک بن لەو هەوڵانەی بۆ دروستکردنی شورای مانەوە دەدرێن، لەپاڵ هەموو هەوڵەکانی تری بزاڤی هەر کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوی سەر گۆی زەوی.
​لە سەردەمی میدیای کلاسیکدا، ژانرەکان بە فۆرمێکی سادەوە، هەوڵێکی ڕوون و بێگرێیان هەبوو بۆ مانەوەی ئەم شوناسەی کورد، کاتێک مەترسیی لەناوچوونی لەسەر بوو. داگیرکەر تاکە وێنای بۆ ئەم گەلە سڕینەوەی بوو لەنێو شوناسە جیاوازەکانی دونیادا. لەو سەردەمەدا میدیایەکی تەواو سەرەتایی و سادە هەبوو، بەڵام بۆ پاراستنی شوناس، کولتوور و فاکتەرەکانی تری مانەوە و بەرگریی، قووڵ بوو. بەڵام ئەمڕۆ ڕەوش و بارودۆخەکە تەواو جیاوازن و دەکرێ لە چەندین فۆرم و ژانری جیاوازدا کار بکەن.
​ئەمڕۆ میدیای نوێ ئەرکی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی زۆر ئاسان کردووە؛ ئەگەر تۆ ئەجێندایەکی ڕوون و دیاریکراو و ئامانجێکت هەبێت بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێیت: "ئاگادار بن ڕووداوێکی ناسروشتی لێرە ڕوودەدات و ئێوەش وەک خۆی بیبینن". بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە: تا چەند ئەم خەمخۆرییە لە جێگەی خۆیدا و بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوە چووە؟
​مێژووی جینۆسایدەکان لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا، بەشێکی زۆر گرنگی یادەوەریی نەتەوەیی ئێمەیە و هاوکات بۆ سەرجەم نەتەوەکان و مرۆڤایەتیشە، چونکە ئەنفال و تەواوی دۆسیەکانی تری جینۆساید لە کوردستاندا، تاوانی نێودەوڵەتین و ڕەهەندی یاسایی نێودەوڵەتییان هەیە. ئەنفال وەک مێژوو تەنیا باسکردنی ڕابردوو نییە بۆ ئێمە، بەڵکوو ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ داهاتوو تا هەمان تاوان و جینۆساید دووبارە نەبێتەوە. لەم نێوەندەدا، میدیا ڕۆڵێکی بنچینەیی و بەرچاو دەبینێت لە پاراستن و گواستنەوەی ئەم ڕاستییانەدا. هەروەک لە پرسی پاراستنی بیرەوەری و مێژوودا بەهۆی میدیاوە، بایەخێکی گەورەی دوولایەنە بەرجەستە دەبێت.
​ساڵی ڕابردوو ئەم ئامارەم لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان وەرگرت کە دەڵێت: نزیکەی هەشت هەزار ئەندامی تۆمارکراوی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان هەیە و بە گشتی زیاتر لە هەزار کەناڵی ئەلیکترۆنی ناوی تۆمار کراوە:

​وێب سایتە تۆمارکراوەکان: ١٧٠ - ٢٠٠

​کەناڵی سەتەلایت: ٣٠

​ڕادیۆکان: زیاتر لە ٣٠٠

​کەناڵی ناوخۆیی (لۆکاڵی): زیاتر لە ٢٥٠

​ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی: ٩٢

​ڕۆژنامەی کاغەزی: ١٠٠٠

​کۆی گشتی: ٢٨٧٢ کەناڵ و دامەزراوەی میدیایی.

​ئەوەی سەرنجمان ڕادەکێشێت ئەوەیە؛ کۆمەڵگەیەک کە ژمارەیەکی ئاوای لە ڕۆژنامەنووس و دەزگاکانی میدیا و ڕاگەیاندن لەبەردەستدا بێت، چۆن دەبێ بێئاگایی لە دۆسیەکانی جینۆساید تێیدا بوونی هەبێت؟ چۆن دەکرێ میدیا و ڕۆژنامەنووسان ئاوا بێئاگا بن و وەک خۆی ناو و مێژووی دۆسیەکان نەزانن، بەتایبەتی مێژووی تاوانی ئەنفال کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٩؟
​لە کتێبی "جینۆساید لە عێراقدا؛ پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد"دا، کە لەلایەن ڕێکخراوی (Human Rights Watch) و بە تایبەتی بە هەوڵی توێژەرێکی ناسراوی ئەمریکی بە ناوی (Joost Hiltermann) نووسراوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە مێژووی ئەنفال لە بڕیاری ژمارە ٤٠٠٨ـەوە دەست پێ دەکات، کە لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨٧ بە واژۆی عەلی حەسەن مەجید، سکرتێری نووسینگەی باکووری حزبی بەعس (کە بارەگاکەی لە شاری کەرکووک بوو) ڕاگەیەندراوە. بڕیارەکە دەبوو لە ٢٢ی حوزەیرانی هەمان ساڵ، واتە تەنیا دوای دوو ڕۆژ جێبەجێ بکرێت. ئەم تاوانبارە بەهۆی ئەو بڕیارەوە سەرەتای شەڕی ئەنفال دژ بە کورد دەست پێ دەکات و دەبێت ئەو مێژووە وەک دەستپێکی ئەنفال ئەژمار بکرێت.
​گومانی تێدا نییە کە هەشت شاڵاوەکەی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ دەست پێ دەکەن و لە ١٩٨٨/٩/٦ کۆتایییان دێت، بەڵام بڕیارەکە تا دوای ئەم شاڵاوانەش کاری پێ کراوە و لەسەر دەستی تاوانباری ناوبراو بەردەوام بووە.
​دوای تێپەڕبوونی سی و هەشت ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفال و سی و چوار ساڵ لە دەسەڵاتی خۆماڵیی کوردی، هێشتا ئەم ڕاستییە گرنگ و مێژووییە (بە ئاگایی بێت یان بێئاگایی) گرنگیی پێویستی پێ نەدراوە و مێژووەکە ڕاست نەکراوەتەوە؛ بەتایبەتی لە بوارە زانستییەکەدا کە دەیان و سەدان توێژینەوە بەو شێوەیە نووسراون و بڵاو کراونەتەوە. لە مانگی پێنجی ١٩٩٢دا، نزیکەی چواردە تۆن بەڵگەنامە لەناو ٨٤٧ سندوقدا کە بە زمانی عەرەبی بوون، لەلایەن ڕێکخراوی میدڵ ئیست وۆچ و نووسەری عێراقی کەنعان مەکیە برایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
​دوای هەژدە مانگ کارکردن و پشکنین و دۆکیۆمێنتکردنی بەڵگەنامەکان، کتێبی "جینۆساید لە عێراقدا؛ پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد" بڵاو کرایەوە. لەوێدا نەخشە و ئامانجەکانی بەعس لە ئەنفالدا، لەگەڵ سەدان زانیاری لەبارەی ئەنجامدانی تاوانەکە و ئەو بڕیارانەی لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا درابوون، دەرکەوتن.
​لە نێوان ٢٩ی ئاداری ١٩٨٧ تا ٢٣ی نیسانی ١٩٨٩، دەسەڵاتی عەلی حەسەن مەجید وەک یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی بووە، بۆیە مێژووی تاوانی ئەنفال شایانی ڕاستکردنەوە و بەدۆکیۆمێنتکردنێکی نوێیە بۆ هەموو کارێک، چ زانستی بێت یان هەر کارێکی تری دۆکیۆمێنتاری، هونەری و ئەدەبی. ناکرێ مێژووی قوربانییەکانمان وەک خۆی نەنوسرێتەوە؛ ناکرێ بە ئاگایی یان بێئاگایی، ئەم دۆسیە گرنگە لەسەر دەستی میدیا و بە پاڵپشتیی نوخبەیەکی سیاسی-میدیایی بە ئاراستەیەکی ترسناک پەراوێز بخرێت. بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستییە، بەردەوامیی پەلامار و لەشکرکێشییە بۆ سەر ناوچە ئەنفالکراوەکان. بۆ نموونە پارتیزانەکانی کوردستان، بەتایبەتی گەرمیان، کە لە سێ قۆناغدا (١٩٨٨-١٩٩١) هەڵمەتی دەستگیرکردنیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەردەوام بووە. هاوکات لەسێدارەدانی دڵشاد مەریوانی، مامۆستای زمانی کوردی، بە بیانووی پیتی لاتینییەوە لە دوای کۆتاییهاتنی هەشت شاڵاوەکەی ئەنفال، نیشانەی ئەوەیە کە نائارامی لە کۆی شارەکان و ڕاوەدوونان درێژەی هەبووە؛ هەروەها چەوساندنەوەی خەڵک لە ئۆردوگا زۆرەملێیەکاندا تا دەگاتە گرتن و شوێنبزرکردنی ئەو کەسانەی لە دوای ئەنفال بەرگرییان هەڵبژاردووە.
​ناوچە کوردستانییەکان، بەتایبەتی لە گەرمیان، ڕادەستی هێزەکانی موجاهیدین کران. تەعریب و سڕینەوەی شوناسی ڕاستەقینەی ناوچە کوردییەکان کەوتە مەترسییەکی گەورەوە، کە تا ئێستاش بارودۆخی ناوچە ئەنفالکراوەکان (کە لە ئێستادا بوون بە ناوچە دابڕاوەکان) دووچاری جینۆسایدێکی قووڵ و سەختی کولتووری، ئابووری و سیاسی بووەتەوە و هیچ چارەسەرێکیش، ئەگەرچی بچووکیش بێت، هەستی پێ ناکرێت.
​بۆیە میدیا بەو فۆرمەی ئێستای کارکردنی، نەیتوانیوە وەک خۆی مێژووی ئەنفال بنووسێتەوە و گوزارشتی ڕاستەقینەی لێ بکات. ساڵانە دۆخی زەلیلکردنی کەسوکاری قوربانیانی دووبارە و چەندبارە کردووەتەوە؛ فۆکەسی خستووەتە سەر فرمێسک و پشتکردن لە قارەمانەکان. میدیا نەیتوانیوە سنووری ناوچەگەرێتی تێپەڕێنێت؛ هەروەها لاوازی لەبارەی فەرهەنگی جینۆساید و بەستنەوەی بە مێژوو، هەژاری لە زانیاریی دەربارەی ژمارەی قوربانییەکان، بێسەلیقەیی و بێتوانایی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران، و تێکەڵکردنی دۆسیەکانی جینۆساید لە ڕووی زەمەنەوە، هەمووی ئاماژەن بۆ ئەو لاوازییە. میدیا درکی بە کارلێک و لێکەوتەکانی ئەنفال نەکردووە، وەک ئەو دۆخانەی بەردەوامن لەوانە: سترێس و لایەنی دەروونی، بەتایبەتی لە ئۆردوگاکانی سەردەمی ئەنفالدا کە هێشتا کاریگەرییە نەرێنییەکانیان ماون و نکۆڵییان لێ ناکرێت.

وتاری نووسەران