
بە دەستپێشخەری حزبی شیوعی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥/١/٢٠٢٦، سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان و بەشێک لە لایەنە عێراقیەکان ، لە بارەگای مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان کۆبونەوە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان تایبەت بوو، بە دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان.
پاش کۆبونەوەکە ڕاگەیاندراوێکی حەوت خاڵیان بڵاو کردەوە
ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان
بۆ ڕای گشتی ..
ئەمڕۆ، ڕێکەوتی ٢٥ی ١ی ٢٠٢٦، لە بارەگای مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت و فراوانی لایەنە سیاسییە کوردستانیەکانی کەرکوک بە مەبەستی تاوتوێکردنی بارودۆخی مەترسیداری ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا بەڕێوەچوو.
دوای گفتوگۆیەکی ورد و هەمەلایەنە سەبارەت بەو گۆڕانکارییە سەربازی و سیاسییانەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن، ئێمە وەک لایەنە سیاسییە بەشداربووەکان، گەیشتینە ئەم دەرەنجام و بڕیارانەی خوارەوە:
١. ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا ڕوودەدەن، درێژکراوەی هەمان سیاسەتی چەوت و نەگریسی قڕکردن و سڕینەوەی گەلی کورد و پێکهاتە ڕەسەنەکانی دیکەیە. ئەمە بەشێکە لە مێژوویەکی پڕ لە ستەمی ڕژێمە شۆڤێنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەمیشە بە پاڵپشتی و بێدەنگیی هێزە داگیرکەرە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دراوە.
٠٢هێرش و پەلامارو کۆمەڵکوژیەکان کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق و چەکدارانی داعش ئەنجامدەدرێت ئیدانە و شەرمەزار دەکەین
٣. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە مرۆییەکان دەکەین بەزووترین کات بە ئەرکی مێژوویی و ئەخلاقی خۆیان هەستن بۆ پاراستنی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە مەترسیی جینۆساید و ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشی هێزە توندڕەوەکان بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان.
٤. داواکارین تێکۆشانی جەماوەری، فشاری شەقام و چالاکییە دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەردەوام بن و فراوانتر بکرێن، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرش و پیلانانەی کە قەوارە و بوونی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەنە ئامانج.
٥ ستایشی هەموو ئەو کەسایەتی و لایەن و ووڵاتانە دەکەین ، کە هەوڵیداوە بۆ هێورکردنەوەی ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوا ڕوو دەدات
٦. دەستخۆشی لە کەمپینەکانی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری دەکەین کە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆیی پێی هەستاون و داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی شارەکەمان دەکەین پشتیوانی ئەم کەمپینانەبن.
٧. ڕۆڵی ڕاگەیاندن و میدیاکاران بەرز دەنرخێنین لە جوڵاندنی هەستی جەماوەری و بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و بەدەمەوەچوونی بەپەلەی مرۆیی و نیشتمانییان بۆ پاڵپشتیکردنی کەسوکارمان لە ڕۆژئاواو داواکارین ئەو هەڵمەتی میدیاییە بەردەوام بێت
سەرکەوتووبێت ئیرادەی یەکڕیزی و پۆڵایینی گەلەکەمان. سەرشۆڕی بۆ دووژمنان و داگیرکەران .
حزب و لایەنە سیاسیەکانی کەرکوک
٢٥/١/٢٠٢٦