
نووسینی: دلێر کەریم
لە بیست ساڵی ڕابردوودا، لەو ڕۆژەوەی هەستم کرد زانیارییەکانم لەبارەی تاوانی ئەنفالەوە بەشی ئەوە دەکەن بکرێنە کتێب، ئەو چیرۆکە جۆراوجۆرانەی تاوانی ئەنفال کە لە زاری مام، خاڵ، میمک، ئامۆزا و میمزاکانمەوە گوێبیستیان دەبووم، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان خستە سەر شانم؛ بەوەی دەبێت ئەو زانیارییانە وەک بیلبیلەی چاوم بپارێزم و لە بازنەیەکی بچووکی ناوخۆی خێزانیدا نەیانهێڵمەوە، بەڵکوو هەر کە دەرفەتێک هاتە پێش، وەک بابەت لە ڕۆژنامە و گۆڤارە تایبەتەکان بە جینۆساید و تاوانی ئەنفال (کە زۆربەیان لە یادەکانی ئەنفالدا و لە مانگی چواری هەموو ساڵێک بڵاو دەکرانەوە) یان بە شێوەی کتێب بڵاویان بکەمەوە.
لە زۆربەی ئەو کتێبانەی لەسەر جینۆساید و تاوانی ئەنفال دەنووسران و بۆ مەبەستی هەڵەبڕی و پێداچوونەوە دەهاتنە بەردەستم، یان لە پاکنووسی یاداشتی پێشمەرگە و پارتیزانەکان، یان لەو چیرۆکانەی لە گفتوگۆکانم لەگەڵ قوربانییانی تاوانی ئەنفال گوێبیستیان دەبووم، هەمیشە بەسەرهاتی منداڵان سەرنجی ڕادەکێشام. گەورەکان (پیاوان و ژنان)، زۆرجار باسی نەهامەتییەکانیان دەکرد و دەیانگوت: "خۆمان کێشەی تینوێتی و برسێتیمان نەبووە، بەڵام خەمی گەورەی ئێمە، خەمی منداڵەکانمان بووە کە ڕانەهاتبوون بە برسێتی و تینوێتی."
هەموو ئەو هۆکارانە بوونە بەشێک لە خەمێکی گەورەی من؛ چۆن بتوانم ئەو چرکەساتانە تۆمار بکەم؟ چۆن بتوانم ئەو هەستانە بنووسمەوە کە منداڵێک بۆ لەتێک نان یان قومێک ئاو دەگریت؟ نەک لە گۆشەنیگای باوک و دایکیانەوە، بەڵکوو لە دنیابینیی منداڵێکەوە کە بەعس و پیاوانی ڕژێم ناناسێت و سەرەڕای دڕندەیی حەجاج، هەر بۆ پێداویستییە جەستەییەکانی هاوار دەکات و دەگریت.
پڕۆژەکەم دوا کەوت، بەڵام کۆڵم نەدا و دوای چەند کتێبێک لەسەر تاوانی ئەنفال، ئەو خەونەم وا بەدی دێت. بیرمە دەیان جار شەنوکەوی ناونیشانی کتێبەکەم دەکرد: "منداڵان لەنێو زیندانەکانی ئەنفالدا چۆن دەژیان؟"، نا، "تاوانی ئەنفال لە ڕوانگەی منداڵانی نێو زیندانەکانەوە"، ئەی بۆ "منداڵان و تاوانی ئەنفال" نەبێت؟
بە هەر حاڵ، ئەوەی کارەکەی بۆ ئاسانتر کردمەوە، ئەو دوو سەردانە بوون کە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی بواری داکۆکیکردن لە قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران و نووسەران و چالاکواناندا بۆ مەڕکەز شەبابەکەی خورماتوو، سەربازگەکانی تۆپزاوا و دووبز و زیندانی ترسناکی نوگرەسەلمان کردمان. هەندێک لەو منداڵانە لەوێ ئامادەییان هەبوو کە ئێستا ژن و پیاوێکی کامڵ و خاوەن خێزان بوون و چیرۆکەکانی خۆیان دەگێڕایەوە. هەموویان پێگەیشتوو بوون و لە یەکێک لە فەرمانگەکان دامەزرابوون؛ دوای ٣٦ ساڵ گەڕابووینەوە بۆ نێو زیندانەکان. کاتێک پرسیارم لێ دەکردن لەبارەی ڕۆژانی نێو سەربازگە و زیندانەکانەوە، تکام لێ دەکردن کەمێک بگەڕێنەوە بۆ ڕۆژانی منداڵی، نەک بە نەفەسی ئەم چرکەساتە قسەم بۆ بکەن.
وەک لای هەمووان ئاشکرایە، منداڵان لە تەمەنێکدا بەر پەلامار و شاڵاوی ئەنفال کەوتوون کە نەیانزانیوە ئەنفال چییە. ئەوان دید و تێڕوانینی تایبەتی خۆیان بۆ ژیان هەیە کە زۆر جیاوازە لە دیدی گەورەکان. جگە لەوەیش، منداڵان کاتێک تەماشای ئۆتۆمبێلێک یان دیوارێک دەکەن، زۆر گەورەتر لەوەی کە هەیە دێتە بەرچاویان. ئەو هەستە بەسەر خۆمیشدا هاتبوو؛ کاتێک گەڕەکی ئیمام محەمەد لە کفری ڕووخێنرا، لەگەڵ دایکمدا چووین تکا بکەین خانووەکەمان نەڕووخێنن، بەڵام گوێیان لێ نەگرتین. کاتێک شۆفڵەکە دەستی بە کار دەکرد، زۆر دەترسام؛ وا هەستم دەکرد من بەقەد مێروولەیەکم و شۆفێرەکە نامبینێت. کە گەورە بووم، شۆفڵەکان زۆر بچووکتر بوون لەوەی دیبووم؛ دڵنیام هەمان شۆفڵ بوون، بەڵام گەورەبوونی تەمەنی من، ئەوانی بچووک کردبووەوە.
ئەو ڕاستگۆییەی لە زاری ئەو منداڵانەوە دەمبیست، زۆر سەرنجڕاکێش بوو. ئەوان لە ترس و دڵەڕاوکێیەکەیاندا زیادەڕۆییان نەدەکرد و بە شانوباڵی خۆیاندا هەڵیان نەدەدا (وەک زۆربەی گەورەکان). کاتێک هەڵەیەکیان کردبوو وەک خۆی باسیان دەکرد؛ خۆیان نەدەکردە فریشتە و ئەوانی تر بە شەیتان. بیریان لەوە نەدەکردەوە کامە وەڵام بۆ ناوبانگ و داهاتوویان باشە؛ ڕاست و ڕەوان هەرچییان دیبوو یان چۆن هەستیان کردبوو، بارودۆخەکەیان وەک خۆی دەگێڕایەوە.
ئەوەی نیگەرانی دەکردم ئەوە بوو کە هەموویان لە گفتوگۆکاندا قوڕگیان پڕ دەبوو لە گریان و بە ئاستەم باسی گیانلەدەستدانی هاوڕێ و ئازیزەکانیان دەکرد. زۆربەیان لەو دۆزەخانەی بۆ ئەنفال تەرخان کرابوون، لە جیهانی جوانی منداڵیی خۆیان دانەبڕابوون؛ لە زیندانەکانیشدا هەر بە شوێن یارییەوە بوون و هەر شتێکیان دەست بکەوتایە، یارییان پێ دەکرد.
لە گفتوگۆکاندا گوێم لە دەربڕینی زۆر فەلسەفیی ئەوان دەبوو؛ ئەگەر فەلسەفە نەبێت، چۆن یەکێک لە منداڵەکان دەڵێت: "خۆزگەم دەخواست لەو پەنجەرەیەی زیندانەکەوە سەیری دەرەوەم بکردایە و بمزانیایە ژیان لەو دیوە چۆنە؟". زۆربەی منداڵانی نێو زیندانی نوگرەسەلمان بەو عارەبانانەی تەرمی قوربانییەکانی پێ گواستراوەتەوە بۆ دەرەوە، یارییان کردووە. حەزیان کردووە ئەرکیان پێ بسپێردرێت بۆ ئەوەی هاتوچۆ بکەن و بجووڵێن؛ گەرچی وەک منداڵێکی ئاسایی وزەی زۆریان نەبووە، بەڵام هێشتا بزێو بوون و لە مانەوە لەنێو جێگاکانیاندا بێزار دەبوون.
لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ قوربانییەکی ئەنفال، باسی کچێکی کرد کە ناوی "کوردستان" بووە؛ هەر کاتێک پاسەوانەکان بانگیان کردووە، زلەیەکیان لێ داوە. بە دایکیان دەگوت: "دیارە باوکت پێشمەرگە بووە، بۆیە ناوی ناویت کوردستان". ناوەکەی ببووە دوژمنی لەنێو زیندانەکەدا و هەموو بانگکردنێک بۆی ببووە بەڵا، لە کاتێکدا منداڵەکانی تر دۆخیان باشتر بوو.
بۆ من گرنگە ئەو منداڵانەی نێو زیندانەکانی بەعس، یاداشتەکانیان بنووسنەوە. وەک هەنگاوی یەکەم ئەم کارە دەکەم و لێی ناوەستم، بۆ ئەوەی زۆرترین منداڵی ئەوکات بدوێنم. دەزانم زۆر درەنگە، وەلێ مرۆڤ نابێت بوەستێت. منداڵێک کە خۆی پێویستی بە گرنگیپێدان بێت، بەهۆی دابڕانی لە خێزانەکەی ببێتە "مامە خەمە"ی خوشک و برا بچووکەکانی، یان تەرمی دایکی یان برایەکی لە تەنیشتی بێت؛ ئەمە بە چ زمانێک وەسف دەکرێت؟ چ وشە و دەربڕینێک گوزارشتی لێ دەکات؟ بەداخەوە ئەنفال پڕ بووە لەو چیرۆکە خەماویانەی دڵ بەرگەیان ناگرێت و بەڕاستی ڕوویان داوە.
هەوڵ دەدەم چیرۆکی منداڵانی نێو زیندان لە تاوانی ئەنفالدا بنووسمەوە. دەزانن پیر و بەتەمەنەکان زۆربەیان بە حەسرەتی گەڕانەوەی ئازیزانیانەوە کۆچی دواییان کرد و فریا نەکەوتین نە خزمەتیان بکەین و نە پڕ بە دڵ گوێیان لێ بگرین. مام فایەق کوێخا برایم ناحەقی نەبوو کە کاتی خۆی دەیگوت: "ئاخر تۆ چیت دیوە و چی دەزانی؟ ئەوەی ڕووی داوە بە عەقڵی کەسدا نەهاتووە". مام بەهجەت قادر سەرهەنگیش دوای گەڕانەوەی لە نوگرەسەلمان، لە خودا دەپاڕایەوە منداڵەکانیان نەبەن بۆ نوگرەسەلمان چونکە لەوێ "ڕووح دەرناچێت"، بێئاگا لەوەی ئەوانەی لەوێ زیندانی نەبوون، لە شوێنەکانی تر هەموو گوللەباران کراون.