
دلێر كەریم
وێڕای پیرۆزبایم بۆ یادی ڕۆژنامەگەری كوردی و دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، دەمەوێت بڵێم مێژووی ڕۆژنامەگەر كوردی دوور و درێژە، لەو مێژووە دوور و درێژەدا سەرەڕای هەموو ئاستەنگەكان، قۆناغی باشمان بڕیوە و دەستەبژێرەكانی كۆمەڵگا كاری ڕۆژنامەوانیان كردووە و توانیویانە مێژوویەك بنووسنەوە، شایانی بیرهێنانەوە بێت. دڵنیام ئەو شۆڕشەی لە بواری تەكنەلۆژیا و پێشكەوتندا ڕوویداوە، پێناسەی چەمكەكانی گۆِیوە و بە شێوازی نوێ دایڕشتوونەتەوە. لە ئەمڕۆدا كە سەندیكایەكمان هەیە و بە دەیان كەناڵی ئاسمانی و سەدان كەناڵی لۆكاڵی و هەزاران ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی خزمەت دەكەن، هێشتا نەمانتوانیوە سەرچاوەیەكی هەواڵی ڕاست و دروستمان دەستبكەوێت و لە كاتی پێویستبووندا پەنای بۆ بەرین و ڕووداوەكان وەك خۆیان وێنا بكەن، بە پلەی یەكەم ئەوە سەلمێنراوە بەشێكی زۆری دەزگاكان، پرۆژەیەكی حیزبی، یان بازرگانین و كەسێك یان كەسانێك، یان خاوەن ئایدیایەكی تایبەت پشتیگرتووە و سەرچاوە داراییەكانی بۆ دابینكردووە، ئەوەش واتا ئاراستەكردنی میدیا بە دڵی خاوەن پرۆژە، كەس لە میدیاكار ڕازی نابێت دژی ئاراستەی خاوەن پرۆژە بەرنامە و ڕاپۆرت و بەدواداچوون بكات، هەربۆیە هەموو ڕەخنەكان ئاراستەی میدیاكارەكەن، كێشەكان ڕووبەڕووی ستافی ڕۆژنامەنووسانی مەیدانین، لە كاتێكدا ئەوان زیاتر لە فەرمانبەرێكی فەرمانگەیەك دەچن و ئازادنین لەوەی چۆن كاربكەن، بەڵكو ڕەچەتەیەكیان پێدەدرێت و بەو ئاراستەیەی مەبەستە، دەنێردرێن بۆ كاری ڕۆژنامەوانی و بەدواداچوونی هەواڵ.
دەسەڵاتی چوارەم واتا چاودێریكردنی دەسەڵاتەكانی دیكە، بەداخەوە لە هەندێك شوێن دەسەڵاتی جێبەجێكار وەك دەسەڵاتی سێیەم، دەسەڵاتی چوارەم دەخاتە خزمەتی خۆیەوە. جاران نوخبەیەك قسە و پەیامیان هەبوو، ئەمڕۆ هەمووان قسە دەكەن و هەمووان گازندەی ئەوە دەكەن كەس گوێ ناگرێت. تەكنەلۆژیا وەك دەوترێت دۆ و دۆشاوی تێكەڵ كردووە، جیاكردنەوەی ڕاستی و ناڕاستی زۆر ئەستەم بووەتەوە، ئەكرێ هیچ نەزانی و خۆت وەك پاڵەوان نیشانی دونیا بدەی، ئەو پەتایەی بەشەكانی دیكەی گرتووەتەوە، بە دڵنیاییەوە لە بواری ڕۆژنامەگەریشی داوە.
ئاساییە ڕۆژنامەنووسی ببێتە سەرچاوەی بژێوی، بەتایبەت ڕۆژنامەنووس بیەوێت كاری ورد و تەواو ئەنجام بدات، پێویستی بە سەرچاوەی ماددی هەیە، ئەمە جگە لە قورسی ژیان و بەخێوكردنی ماڵ و منداڵ، نائاسایی ئەوەیە بێیتە مەیدانەكەوە و خۆت پڕزانیاریی نەكەیت، وەك كادرێكی دڵڕەقی حزبی سەنگەر لە بەرانبەرەكەت بگریت، لیستێك ناوت لا بێت بۆ هەواڵ و ڕاپۆرتەكانت بچیتە خزمەتیان چونكە وەك خاوەن پرۆژەكە بیردەكەنەوە، دژی لیستێك لەوانیتر بیت كە قسەی ڕاست دەكەن و تەنیا بە دڵی خاوەن پرۆژەیەكی میدیایی قسەناكەن، ئەمانە ئەو مەترسیانەن میدیا وەك مەترسی بۆسەر ئایندەی پێكەوەژیان دەبینن، لە كاتێكدا لەم چركەساتانەدا كوردستان پێویستی بە ئاودانی نەمامی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان هەیە، سیاسییەكان كەناڵیان داناوە بۆ خۆجوانكردن، بێئاگا لەوەی بەو كارانەیان نیشتیمان ناشیرین دەكەن، كە نیشتیمان جوانكرا، ئەوە هەموومان براوەین، نەك تەنیا حزبێكی سیاسی، یان دەزگایەكی میدیایی.
شیعەكان بەو هەموو ناكۆكییەوە كە هەیانە، هێشتا شەڕی نێو ماڵی خۆیان ناگەیەننە دەزگا میدیایەكانیان، هێشتا چوارچێوەیەكیان هەیە و لەوێ گفتوگۆكانیان دەكەن، لە كوردستان بچووكترین ناكۆكی سیاسی، نێو ماڵی كوردستانی لەت كردووە و بە تەماشاكردنی دەزگا میدیاییە حزبییەكانی دەسەڵات، كون و كەلەبەرەكانی نێوان ئەم دوو هێزە حوكمڕانەت بە ئاشكرا بۆ دەردەكەوێت