
محمدی مام ڕەسوڵ
من کە بەدەنگی کۆخەی کانیەک بەیانیان بەخەبەردێم
لەولای هەرەسی هەورازێکــەوە
گـیا بانگ دەداو
هێندە نابا ،
نەسیمێکی گۆنائاڵ دەست دەگرێ بەپەنجەرەوە !
کەباخچە لەقامەت دەبێتەوە
ڕووەو ڕوبار
سێبەرێک ڕادەخەم ،
تەوێڵم دەخەمە سەر خۆرەتاو !!
خۆ تۆش وەکو دایکم نیت
پیاڵەکانی تەنیاییت بەکەفاوی خەیاڵتەوە بشۆی ؟!
من لەبەر تۆ ،
لەنێوان دوو کەوانەی سەوز باودا
جار جار قومێک لەژیان دەدەم !
حەزم لێیە هەموو ڕۆژێک ،
قەفەزێک گۆرانی لەوەرزی گریانی خۆم وەردەم
کتێبێک لە مۆسیقات بۆ بژەنم !!
هەر لەبەرتۆ ڕستەی ڕیشۆڵەکانم شیکردەوە بۆ ئاسمان
تا هەوێردەیەکی نابەڵەد ،
دەنوک لە تاڵەکانی شەختەو
لە خرخاڵــی خەزان نەدا !
تا شەو لەبەردەم ئاوێنەیەکدا
یادەوەری تف نەکاتەوە ..
تا بەندەری ئەو شکۆفەیە باوەشێن لەهاوین فڕێ نەداو
نەبێتە خەڵتانی چۆڵترین شوێن !
ئەها ئێستا گوێم لەشکانی دڵی خۆمە ؟!
قەیدی ناکـا
بادیواری ئەو سێبەرە درزێک نەبـا !!
هێندە پەرتم ،
دال و مەدلوولەکانی شیعریشم پێ کۆناکرێنەوە
هەر بۆ ئەوەی ڕستەیەک لە گۆرانی و
جارێکی تر ،
تریفەی تەماشات بڕژێتە سەبەتەی سینگمەوە
ئەوەندە بەهەڵـە دەست بۆ چڵی پشکۆکان دەبەم !
بەبەرچاوی داوەڵەکانی مردنەوە ،
خەریکم قامکەکان گڕوگاڵ و
بەرەدەستی گەڵاو
پشتێنی ڕەچەڵەکی شیعرو
هەڵاڵەی پەنجەکانت بۆن دەکەم !!!