عەلی دەروێش 


ئەگەر بمانەوێت وەک بوارێکی زانستی و فرەڕەهەند لە ئەنفال، یان جینۆسایدکردنی گەلی کورد بڕوانین، پێویستە چیتر تەنیا وەک ڕووداوێکی مێژوویی سەیری نەکەین. 
بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ئەنفال، یان "ئەنفالناسی" و لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژییەک کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و قووڵی لەسەر تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگەی کوردی بەجێهێشتووە، پێویستە لە چەند ڕەهەندێکەوە لە تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد بەگشتی و تاوانی ئەنفال بەتایبەتی بڕوانین. 
ئەوەی جێگەی پرسیار و لە هەمان کاتیشدا مەترسییە، ئەوەیە کە لەدوای ڕوودانی تاوانێکی وەها گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر هاووڵاتیی سڤیلی کورد، بۆچی هێشتا تێگەیشتنەکان لەمەڕ تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد، هەتا هەنووکە کرچوکاڵ و سەرەتایین؟ 
بێگومان هۆکاری ئەمەیش لە لایەکدا ڕەنگە خوێنساردی بێت، لە لایەکی تریشەوە بێباکییە بەرامبەر بەوەی بەسەر ئەم نەتەوەیەدا هاتووە. ئەمە لە کاتێکدایە، باوەڕ ناکەم لە هیچ گۆشەیەکی ئەم دنیایەدا نەتەوەیەکی تر هەبێت هێندەی ئێمەی کورد خوێنسارد و بێباک بێت بەرامبەر ئەوەی بەسەریدا هاتووە. 
بەداخەوە، ئەوەی ساڵانە لە یادەکانی جینۆسایدی گەلی کورد (ئەنفال)دا لەسەر تێگەیشتنی تاکی کورد تێبینی دەکرێت، نەک هەر دڵخۆشکەر نییە، بەڵکوو زۆریش مایەی داخ و نائومێدییە! 
ئاخر کارەساتە، تاوانێک بەو گەورەییە بەرامبەر میللەتێک بە ناوی کورد، لە جوگرافیایەکی پەرتکراوی بەناو کوردستاندا کە مێژوویەکی درێژی لە ململانێ لەگەڵ داگیرکەراندا بەسەر بردبێت، ئەمە تێگەیشتنی تاکی کورد و دەسەڵاتێک بێت بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان! ئەمە لە کاتێکدایە پێویست بوو تاکی کورد خوێندنەوەی قووڵی بۆ ڕەهەندە مێژوویی، یاسایی، سۆسیۆلۆژی، کولتووری، هونەری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەم تاوانە دڕندانەیەی بەعس بەرامبەر میللەتەکەمان هەبوایە، و لە هەر یەکێک لەم ڕەهەندانەوە گرنگی بە تاوانی جینۆسایدی گەلەکەی بدایە، بەم شێوەیەی خوارەوە: 
لە پاڵ هۆکار و فاکتەرەکانی جینۆسایدی گەلی کورددا، پێویست بوو لە ڕەھەندی مێژوویی و بەڵگەنامەیییەوە تاکی کورد، بایەخی بە کۆکردنەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکانی ڕژێمی پێشووی بەعس، نەخشەی قۆناغەکانی ئەنفال (کە بریتییە لە هەشت قۆناغی کردەیی)، و کات و شوێنی هێرشەکان بدایە؛ بە ئامانجی پاراستنی ڕاستییەکان لە شێواندن و ونبوونی کەیسەکە. 
لە ڕەھەندی یاساییشەوە، بۆ باشتر ناسینی جینۆساید لە جیهان و جینۆسایدی گەلی کورد، کاری لەسەر چوارچێوە یاسایییەکانی ئەم تاوانە بکردایە. ئایا چۆن دەکرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کۆمەڵکوژی بناسێنین و لە پاڵ ئەوەیشدا تاوانی کۆمەڵکوژیی گەلی کورد وەک جینۆساید بناسێنرێت؟ ئەمەیش بە تەنیا بۆ سزادانی تاوانبارانی ئەنفال نەبێت، بەڵکوو بۆ چەسپاندنی مافە یاسایییەکانی گەلی کورد بێت لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا. 
لە ڕەهەندی سۆسیۆلۆژی (کۆمەڵناسی)یەوە، بەو پێیەی شاڵاوی دڕندانەی ئەنفال کۆمەڵگەی کوردیی شێواند، کە لایەنێکی زۆر گرنگە، دەبوو تاکی کورد بە باشی کاری لەسەر بکردایە و وەک خۆی تێبگەیشتایە لە گۆڕانی پێکهاتەی خێزانی، تێکچوونی دیمۆگرافیای گوندەکان، کۆچی زۆرەملێ بۆ ئۆردوگاکان، و کاریگەرییەکان لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی ژیانی لادێ بۆ شارەکان لە دوای شاڵاوەکە. 
لە ڕووی دەروونییەوە، تاکی کورد لە دوای ئەنفال (بە تایبەتی نەوەی یەکەم و ئەوانەی ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی شاڵاوەکەن) تا ڕادەیەک ڕووخاو و گۆشەگیرن؛ بۆیە دەبوو لە ڕەھەندی دەروونیشەوە لێکۆڵینەوە لەو برینە دەروونییە قووڵانە (تراوما) بکرایە کە لای ڕزگاربووان و نەوەکانی دوای ئەنفال دروست بووە؛ بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن ئەو ترس و خەمە گواستراوەتەوە بۆ نەوەی نوێ و چۆن کاریگەریی لەسەر کەسایەتیی تاکی کورد بەجێهێشتووە. 
لە ڕەھەندی کولتووری و ئەدەبییشەوە، ئەنفال وەک بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەیی و یادەوەریی کۆمەڵگەی کوردی، پێویست بوو بە پلان کار لەسەر ڕەنگدانەوەی لە شیعر، ڕۆمان، سینەما و شێوەکاریدا بکرایە. هەروەها وەک هەوڵێکیش بۆ ئەنفالناسی و زیندووهێشتنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو، دەبوو لە پرۆسەی خوێندندا بکرێت بە مەنهەج. 
بۆچی پێویستمان بە ئەنفالناسییە؟
لە سادەترین وەڵامدا: هەمیشە تێگەیشتنی قووڵ، بەرهەمی گەورەی دەبێت. هەموو گەل و نەتەوەیەک پێویستە لە دوای جینۆساید بە خۆیدا بچێتەوە و لە ڕێگەی کەیسەکەیەوە ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی. هەروەها تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی ستەمکاری و چۆنیەتی ڕوودانی کۆمەڵکوژی، باشترین یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە تاوانی هاوشێوە لە داهاتوودا و چەسپاندنی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوە (نەک تەنیا قەرەبووی ماددی، بەڵکوو قەرەبووی مەعنەوی و گێڕانەوەی ڕێز بۆ قوربانییان). لە هەمان کاتیشدا دەبێتە خاڵی بنیاتنانی ئەرشیفێکی نیشتمانی، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بزانن چی ڕووی داوە و ڕەگ و ڕیشەی کێشەکان لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە. 
١٤-٤-٢٠٢٦

وتاری نووسەران