محمدی مام ڕەسوڵ 

چەند جوانە ؟!

لەدەمی ئاوابوون و 

لەپەرەگرافێکـــی تاریکدا 

شاعیرێک بەڕوناکــی خۆی بشوا ؟! 

تۆش لەدەمی ووردو خاش بوونی من 

ئەوەندەی چاڵ و چۆڵی بازگەکانی خەیاڵ 

خۆڵەکەم بپڕژێـنە بەباخچەدا 

نەکا گڤەی ئەو مەملەکەتە کەڕولاڵ بێ و

ساڵێکی تر هەرمێکانی ئێرە پایز بگرن !! 

نازانم ئەو هەموو شکانە چۆن لەمندا جێی بۆتەوە ؟!

کەدەم دەبەم بۆ ڕوناکی ،

ئاگر دەڵێ بمخۆرەوە 

ئاو دەڵێ : کۆنترین ڕۆیشتنم بگەیەنە ماڵەکانی مێژوو 

ئاخر ئێمە لەپێناو چیدا نەبووینە ڕوبار ؟! 

کەغەریبیم دەکەمە شیعر 

ڕۆمان دێت و سێبەری دار تووەکانی خۆی  دادەنێ و

هەرەسی داستانێکی کەسکیش، 

 جۆگەلەی فاریزەکانی لێ دەڕژێن 

هەورێکی سپی و ئاوابوون دێت  

قەڵەمێک دەچێتەوە هەڕەدی منداڵی  !

تا تۆم هەبێ ،

پێم خۆشە ئەوەندەی بەفر هەناسە دەدا 

منیش بەسەر ڕێواسی  ئاهەکانتدا ببارم ! 

ئەودەم هەموو شتێک لەمندا دەبێتە ڕستەو 

دەبێتە کەڕنەڤاڵی  وشە !

خەریکە لەو پایزستانەدا ، 

دەست لە شپرزەیی خۆم دەدەم 

خەریکم هەرچی بێداریمە لە شیعری هەڵدەسووم 

ئاخر شەممەیەک خۆی پێ تەرجەمە ناکرێ و 

شەقامی ڕووت کردۆتەوە 

لەبن نسێ ی ڕەقبوونەوەی کانونا 

هەڵکوڕماوەو بەعیشقەوە نەی لێدەدا  !!