(٤١)

  بڕوام بە ئاگر و دۆزەخ نییە

باپیرە گیان، من بڕوام بە ئاگر و جەهننەم و شت نییە، بۆخۆ خوداوەند نیرۆن و داعشێکی دڵ ڕەق نییە، تا بێت و مرۆڤ بسووتێنێت !

چییە وەلڵا تۆ لە دنیادا لەچکت نەکردووە و خۆشەویستیت کردووە و  ڕۆژووت نەگرتووە و باوەڕت بە فلان پەیامبەر و بەو ئایین نەبووە !

خودا هەرگیز لەسەر ئەو شتانە مرۆڤ سزا نادات، بەڵکو لەسەر ئەمە سزات دەدات کە بۆچی مرۆڤ بوونت پێڕەو نەکرد و نەتکرد بە ئایین و ڕێبازی خۆت و

خوداوەند پێمان دەڵێت: نەتزانی لای من گرنگ نییە عەقیدە و بیروباوەڕی ئایینیت سییانەبێت، یاخود یەکتاپەرستی، یاخود بتێک بێت، گرنگە ئەوەیە ئەوەی تۆ دەیپەرستیت چەندە لەگەڵ مرۆڤدایە و ئایینەکەت چەندە مرۆڤانەیه.

تاچەند ڕێزی لە ئازادی و کەرامەت و خواست و مافەکانی مرۆڤ گرتووە و تاچ ئەندازەیەک مرۆڤ بوونی ڕەچاوکردووە و مرۆڤ بوونی لە تێکستەکانیدا بەرجەستەکردووە.

تاچەند ئەو خودایەی تۆ دەیپەرستیت بۆ مرۆڤە و لە خەمی مرۆڤایەتی و لەگەڵ مرۆڤ بوون و مرۆڤدایە. هەر ئایینێک بە مرۆڤبوون دەپێورێت و هەڵدەسەنگێندرێت، نەک خوداوەندبوون و بۆ سەلماندنی تێکەستەکانی ئایین و گومان نەکردن لەڕاستێتی و دڵنیابوونەوە لەئیلاهی بوونی هەر تێکستێک، پێویستمان بە هیچ عەن عەنە و بە سەنەد و گێڕەڕەوە(راوی)یەکە نییە، بەڵکو ئینسانیبوونی ئەو تێکستە و تێکنەگیرانی لەگەڵ مرۆڤبوون و ویژدان و ئەخلاق و مۆڕاڵی مرۆڤایەتی و پێوانەکردنی بەپێوەرەکانی مرۆڤ، بەسە تابزانین ڕاستە یاخود هەڵبەستراو، وەری بگرین یان ڕەتیکەینەوە.

 ئایینی ڕاست ئەو ئایینە نییە کە بانگەشەی مۆنۆپۆڵکردنی ڕاستی دەکات، بەڵکە ئەو ئایینە ڕاستە کەمرۆڤ بوونی تێدا قورخکراوە، مرۆڤایەتی تێدا ڕەچاوکراوە، مرۆڤ تێدا ڕووگەیە، مرۆڤ تێیدا سەنتەرە، مرۆڤ تێیدا گەوهەری ئایین و حەقیقەت و پیوەرە.

 یەکتاپەرستی خوداوەند، یەکتایی مرۆڤایەتی و خۆشویستنی مرۆڤەکان و برایەتی مرۆڤایەتییە، بەرلەوەی مشتومڕی ئەوە بکەین کە خوداوەند دەست و پێی هەیە یاخود نا!

بۆیە تەنها بۆ نامرۆڤەکان، ئەوانەی لە مروڤایەتی لاددەن سزا هەیە، ئەویش سزای فیزیکی نا، بەڵکو سزای سایکۆلۆژی و زیندانی و شتە.

ڕۆڵەکەم داسنیەکەم، ئەوەزۆر گرنگە.

باپیرە بەبڕوای منیش، مرۆڤ پێویستی بە قەشە و کاهین و پیاوانی ئایینی و لاهوتیەکان نییە، تا فێری پەرستشی بکەن. بەڵکو مرۆڤەکان پێویستیان به مرۆڤە شۆڕشگێڕەکانە تاکو لەکۆیلایەتی ڕزگاریان بکەن،

بەڵکوو وەک عەبدولڕەزاق جوبران دەڵێت قەیران و کێشەی ژیانی مرۆڤەکان قەیرانێکی لاهۆتیانە نییە لە بەندایەتیکردنیدا، بەڵکو قەیرانی بوونیەتی لە بە کۆیلەکردنیدا، بۆیە کێشەی مرۆڤەکان هێندە کێشەی عەقیدە نییە، بەقەد ئەوەی کێشەی ستەمە.

- زۆر ڕاستە ڕۆڵەکەم،  جا مەهزەلەکە ئەوەیە،  ئەوانە بە من دەڵێن شەیتان و بە ئێزداییەکانیش کافر و شەیتان پەرست !

ئەوانە نەزانن باپیرە.

پاپیرە دەزانی کافر کێیە؟

بە بڕوای من، کافر ئەوانەن تەجاوزی مرۆڤایەتی دەکەن و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن و خەڵکی ئازاردەدەن. مرۆڤەکان دەکەن بە کۆیلە و کەنیزە و ماڵی خەڵکی دەدزن و ئازادی خەڵکی دەستبەسەردادەگرن و ژیانی مرۆڤەکان بە دۆزەخ دەکەن.

 ئەوانەن کاری توندوتیژی ئەنجام دەدەن و خوداوەند لەبەرگی تیرۆردا پیشان دەدەن.  ئەوانەن تێزی ڕێژەیی ڕەتدەکەنەوە و خۆیان وەکو کۆتا ڕاستی و دوایین تەفسیر و یەقینێکی سەرو گومان پیشاندەدەن و حەقیقەتەکان لەسەر ناوی خۆیان تاپۆ دەکەن !

 کفر باوەڕ نەبوون بەبوونی خوداوەند و داننەنان نییە بەو زاتە، بەڵکو کفری ڕاستەقینە باوەڕنەبوون و داننەنانە بە مرۆڤ بوونی مرۆڤەکان، کفر سڕینەوەی خودایەتی خوداوەند نییە، هێندەی سڕینەوەی مرۆڤ بوونی مرۆڤەکانە. کفر بابەتێک نییە پەیوەندی نێوان خوداوەند و مرۆڤ بێت، بەڵکو کفر پەیوەندی نێوان مرۆڤێک و مرۆڤێکیترە.

کافر ئەو کەسە نییە باوەڕی بە دۆگم و عەقیدەی ئایینەکان نییە، کافر ئەو کەسەیە باوەڕی بە دادپەروەردی، ئازادی، لێبوردەیی، ئاشتی کۆمەڵایەتی، فرەیی ئایینی و پێکەوەژیان، جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان نییە. باوەڕی بە سەربەستی ژن و ژیان دۆستی و ژینگە دۆستی و ئاژەڵدۆستی ونیشتمان دۆستی نییە.

کافر ئەو کەسەیە باوەڕی بە مافەکانی تاک نییەو ڕێز لە حەز و هەڵبژاردن و خواست و تایبەتمەندی مرۆڤەکان ناگرێت و دەست لە ژیانی تایبەتیان وەردەدات و دەم لە هەموو شتێک دەکوتێت و قسە لەسەر هەموو شتێکی مرۆڤەکان و دار و بەرد دەکات. کافری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە خۆی لە خەڵک دەکات بە گوتەبێژی خوداوەند و بەناوی خوداوە فەتوا دەردەکات و بڕیار لەسەر ژیانی خەڵک دەدات و دونیایەک بکەو نەکە و نۆرمیان بۆ دادەڕێژێت و دەیان بت لەبەردەم بوونیان ڕۆدەنێت و بە تابوو و حەرام و توندوتیژی ژیانیان لێدەکات بەدۆزەخ.

کافر ئەو مرۆڤەیە خۆی دەکات بە سێبەری ئاسمان و بە تەمی تاریکی ئایدیۆلۆژیاکەی ژیانی مرۆڤەکان دادەپۆشێت.

بێ بڕواو فەرمەسون ئەو ئینسانەیە کە ئایین تێکەڵ بە سیاسەت دەکات و خۆی دەکات بە نوێنەر و پەڕلەمانتاری ئێزدان و مەکتەب سیاسی و ئەنجومەنی باڵا و کەناڵی تەلەفزیونی بەناوی ئەوەوە دادەنێت.

کافر هەموو ئەوانەن خۆیان دەکەن بە شمشێری خوداوەند و گەرووی ئازادییەکانی خەڵک دەبڕن. تیرۆر و ترس بڵاو دەکەنەوە. کۆتری ئاشتی لە سێدارەدەدەن و پەپولەی ئازادی تیرۆر دەکەن. مرۆڤایەتی خەڵتانی خوێن و ژیان وێران دەکەن.

زۆر ڕاستە گیانی باپیرەی. گەلێک جوانت فەرموو، ئافەرین.