
كۆمۆنیستەكان
ئیبراهیم هەورامانی
شوباتی 2024
باوكم،
پیاوێكی كەمدوو بوو،
هەندێكجار،
دەدوا، دەیووت:
كۆمۆنیستەكان،
زیندان نا،
باخچە دەچێنن.
برسێتی نا،
دەغڵوو وگەنم دەڕۆێنن.
باوكم وای دەووت:
كۆمۆنیستەكان،
دەستیان پڕە لەپێكەنین.
گریان،
لەڕۆح دەتۆرێنن.
چاویان
ڕوو لەئاسۆیە.
خۆر،
بۆ تاریكی دەهێنن.
بێ ئەوەی،
لەڕوو دابمێنێ،
باوكم وای دەووت:
كۆمۆنیستەكان
ئاوون،
زەوی تینوو،دەبوژێنن.
** * *
باوكم دەیوت:
بۆئەوەی كۆمۆنیستەكان بناسن
لە دەست و
ڕۆخسارو
جەستەیان بڕوانن.
دەست، شەقار شەقار،
ڕوخسار،
پڕلە شەوق و
جەستە ماندوو.
باوكم دەیووت:
گوێ لەترپەی دڵیان بگرن؟
دڵیان گەورە،
پڕ لە دەنگی ئازادی
لە سەربەستی،
لە یەكسانی.
دڵی ئەوان.
* * **
باوكم دەیووت:
گەر ویستتان،
كۆمۆنیستێك ببینن.
ئەوان ماڵیان،
لەگەڕەكەكانی خوارەوەی شارە.
ئەو گەڕەكانەی،
خانووی نسرم و
ڕێگای خۆڵ و
بێ ماركێت و
بێ پارك و قوتابخانەی گەورەیە.
ئەوان جێیان،
لەكارگە گەورەكان و
مەیدانە.
ئەوان،
كۆشك و تەلار بنیات دەنێنن.
بەڵام خۆیان بەبێ لانەن.
ئەوان،
خاوەن هێز و بازووی پڕ بەرهەمن.
بەڵام خۆیان بەبێ نانن.
باوكم دەیووت:
كۆمۆنیستەكان،
بۆئەوەی برسێتی نەبێت
دەبنە نان.
بۆئەوەی تینوێتی نەبێت،
دەبنە باران.
** * **
باوكم،
پیاوێكی سیاسی نەبوو،
كەمدوو بوو،
بەڵام زۆرجار دەیووت:
كۆمۆنیستەكان،
دەمرن،
بۆئەوەی ئینسان،
بژی،
بەئازادی
بە یەكسانی.
** * **
باوکم دەیووت:
بۆ ئەوەی گوڵ هەڵنەوەرێ،
ئاسمان،
پڕ لە ورشەی ئەستێرە بێ،
مانگ نەدزرێ.
باوکم دەیووت:
بۆ ئەوەی پۆلیس،
دەنگی شەقام بێ دەنگ نەکا.
گوللە،
سنگی لاوان کون،کون نەکا.
نان نەسوتێ،
ڕەنج نەدزرێ.
نیشتمان،
بدەنە دەست کۆمۆنیستمان.
لەدەست
ئاغا و شێخ و پارەپەرست،
دەری بێنن.
تەنیا و تەنیا،
بە کۆمۆنیستانیان بسپێرن.
باوکم دەیووت:
ئائەو کاتە،
بۆنی بەهار دەکەن
تامی نان دەکەن.
دەزانن ژیان چەندە شیرینە،
نیشتمان،
کانگەی ئەڤین و ئەوینە.
باوکم،
تامرد.
هەموو جارێ دەیوتەوە.
نیشتمان،
بە کۆمۆنیستان بسپێرن.
تاوەک ئینسان،
لە نادادی و کۆیلایەتی دەر بهێنن.