
هۆشیاری عەبدولعەزیز
سەرژمێریی گشتی وەك هەر پرۆسەیەكی زانیاری هەمەلایەنە بریتییە لە داتایەكی وردبین بۆ كۆكردنەوە و ئامادەكردن و هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی لایەنی دیمۆگرافی و ئابووریی و كۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی دەوڵەت یان هەر ناوچەیەكی دانیشتوان كە زانیاری و پوختەی گشتیان لە بەردەست نەبێ ، واتا تەواوی لایەنە ئابووریی و كۆمەڵایەتی و چالاكییە كارگێڕی و سیاسی و توێژینەوە زانستییەكان پشت بە داتاوزانیاریە زانستییەكانی ئەو سەر ژمێریە دەبەستن و لە زۆرینەی دەوڵەتە مەدەنی و كراوەكانیشدا ، سەرژمێری دانیشتوان و تۆماركردنی وردەكاریی زانیارییەكان، یەكێكە لە پرس و بابەتە گرنگەكانی سەردەم و دەكرێ لە ڕێگەیەوە كار لەسەر پڕۆژەی ستراتیژی و پلانی جۆراوجۆر و هەنگاوی زانستی بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی. ئامارو داتای ورد بكرێ تابزانرێ رێژەی گۆرانكاریی دانیشتوان و دابەشبونی دیموگرافی و پرسی ئابوری و كۆمەڵایەتی و زۆر لایەنی تری كۆمەڵگا چەند وچۆنە ، چۆن مامەڵەی لە گەڵ دەكرێ و بەچی ئاراستەیەك كار لەسەر پێویستیەكانی گەشەپێدان، زانینی خاڵی بەهێز و خاڵی لاوازی كۆمەڵگاكە دەكرێ بەتایبەت لەبواری كەرتی ئابوری و گەشەی كۆمەڵایەتیدا بەڵام ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە عێراقدا تەواو پێچەوانەیە و نەتوانراوە بەشێوەیەكی دروست كار لەسەر پرسی داتا و هیچ تۆمارێكی وردی رۆژانە و ئامار و سەرژمێری دانیشتوان بكرێت ، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هەر لە سەرەتای دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە كێشمە كێشە سیاسی و ئەتنی و تائیفیەكان لە ئاستێكی قوڵی ململانێدا بوونەو نایەكسانی پێكهاتەیی یەكێك بوە لە خاڵە هەرە مەترسیدارەكانی گەشەی ئەم دەوڵەتە دروست كراوە و بواری ئەوەی نەداوە بەشێوەیەكی بابەتیانە كار لەسەر چۆنییەتی دروستبوونی پێكهاتە كۆمەڵایەتی و ئابوورییە هاوبەشەكان بكرێ وەك بنەمایەك بۆ پاراستنی چوارچێوەی دەوڵەت و دوركەوتنەوە لە بەردەوامی ململانێ و ناسەقامگیری كۆمەڵایەتی ، و هەمیشەش دەسەڵات وەك ناوەندی باڵای بڕیار لە بەرەژەوەندی هەندێك پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی هەوڵی گۆڕینی باری دیموگرافی و جێگۆڕكێی پێكهاتەكانی عێراقی داوە، واتا دەوڵەت وەك یەكەیەكی سەنتراڵ بەردەوام لە دۆخی ناهاوسەنگی سیاسی و چەسپاندنی هەیمەنەی خۆیدا بووەو هەرچی ویستبێت بەو ئاراستەیە ڕۆشتوە كە عەقڵیەتی زاڵ هەڵیسوڕانودووە ، نەك ئەوەی كە گەلانی عێراق ویستوویانە
لە ئێستاشدا كە بریارە 20 ئەم مانگە، سەرژمێری گشتی لە عێراقدا ئەنجام بدرێت، هێشتا زۆر كێشە و ناكۆكی سیاسی و ئابوری و نەتەوەی و تائیفی لە كەڵكەڵەی دڕدۆنگی خۆیدایە و ململانێكان لە ئاستێكی مەترسیداردا دەخولێنەوە و هێشتاش جۆرێك لە هزری شۆڤێنی و نەتەوەپەرستی لە قۆزاخەی ئەقڵیەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بەردەوامی هەیە و بوونەتە مەترسی بەسەر كۆمەڵگاو پەیوەندیەكانی دەوڵەت و هەرێمەوە ، مەخسەدیش لە وروژاندنی ئەم تێگەیشتنە و خستنە ڕووی ئەو ڕاستیە ، ئەوەمان دەخاتە بەردەم كە هێشتا عێراق لە بازنەی پاكبوونەوە دەرنەچوە و نزیكترین نموونەش جێبەجێ نەكردنی مادەی 140 و پرسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانە ، كاتێك ئەم حەقیقەتە دەبینرێ ناكرێ بەدیقەتەوە هەڵوێستەی لەسەر نەكرێ و نەبێتە خاڵی وەستان بۆ كورد و قەوارە سیاسیەكەی ، لەولاشەوە كە تابڵۆی سیاسی عێراق و عەقڵیەتی حوكمڕانی ناوەند و ئاڵۆزی و تێكچڕژانی دۆخی تەوافقی دیموكراسی دەخوێنیتەوە دەگەیتە ئەو ڕاستیەی كە بەربەرست گەڵێكی زۆر لە بەردەم پرۆسەی سەرژمێری گشتی و بەتایبەت ناوچە دابڕێندراوەكان و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی پرۆسەكەدا هەن و دەشێ لە داهاتوو هەموو ئەوانە ببێتە مەترسی بۆ سەر كورد و پێكهاتە ناعەرەبەكانی تری عێراق
ئێستاش عەقڵیەتی شۆڤێنی عەرەبی و مەزهەبی كە ڕیشەكێش كردنی بەعسیش نەیتووانی رەهەندەكانی پێكهاتەی ئەو ئەقڵیەتە ڕیشە كێش بكات لە جوڵە و بزاوتی بەردەوامدان و نەتوانراوە ئاراستەی گۆڕانكاریەكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق بكرێتە بنەمای تێكشكاندنی ئەو كۆدە مەترسیدارانەی كە لە بنەڕەتدا ختوكەی عەقڵیەتی شۆڤێنی دەدەن و دەیانەوێ هەیمەنەی خۆیان بەسەر كورد و تەواوی جیاوازیە ئاینی و كلتوریەكاندا بسەپێنن ، ئەم تێگەیشتنە لە فەزای سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیدا ڕەنگدانەوەیەكی نەرێنی بەرهەمهێناوە و بوەتە بابەتێكی قوڵی وا كە لە هەر جوڵەیەكی دەسەڵاتدا بە ڕوونی هەست بە مەترسی جۆرێكی نوێ لە شۆڤێنیەت دەكرێ و بۆ ئەمەش دەیان هێز و گروپی تائیفی و نەتەوەی لە شیعە و سونە ڕێبەرایەتی ئەو ڕەوتە دەكەن و لە ڕابردو مەترسیدار تر پەلاماری زەوتكردنی ماف و داخوازیەڕەواكانی كورد دەدەن و هەڵگری هەمان زەمینەسازین كە بەعس كاری لەسەر دەكرد لە ڕابردوودا ، بۆیە ناكرێ پرۆسەی سەرژمێری لە دۆخێكی ئاوا مەترسیدار و ناهەمواردا كە جگە لەو عەقڵیەتە هێشتاش بەشێكی زۆری مادە دەستوریەكان جێبەجێ نەكراون و ئاڵۆزیەكان بەردەوامیان هەیە و زۆر لە كێشە هەڵواسراوەكان یەكلای نەكراونەتەوە و بنەما سەرەكییەكانی دەستوور و ئەو بەنددانەی پەیوەندییان بە حوكمرانی و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و مافی نەتەوە و گەلان و مافی مرۆڤەوە هەیە لە پەراوێزدان و نەتوانراوە دەوڵەت دەربازبكرێ لەو عەقلیەتە مەترسیدارانەی كە ئایندەی كۆمەڵگای عێراقی تەڵخكردوە .