
رێواس ئەحمەد بانیخێڵانی
پەیوەندی نێوان فرێری و گرامشی -
١. پەروەدە وەك مەیدانی خەبات:
گرامشی دەڵێت: هەژموونی چینایەتی (زاڵبوونی چینێك بەسەر چینەكانی دیكەدا) تەنها بە هێز نایەتەدی، بەڵكو لە ڕێگەی قەناعەتپێكردنی كولتووری و فكرییەوە دێتەئاراوە. بەم پێیە، پەروەردە و كولتوور "مەیدانی خەبات"ن.
فرێیری: هەمان بیرۆكەی هەیە كاتێك دەڵێت پەروەردە "كردارێكی سیاسییە" و هیچ پەروەردەیەكی "بێلایەن" نییە. هەموو پەروەردەیەك یان لە خزمەتی ئازادی یان لە خزمەتی كۆیلایەتیدایە.
٢. ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی و بەهێزكردنی چەوساوەكان:
گرامشی: پێیوایە هەر چینێك پێویستی بەوەیە ڕۆشنبیرانی خۆی بەرهەمبهێنێت كە لەناو ئەو چینەدا پێبگەن و ئەزموونەكانی دەربخەن. ئەو بەم كەسانە دەڵێت "ڕۆشنبیرانی ئەندامی".
فرێیری: لە كردەوەدا هەمان ئامانجی هەیە، كاتێك لە بەرازیل بازنەكانی فێركردنی گەورانی بەڕێوەدەبرد. فرێیری نەیدەویست تەنها خەڵك فێری خوێندنەوە بكات، بەڵكو دەیویست لە هەر گوندێكدا چەند كەسێك پێبگەیەنێت، كە توانای شیكردنەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی واقیعی خۆیان هەبێت.
٣. هەژموون و وەعی درۆینە:
گرامشی دەڵێت: چینی باڵادەست جیهانبینیی خۆی بەسەر كۆمەڵگەدا دەسەپێنێت، تا ئەو ڕادەیەی كە چینی چەوساوە ئەم جیهانبینییە وەك "هەستی هاوبەش" قبوڵ دەكات، بەبێ ئەوەی بزانێت ئەمە بەرژەوەندی چینی باڵادەست دەپارێزێت.
فرێیری: هەمان بیرۆكە بە چەمكی "هۆشیاری درۆینە" دەربڕیوە، كاتێك كەسانی چەوساوە سیستەمی چەوساندنەوەی خۆیان قبوڵ دەكەن، یان تەنانەت برەوی پێدەدەن، چونكە فێركراون كە ئەمە شتێكی سروشتی و نەگۆڕە.
٤. پراكسیس (كردار- ڕامان):
گرامشی: جەختی لەسەر پەیوەندی نێوان تیۆری و پراكتیك كردووە و پێیوایە ڕۆشنبیر دەبێت لە یەك كاتدا بیرمەند و كرداری بێت.
فرێیری: چەمكی "پراكسیس" یان "كردار- ڕامان"ی بەكارهێناوە بۆ هەمان مەبەست - كە باوەڕی وایە تێگەیشتنی ڕاستەقینە لە ڕێگەی تێكەڵكردنی بیركردنەوە و كرداری گۆڕانكارییەوە دێتەدی.
٥. نموونەی پراكتیكی:
* لە بازنەكانی فێركردنی فرێیریدا، جوتیاران و كرێكاران نەتەنها فێری خوێندنەوە و نووسین نەدەبوون، بەڵكو فێری شیكردنەوەی بارودۆخی خۆیان و دیاریكردنی هۆكارەكانی هەژاریی خۆیان دەبوون.
ئەم بازنانە بەزوویی دەبوونە شوێنی گفتوگۆی سیاسی و كۆمەڵایەتی و خەڵك تێیاندا فێردەبوون چۆن وەك گرووپ بیربكەنەوە، نەك تاك.
بەم شێوەیە، فرێیری بەكردەوە خەریكی بەرهەمهێنانی "ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی" بوو لەناو چینە چەوساوەكاندا، ئەوەی كە گرامشی بە تیۆری پێشنیاری كردبوو.
٦. هۆكاری ترسناكی ئەم پەروەردەیە بۆ دەسەڵات:
*كاتێك خەڵكی ستەملێكراو دەستدەكەن بە تێگەیشتن لە میكانیزمەكانی چەوساندنەوەیان، ئیدی ئامادەنین بەبێدەنگی مامەڵە لەگەڵ ستەمدا بكەن.
*هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی بەرازیل فرێیرییان دەستگیركرد و پرۆگرامەكەیان قەدەغەكرد چونكە:
- ئەم پەروەردەیە خەڵكی هاندەدا داوای مافەكانیان بكەن.
- خەڵكی فێردەكرد كە كێشەكانیان تاكەكەسی نین، بەڵكو كێشەی گشتی چینەكەیانن.
- تێیاندەگەیاند كە ژیانیان نەچارەنووسە، بەڵكو دۆخێكی مێژووییە دەكرێت بگۆڕدرێت.
ئامانجی هەردوو بیرمەند لەكۆتاییدا هاوبەشە: دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی نوێ، كە تێیدا مرۆڤەكان بتوانن بەئازادی بیربكەنەوە و كاربكەن و ئەم كۆمەڵگەیە تەنها لە ڕێگەی پەروەردەیەكی ڕزگاریخوازانەوە دەتوانێت بێتەدی.