
د. کامران ئەمین ئاوە
ئێحسان تەبەری نووسەر، شاعیر، وەرگێڕ، فەیلەسووف و بیرمەندی بەناوبانگی مارکسیست، ئەندامی "گرووپی ٥٣ کەس" لە سەردەمی ڕەزاشا و ئەندامی ڕێبەریی حزبی توودەی ئێران لەنێوان ساڵانی ١٣٢٠ هەتا ١٣٦٢، لە ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٢٩٥ لە شاری "ساری" لەدایکبوو. ئێحسان تەبەری، کوڕی حوسێن فەخرولعارەفین و نەوەی شێخ عەلی ئەکبەری موجتەهیدی تەبەری بوو. بەپێی داستانی 'دهەی نخستین' کە تێیدا تەبەری باس لە یەکەم دەیەی ژیانی خۆی دەکات، یەکەم هاوسەری مارەکراوی باوەگەورەی، "جهان بانو خانم''ی دایکی باوکی، لە کوردانی "کردکلا' (کوردکەلا) لە مازەندەران بووە و لەو پێوەندییەدا دەنووسی:
"... 'جیهان بانوو' دایکی باوکم، یەکەم ژنی مارەکراوی [باوەگەورەم] بوو کە لە جەوانیدا، لەوەدەچێ تەمەنی کەمێک پتر لە بیست ساڵ بووبێت، لەکاتی لەدایکبوونی باوکم، به حمای نفاسی لە نەجەف کۆچی دواییکرد.
باوەگەورەم ئەم 'جیهان بانوو'ەی کە دەڵێن ژنە کوردێکی جوان و خەڵکی گوندی 'کوردکەلا' و لە بنەماڵەی خانه بڕواپێکراوەکان بوو، زۆر خۆشدەویست و تا کاتێک ‘جیهان بانوو زیندوو بوو، تاقانە خۆشەویستی بوو.
مردنی جیهان بانوو، شێخی سووتاند و هەموو ئەو ئەوینە گیان سووتێنەری، بۆ تەنیا یادگاری بەجێماوی ئەو، گوڵی ژاکاو، واتە حوسێنی کوڕی تەرخانکرد." [دهه نخستین. ل ١٥٧]
تەبەری لە شوێنێکی دیکەدا ئاماژە به هۆی ڕاگویزرانی زۆرەملێ و دوورخستنەوەی کوردەکانی موکریان بۆ باکووری ئێران، شێوەی ژیانی ئەوان و بەتایبەتی باوکی خۆی لە باکووری ئێران دەکات:
"لە مازەندەران هێندێک ناوی لە چەشنی 'کوردکەلا' یان ' گرجی مله' وەبیرهێنەری ئەو گوندانەن کە پێشتر لە سەردەمی سەفەوی و لە سەرەتای قاجارەکاندا لە ئاکامی کۆچی زۆرەملیی کورد و گورجییەکاندا دروستبوون.
لە سەردەمی سەفەوی و دواتریشدا، چونکه عەشیرەکان وەک مرۆڤی ئازا، چەکدار و سوارچاکی لێهاتوو ناسراوبوون، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی تورکمانەکان گواستراونەتەوە بۆ گورگان و مازەندەران و لەنێویاندا کوردەکانی موکریی ساوجبڵاغ هێنرانە سەر ئەم خاکانە، لەتەنیشت خەزەر، ئەودیوی 'جویبار'.
[ئەوان] لەئەنجامی مانەوەی درێژخایەنی چەند بەرە، سەرەڕای بەباشی شارەزابوون لە زمانی خۆجێی مازەندەرانی، بەڵام بەکوردی، ڕەنگە بەهەندێک گۆڕانکاریشەوە، زۆرجار وەک زمانی تایبەت و خۆماڵی خۆیان قسەیان دەکرد.
باوکم لە 'جهان بانو'ی دایکی فێری زمانی کوردی ببوو و بەهاسانی لەگەڵ هاونیشتمانە کوردەکانی بەزمانی کوردی قسەی دەکرد. لەبەر خۆشەویستی بۆ زمانی کوردی، سەفحەیەکی گاڵتەجاڕی کوردی کە تازە لە تاران تۆمار کرابوو بۆ گرامۆفۆنەکەی کڕیبوو و بەردەوام دایدەنا و دەقەکەی لەبەر دەکرد". [دهه نخستین. ل. ١٨٢]
بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ژیانی ڕۆژانە و تەنانەت بیستنی گۆرانیی کوردی لە کاتی سەرقاڵبووندا بەڵگەیە لەسەر زیندوویی کولتوورێک کە ڕاگوێزران نەیتوانیوە لە دوورەوڵاتیدا بیتوێنێتەوە و فەرهەنگ و زمانی زگماکی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بەرەکانی دواتری کورد لە تاراوگەش بووە.
تەبەری هەروەها باسی حەزی باوکی به موسیقا، عارەق و زمانی کوردی دەکات و دەڵێ:
"مۆسیقا، عارەق و زمانی کوردی، ڕوستەم خان [یەکێک لە خزمەکانی 'جیهان بانوو'] و باوکمی بەیەکەوە گرێدەدا. کاتێک بەکوردی قسەیان دەکرد، بەبڕوای منێک کە لێیان تێنەدەگەیشتم، کەسانێکی تەواو جیاواز بوون، بەڵام بەتەواوی دیاربوو، کە خۆ بە کورد دەزانن نەک مازەندەرانی، هەستیان بە چەشنێک سەروەری و خۆشی دەکرد، چونکە کوردیان بە سوارچاکی ئازا و جەنگاوەر و مازەندەرانییەکانیان بە خەڵکانێکی ڕەعیەت، گوێرایەڵ و بێدەنگ و هەرا لەقەڵەم دەدا." [دهه نخستین. ل ١٩٦]
ئێحسان تەبەری لە تەمەنی شەش ساڵیدا لە مەکتابخانە دەستی بە خوێندن کردووە و دوای ساڵێک چۆته قوتابخانەی ئەحمەدییە و لەوێ خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە. پاش کۆچی بنەماڵەکەی بۆ تاران، خوێندنی ناوەندی لەم شارەدا تەواوکردووە و پاشان، توانیویەتی بچێتە کۆلێژی یاسا و هاوکاتیش دەستیکردووە بە خوێندنی ئەدەبی فارسی و عەرەبی. هەروەها لە قوتابخانەی 'سپهسالار' فەلسەفە و زانستە ژیرییەکانی خوێندووە.
لە سەردەمی ڕەشی ڕەزاشادا یەکێک بووە لە هاوڕێیانی شۆڕشگێر و بیرمەندی ناسراوی مارکسیست دکتۆر تەقی ئەرانی. ئەرانی بەهاوکاریی ئیرەج ئەسکەندەری و بوزورگ عەلەوی گۆڤاری 'دنیا'ی چاپ دەکرد.
تەبەری لە ساڵی ١٣١٦ بەهۆی پێوەندی لەگەڵ "گرووپی ٥٣ کەس" و، به تاوانی دامەزراندنی 'فرقه اشتراکی' و برەوپێدانی مەرامی کۆمۆنیستی دەستبەسەر و لە زیندانی قەسردا زیندانیکرا. تەبەری هەتا خەرمانانی ١٣٢٠ لە زیندان و دوورخراوەیی مایەوە.
ئێحسان تەبەری لە سالی ١٣٢٠، کاتێک تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو، لەگەڵ هاوبیرانی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە دامەزاندنی حزبی توودەی ئێران لە ١٠ی ڕەزبەری ئەو ساڵەدا گێڕا و هەمیشه یەکێک لەبەرچاوترین ئەندامانی ڕێبەریی ئەم حزبه تا کاتی گیرانی لە ساڵی ١٣٦٢دا بوو. لەنێوان ساڵانی ١٣٢٠ تا ١٣٢٧ واته پێش بەجێهێشتنی ئێران و کۆچکردنی بۆ یەکیەتیی سۆڤیەتی، بەرپرسایەتیی گرنگ و هەستیاری وەکو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کاتی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی لاوان، بەرپرسی ڕێکخراوی حزبی توودەی ئێران لە مازەندەران، سەرنووسەری ڕۆژنامەی 'رهبر'- ئۆرگانی حزبی توودەی ئێرانی لەسەرشان بوو.
به دوای هەوڵێکی سەرنەکەوتوو بۆ تیرۆری شای ئێران لە ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٧، حزبی توودەی ئێران لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بە نایاسایی ناسێندرا و بەشێکی بەرچاو له ڕێبەریی ئەو حزبه و یەک لەوان ئێحسان تەبەری، بێ ئەوەی بۆخۆیان لەبەردەستدا بن، به ئێعدام مەحکوومکران. ئێحسان تەبەری بەپێی بڕیاری حزبەکەی، ئێرانی بەجێهێشت و کۆچی بۆ سۆڤیەت کرد و هەتا ساڵی ١٣٣٦ هەتاویی لەو وڵاته مایەوە. لە ماوەی بوونی لە مۆسکۆ، وێرای کارکردن لە بەشی فارسیی ڕادیۆی مۆسکۆ، هاوکات لە 'ئاکادێمیی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی مۆسکۆ' دەرسی خوێند و بەپلەی زانستی 'بەربژێری زانستە فەلسەفییەکان' گەیشت و پاش چوونی بۆ ئاڵمانی دێموکراتیک لە 'ئاکادێمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان'ی بێرلیندا درێژەی به خوێندندا و بەرزترین پلەی زانستی واته 'دکتۆرای هابیل لە فەلسەفە'ی وەرگرت.
تەبەری ئاشنایی لەگەڵ زمانە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییە جۆراوجۆرەکاندا هەبوو و لە ماوەی بوونی لە تاراوگەدا وەکو تیۆریسیەن و بیرمەندی مارکسیست لێنینیست خاوەنی دەیان کتێب و بەرهەمی بەنرخ لە بواری شیعری کلاسیک و نوێ، مێژووی ئێران، چیرۆک و ڕۆمان، لێکۆڵینەوەی وێژەیی و فەلسەفی، توێژینەوەی پێوەندیدار به وشەناسی، زمان و فۆلکلۆر و... هتد بوو. تەبەری وەک نووسەر، شاعیر، بیرمەند نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو لە ئاستی زۆر وڵاتاندا ناسراوە. بابەتەکانی تەبەری به ناوی خۆی و نازناوی زۆری وەک 'پرویز، کاووس صداقت، ا. سپهر، ا. کوشیار، ا. کارن' و ... لە بڵاوکراوەکانی حزبی توودەی ئێران و گۆڤاری 'چیستا' و هتد لە ئێراندا بڵاودەبوونەوە. بەشێک لە کتێبەکانی بریتین لە:
- هەندێک لێکۆڵینەوە دەربارەی جیهانبینی و بزووتنە کۆمەڵایەتییەکان لە ئیران.
- هەڵوەشانەوەی دوزەنەی نەریتی و سەرهەڵدانی سەرمایەداری.
- کۆمەڵگای ئێران لەسەردەمی ڕەزاشادا.
- نووسراوە فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەکان (سێ بەرگ).
- ئەبولفەزل بێیهەقیی و کۆمەڵگای غەزنەوی.
- پرسگەلێک لە فەرهەنگ، هونەر و زمان.
- لەگەڵ سرت و خورتەکانی پاییز، وێژامەی شاعیرانه لە چواردە بڕگەدا.
- لە نێوان زیخ و ئەڵماسدا.
- سەفەری جادوو.
- ئەشکەنجە و هیوا.
- دەیەی یەکەم.
- بنەماڵەی برومەند(داستان).
- چاوی قارەمان کراوەیه (کۆی داستان).
- شاری خۆر
- و ...
دوای شۆڕشی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ و ڕووخانی حکومەتی پاشایەتی لە ئێران، تەبەرییش پاش سێ دەیە، وەکو زۆر لە ڕێبەرانی حزبەکەی گەڕایەوە ئێران و حزبی توودەی ئێرانیش بەفەرمی چالاکی ڕێکخراوەیی دەستپێکردەوە. ئەم حزبه هەتا هێرشی هێزەکانی سپای پاسداران لە ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٦١ بۆ سەر ڕێکخراوەکانی و گیرانی بەشێکی بەرچاوی دەستەی ڕێبەری و کادر و ئەندامانی، پشتیوانیی له کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و لەم ڕەوتەدا ئێحسان تەبەری، ئەندامی دەفتەری سیاسی و یەکێک لە هزرڤانانی سەرەکیی ئەم حزبه بوو.
ئەگەر ئێمه چاوپۆشی لەو بابەتانەی ئێحسان تەبەری بکەین کە پێش گیرانی لە بانەمەڕی ١٣٦٢ بۆ تیۆریزەکردنی ڕێبازی حزبەکەی نووسیبووی، هەر لەو سەردەمەدا دەیان کتێب، نامیلکە و بابەتی بە نرخی فەلسەفی، مێژوویی، وێژەیی و کۆمەڵایەتیی نووسیووە، که ئێستاش تازەیی خۆیان پاراستووە و بهچەشنێکی بەرچاو لە ئێران و تاراوگەدا بڵاودەبنەوە و جێی سەرنجی هۆگرانی ئەدەب و وێژەی فارسی و بزووتنەوەی چەپ و کرێکارین.
ئێحسان تەبەری کە لەگەڵ پاشماوەی ڕێبەریی حزب بەهۆی زەبر و هێرشی دوویەمی سپای پاسداران لە ٧ی بانەمەڕی ١٣٦٢ گیرابوو، یەک ساڵ پاش دەستبەسەرکرانی، له ئاکامی جەڵتەی مێشک و ئەشکهنجە دژە مرۆییەکانی زیندانەوانان ناچار به داننان به کاری نەکردوو، ڕەتکردنەوەی مێژوو، بیرو هزر، کەسایەتی، پێناسەی سیاسیی خۆی و بەشداری له بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان کرا که لە لایەن دامودەزگای سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامییەوە ڕێکخرابوون.
سەرەڕای تۆبەکردنی تەبەری، بۆ هەموو کەس و تەنانەت کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییش ڕوون بوو، کەسێکی ٦٦ -٦٧ ساڵه کە تەواوی ژیانی خۆی لەسەر ڕێبازی سیاسی و فەلسەفیی مارکسیستی دانابێ و لەو پێناوەدا به بەرزترین ئاستی فەلسەفەی ماتریالیستی واته پلەی 'هابیل لە فەلسەفە'دا گەیشتبێ، هەروەها لە ماوەی ٤٢ ساڵ ئەندامەتیی ڕێبەری حزبی توودەی ئێران به نووسینی هەزاران لاپەڕەی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی پەرەی به بیر و هزری مارکسیستی لە ئێراندا دابێ، ناتوانێ لە ماوەیەکی کورتدا، کتوپڕ و دڵخوازانه ببێته موسڵمان و تەواوی ڕابردوو و ئەندێشەی خۆی ڕەتبکاتەوە. ئەمڕۆ ئیتر بۆ هەموو کەس ڕوونه لە زیندانەکانی حکومەتی ئیسلامیدا چیان بەسەر بەندکراوە سیاسییەکان هێناوە و چۆن بەشێکی بەرچاوی ڕێبەران، کادر و ئەندامانی ڕێکخراوە چەپ و ئازادیخوازەکانیان لەژێر ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و ڕوحیدا ناچار به داننان به کاری نەکردوو، کردووە. ئێحسان تەبەرییش یەکێک لەوانە بووکە بەهۆی پیری و نەخۆشی بەرگەی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەی لە زینداندا نەگرت.
تەبەری هەر لە سەرەتای گیرانی لە مانگی بانەمەڕی ١٣٦٢دا تووشی جەڵتەی مێشک بووە و بەو هۆیەوە بۆ ماوەی مانگێک لە نەخۆشخانه خەوێندراوە. پاش گەڕاندنەوەی بۆ زیندانیش، بەپێی خراپبوونی بارودۆخی ڕوحی و جەستەیی نەیانتوانیوە لێپرسینەوەی لێ بکەن و نووسراوەکانی پاش سەکتەکردنی هەم لە باری واتاوە و هەم لەبەر خراپیی دەستخەتەکەی لە کەڵککەوتوون. بەپێی نامەیەکی شوورای باڵای دادوەریی ئێران لە جۆزەردانی ١٣٦٣ کە ئیمزای یوسفی سانعیی پێوەیە، تەبەری بههۆی نەخۆشی، توانای داکۆکیی لە خۆی نەبووە.
تەبەری ئەو کاتەی داننان بەو کارانەی بەسەردا سەپێندرابوو، دەڵێ:
"ئەمن بههۆی جەڵتەی مێشک تووشی تەكزمانی بووم و توانای زەینی و بیرکردنەوەم لاواز بووە، بەم بۆنەوە ناچارم لە ڕووی نووسراوەکەم بخوێنمەوە و لەبەر ئەوەش داوای لێبوردن لە بینەرانی بەڕێز دەکەم."
دادگا، سەرەڕای تۆبه و دانپێدانانەکانی تەبەری، لە ٢٠ خەرمانانی ١٣٦٤ بەپێی ماددەی ٢٠٢ی یاسای 'حدود و قصاص' حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپاند:
"هەڵسوکەوتی تۆمەتبار لە دادگای ئینقلابی ئیسلامی و کەم قسەکردنی لەبارەی ئەو پرس و تاوانانەی خراونەتە پاڵی، هەروەها ئەو بەڵگە و نیشانانه کە لەودا بەدیکراون (شواهد حالیە و مقالیە)، گومانیان خستووەتە سەر ئیددیعای تۆبەکردن و گەڕانەوەی لە ڕێباز و ڕەوشی پێشووی خۆی و هاوکاریکردنی لەگەڵ داواکاری گشتی بەتەواوی لە ڕاستی بەدوورن و تەنیا بۆ ڕزگاربوون لە سزا و تاوانەکەی بووە ... بۆیە بەپشتبەستن بە ماددەی ٢٠٢ی 'حدود و قصاص' بڕیاری لەسێدارەدانی دەدەرێ'".
دواتر حوکمی لە سێدارەدانی لادەچێ، بەڵام تەبەری لە ساڵی ١٣٦٢ هەتا لە ساڵی ١٣٦٨ کە کۆچی دوایی دەکا، لە زیندان و دواتر لەژێر چاودێری و دەستبەسەرکران لە ماڵەوەدا دەمێنێتەوە و تەنانەت لە کاتی نەخۆشیی هاوسەرکەی 'ئازەر بێ نیاز' دا کە ساڵی ١٣٦٧ بەهۆی شێرپەنجه کۆچی دوایی کرد، نەیتوانیوە لەلای بێ.
'عەبدولکەریم سرووش' کە سەردەمانێک یەکێک بوو لە تیۆریسیەنەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران و ئێستا دانیشتووی ئەمریکایه، لە بابەتێک به ناوی 'به کجای این شب تیره بیاویزم قبای ژنده خود را' کە لە ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٥ لە سایتی 'زیتون' بڵاوی کردووەتەوە، بەم چەشنە باسی دیداری خۆی لەگەڵ تەبەری لە ساڵی ١٣٦٣ لە ماڵی محەمەد تەقی جەعفەریدا دەکات:
"دوای کۆتاییهاتنی دەمەتەقەکان، جارێکی تر ئیحسان تەبەریم بینییەوە، یەکێک بوو لە شەوانی ڕەمەزان – ساڵی ٦٣- کاتێک لە زیندانەوە هێنرایە ماڵی خوالێخۆشبوو محەمەد تەقی جەعفەری و منیش بانگهێشتکرابووم بۆ ئەو کۆبوونەوەیە. حاڵ و ڕۆژێکی خۆشی نەبوو و پێدەچوو دەم و چەنەگەی شکابێت یان خواربووبێ. جەعفەری دەیویست لەگەڵی بەحس بکات، بەڵام من بەهیچ شێوەیەک حەزم لە بەحسکردن لەگەڵ یەخسیرێک نەبوو و نەشمکرد. جارێکیان کە ئاغای جەعفەری ڕەخنەی لە یەکێتیی سۆڤیەتی (پێشوو) گرت، ئیحسان تەکانێکی بەخۆیدا و دیفاعێکی جوامێرانەی لێکرد."
دواتر لە ساڵانی ١٣٦٦ و ١٣٦٨ دوو کتێب به ناوی 'کژراهه'(لاڕێ، ڕێگای هەڵە) و 'شناخت و سنجش مارکسیسم'(ناسین و هەڵسەنگاندنی مارکسیزم) بهناوی تەبەری بڵاوبووەوە. بێگومان ئەو کتێب و نووسراوانەی کە لەژێر سەردێڕی 'بیرەوەری' و 'توێژینەوە' و... هتد لە لایەن بەندکراوانی وەک ئێحسان تەبەری لە زیندان و لەژێر گوشاری ئەشکەنجەکەدا دەنووسرێن، جێی باوەڕ و متمانه نین و هیچ بایەخێکی یاسایی و حقووقییان نییە و ناتوانن ببنە پێوەرێک بۆ داوەری لە بارەی ئەشکەنجەکراوانی نێو تاریکخانەکانی ئێران. هەر لەم پێوەندییەشدا کەڵکوەرگرتن و بەڵگەهێنانەوە لەو بڵاوکراوانه لە لایەن مێژوونووسان و سیاسەتوانان و کەسانی بەرپرس تەنیا لە بایەخی کاری خۆیان کەمدەکاتەوە و بەپاکانه بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک دوژمنی هێزە چەپ و ئازادیخوازەکانی ئێران دەژمێردرێت که لە ژێر ئەشکەنجە و گوشاری هێزی سەرکوتکەردا ئەم چەشنە کەسایەتییانەی ناچار به ڕەتکردنەوەی کەسایەتی و بیر و هزرێک کردووە کە هەتا پێش گیرانیان شانازییان پێوە دەکرد.
بێگومان وێرای تەواوی ئەم ڕاستییانەش، ناکرێ چاوپۆشی لە ڕۆڵی سەرەکیی ئێحسان تەبەری لە تیۆریزەکردنی ڕێبازی پڕ لە هەڵەی حزبی توودەی ئێران پاش شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ بۆ پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێ. تەبەری لە ٩ی بانەمەڕی ١٣٦٨ دوای تێپەڕکردنی ژیانێکی پڕ لە هەوراز و نشێو کە بەشی زۆری لە بەندیخانه و تاراوگەدا تێپەڕکردبوو، سەرەنجام لە تاران کۆچی دواییکرد.
سەرچاوەکان
احسان گبری. دهه نخستین، انتشارات ێلفا. ١٣٥٨
مهرنوش هاتفی، احسان گبری چگونه شکسته شد؟ رادیو زمانه
شیوا فرهمند، معمای دست نوشتههای گبری، روزنامه شرق، اردیبهشت ١٤٠٠
امید، و عشق ما نپژمردنی بود، به یاد ێژر بی نیاز – گبری، ٢٥ اوت ٢٠١٩، سایتی 'به پیش'
بهای سکوت و مماشات در برابر ڤلم و جنایت! «نامه مردم»، شمارۀ ١٠١٦، ٢٠ دی ماه ١٣٩٥