
تایبەتمەندی جوتیارانی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان، ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی جووتیارانی سنووری قەزای مەخموور و ناحیەکانی دیبەگە و مەلاقەرە و قەراج، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ناحییەی دیبەگەیان کرد، لەلایەن بەیار حەسەن نەجار بەڕێوەبەری ناحیە پێشوازییان لێکرا.
لە یاداشتنامەیەکەدا کە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوەو لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی ناحییەوە داواکراوە بگەیەنرێتە شوێنی مەبەست، بەرپرس و ئەندامانی تایبەتمەندی جوتیارانی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان، نیگەرانی خۆیان لە ئاستەنگییەکانی بەردەم کەرتی کشتوکاڵی لەم سنوورەی ناوچەی ماددەی 140 دەردەبڕن و چەند داواکارییەکی سەرەکی دەخەنە ڕوو:
کێشە سەرەکییەکان:
دواکەوتنی شایستە داراییەکان: تا ئێستا بەشێکی زۆری جووتیاران پارەی گەنمی ساڵی ٢٠٢٥یان وەرنەگرتووە.
مەرجی ئەستۆپاکی (براءة ذمة): ناچارکردنی جووتیاران بە هێنانی ئەستۆپاکی ئاو و کارەبا، لەکاتێکدا ناوچەکە لە نزمترین ئاستی خزمەتگوزاریدایە.
داواکارییەکان:
پەلەکردن لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران.
هەڵگرتنی مەرجی ئەستۆپاکی ئاو و کارەبا لەسەر جووتیاران و خاوەن تراکتۆرەکان، بەهۆی خراپی دۆخی گوزەرانیان و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لە ناوچەکەدا.
"سەپاندنی باجی ئاو و کارەبا لە ناوچەیەکدا کە خزمەتگوزاری لێ نییە، غەدرێکی گەورەیە لە جوتیاران دەکرێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی دیبەگە، وێڕای دەست خۆشیی لە هاوڕێییان، بەڵێنی گەیاندنی یاداشتەکەی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دا و پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکان دووپاتکردەوە.
دەقی یاداشتی تایبەتمەندی جوتیارانی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان...
یاداشتنامەی ناڕەزایەتی و داواکاری جوتیارانی سنوری مەخمور
بۆ بەڕێزان:
وەزیری کشتوکاڵی عێراق
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان
پارێزگاری نەینەوا
ئیدارەی قەزای مەخموور و ناحیەی قەراج
سڵاوێکی گەرم...
وەک ئاگادارن، جووتیارانی سنووری مەخموور ساڵانە بە ڕەنج و ماندووبوونێکی زۆرەوە بەرهەمی گەنم دەخەنە بازاڕ و ڕۆڵیان هەیە لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، بەڵام لەجیاتی پاڵپشتیکردنیان، لە ئێستادا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی کارگێڕی و دارایی بوونەتەوە کە بارگرانییەکی زۆری بۆ دروست کردوون، لەوانە:
١. دواکەوتنی شایستە داراییەکان: تا ئێستاش بەشێکی زۆر لە جووتیاران پارەی بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٥یان وەرنەگرتووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر بژێوی و بەردەوامی کارەکانیان دروست کردووە.
٢. سەپاندنی مەرجی ئەستۆپاکی (براءة ذمة): لە کاتی سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتییە کشتوکاڵییەکان، خاوەن تراکتۆرەکان ناچار دەکرێن بە هێنانی ئەستۆپاکی ئاو و کارەبا. ئەمە لە کاتێکدایە کە سنوورەکەمان لە ڕووی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەباوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و ئەم مەرجە بە جۆرێک لە "غەدر" و فشارێکی ناڕەوا لەسەر جووتیاران دادەنرێت.
داواکارین:
بە مەبەستی کارئاسانی و پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ، بڕیاری هەڵگرتنی مەرجی ئەستۆپاکی ئاو و کارەبا لەسەر جووتیاران و خاوەن تراکتۆرەکان بدەن، چونکە بەهۆی دۆخی دارایی و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە، توانای پێدانی ئەو بڕە پارەیەیان نییە.
هیوای هاوکاری و بەدەمەوەچوونتان دەخوازین.
ــ حزبی شیوعی کوردستان
تایبەتمەندی جوتیارانی هەولێر
6 ـ4 ـ 2026