
عومەر خدر كاكیل
بەهۆی پێشمەرگایەتی باوكم ، بۆ خۆحەشاردانەوه له چاوی دەسەڵاتداران (حەرەس قەومیەكانی) ئەوكاته ماڵمان چووبوه گونده دووره دەست و جوانەكەی (سرێشمەی) دۆڵی ڕوستێ ،"كه گوندی ماڵه خاڵەكانم بوو"..
لەو گونده جوان و دووره دەسته، له 5/7/1963 له دایك بووم.
دوای گەڕانەوەمان بۆ زێدی باوكم "كاولۆكان". منداڵیم له سروشته جوانەكەی گوندەكەمان، به مەلەوانی و ڕاوه ماسی به قولاب و له (بڤه)ی باوكم و یاریكردن لەگەڵ هاوتەمەنەكانم ، چوونه قوتابخانەو فێربوونی یەكەم پیتی ئەلف وبێ لەسەر دەستی مامۆستا (سەمەدە فەندی) بوو. ئێمەی منداڵ زستانه سارد و بەفراوییەكەی گوندەكەمان و شەڕەتۆپەڵه و تەپكەدانانەوه بۆ باڵندەی وەک ڕیشۆڵەو سۆفه قیته و كێژوله و زەردۆره و جۆرەها بولبولی ڕەنگاوڕەنگی دیکە بەسەر دەبرد و لە زستانی ساردی ئەم دەڤەرەدا بێ جلوبەرگی و بێ پۆتینی گەرمی لەبیر دەبردینەوه. بۆیە ئێستاش دیمەنه زیوینیەكانی بەفر و خلیسكانێی سەر گۆمه بەستوەكانی ئەوكاتی، كاریگەریان لەسەرم ماوە و پاش بەڕێکردنی نیو سەدەی تەمەن، له (پیرمام) وەرزی زستان و بەفرم لە لا خۆشترین وەرزی ساڵە.
من هێشتا تەمەنم دە ساڵان بوو، بەهۆی كاری سیاسی باوكم، ماڵمان گواستەوه بۆ شاری هەولێر. تا ئەوكاتیش وام دەزانی دونیا تەنها بریتیه له گوندەكەمان و ڕوبار و خەرەند و قونگرێ شەمامێ و لۆفەكانی ڕواندزێ و بازاڕەكەی. كه گەیشتینه هەولێر، لەسەر پشتی لۆری (قەڵاتی هەولێر) و (منارەی چۆلی)م لێوەدەركەوتن و شەقامی شەست مەتری دونیایان لەبەر چاو گەورەتر نیشاندام.
مێرمنداڵیم له گەڕەكی نزیك (چایخانەی بایز)ی بەشێوەیەكی تر دەستپێكرد. سەرەتاییم له قوتابخانه دوونهۆمیه گەورەكەی (هەلگورد) "ئەو هەڵگوردەی له دامێنیا لەدایك بووم " ناوێك بوو هەمیشه خۆشحاڵی دەكردم .مامۆستاكانی و بەڕێوەبەرەكەشمان مامۆستا (كەریم شارەزا)و (شێخ مەحمود) وانەكان و وشەی كوردی و خوێندنەوە و شیعر و زمانی كوردیان لا شیرنتر كردم.
قوتابخانەی ناوەندی و ئامادەیی پیشەشازیم هەر له هەولێر تەواو كرد. هەژاری و نەبوونی و بوونی باوكم به پێشمەرگه زوو خستمیانه بەركاری قوڕس و تاقەت پڕوكێن. هەر له قوڕ كێشان و بلۆك باركردن و چەمەنتۆ باركردن و جۆرها كاری تر كه هێشتا له تاقەتی من نەبوو، بەو هۆیەش زۆر جار خاوەنكار بەیانیەكەی زوو لەسەر كار بەڕێی دەكردم و بەدڵشكاوی حەسرەتەوه بەرەو ماڵ دەبوومەوه ..
ساڵی 1990 هاوسه‌رگیریم كرد و چوار كوڕ و دوو كچمان هه‌یه ، نۆبهرهكهمان كوڕ بوو له 12/12/1990 هاته دونیا، له خۆشه‌ویستی شاعیری گه‌وره (نالی) ناوم نا نالی هه‌م وه‌ك ناوێكی كوردی جوان و هه‌م وه‌ك ناوی باوكم (خدر). مناڵه‌كانی تریشم هه‌ریه‌كه‌و به مه‌به‌ستێك ناونا ( رێگاسهركهوت ) له خۆشه‌ویستی ڕژنامهكهمان و فیلمه جوانه‌كه‌ی (یۆڵ - ڕێگا)ی (یه‌لماز گۆنای) و شه‌هید (سه‌ركه‌وت) برا جوانهمهرگهكهم و (چیله)ی كچه گه‌وره‌م له خۆشه‌ویستی پورێكم له‌سه‌ر داخوازی ئه‌و نانا. (فوڕات و ئه‌ستێره)ی دوانه و پاشهبهرهمان (هندرێن) بۆ بۆ به‌رز ڕاگرتنی ئه‌و داستانه مه‌زنه بوو كه باوكم یه‌كێك بوو له فیدائیه‌كانی ئه‌و داستانه. هه‌موو جار كه ده‌چوومه گونده جوانه‌كه‌ی (جنێراوه) دهمگووته خزمانی ئه‌وێ، ئێوه‌ی دانیشتوی بناری (هندرێن) بۆ هه‌موو شتێك ڕوو له (هندرێن) ده‌كه‌ن. هه‌ر له كه‌نگر و ڕێواس و قه‌زوان بگره تا ڕاوه‌كه‌و و داری سوتان و داچاندنی ڕه‌ز و ترێ. كه‌چی تا ئێستا مناڵێكتان به‌ناوی (هندرێن) نه‌كرد، بۆیه من وا له‌بری ئێوه‌ش كوڕه‌كه‌می بهناودهكهم..
بێگومان هونه‌ری فۆتۆگرافی كە له دوو وشه یۆنانی پێك دێت (فۆتۆ) به‌مانای رووناكی، (گراف) به‌مانای نوسین، پیكه‌وه واته (نوسین به‌هۆی رووناكی) دێت. مرۆڤ هه‌ر له‌دێرزه‌مانه‌وه وه وه‌ك زانستێك لێی ڕوانیوه‌و و په‌ره‌ی پێداوه تا گه‌یشتۆته ئه‌و قۆناغه پێشكه‌وتوه‌ی ئێستا. ئاخر به‌هۆی ئه‌م هونه‌ره چه‌ندان كاره‌ساتی مرۆیی دژه ئینسانی به‌نه‌مری ماونه‌ته‌وه‌و كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی په‌ند و وانه‌ی لێوه‌رده‌گرن.
مێژووی هونه‌ری فۆتۆگراف له‌كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1912. له‌سه‌ر ده‌ستی (محه‌مه‌د یوسف غه‌زنه‌وی) بۆ یه‌كه‌مین جار له شارۆچكه‌ی ئاكرێ ستۆدیۆی تایبه‌ت به وێنه‌گری كرده‌وه، نووسه‌ر و مێژوونوس (حوسێن حوزنی موكریانی)یش فۆتۆگرافی له‌كاری ڕۆژنامه‌نووسی به‌كار هێنا .
له تەمەنی 30 ساڵی بۆ بژێوی ژیان دەستم به پێشەی وێنەگری كرد، بەرەبەره كارەكەم لا شیرن بوو. بەهۆی خوێندنەوەی بەرهەمەكانی فۆتۆگرافەر(فارس سەعدی)و گۆڤاری(تاو)ی تایبەت به فۆتۆگرافی، شارەزای كارەكه بووم وەك هونەرێكی جوان و بەرز، بەردەوام لام خۆشەویستر دەبوو. ئێستاش وه‌ك ئاره‌زوێك و شه‌یدایه‌كی ئه‌و بواره به‌رده‌وامم.
چەندان پیشانگای فۆتۆگرافیم له شارۆچكەی شەقڵاوه كردەوه. هەروها بەردەوام لەهەوڵدابووم بۆ كۆكردنەوەی وێنەی پێشمەرگایەتی باوكم و شەهید سەركەوتی برام، بەسەدان وێنەم ئەرشیف كردوه. له 31/3/2018 بەشێك لەو وێنانەم له پێشگایەك نمایش كرد. بۆ شارەدێی پیرمامیش دوای كۆكردنەوەی سەدان وێنەی مێژوویی ڕەش وسپی، به هاوكاری كاك (عەبدوڵا حەمەدەمین كەبابچی- پیرمام) پیشانگایەكمان له قوتابخانەی سەلاحەددین كردەوه به ئامادەبوونی سەدان كەس، چەند ڕۆژێك بەردەوام بوو و دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو .
ئەوسروشتەی له منداڵی تێكەڵی ڕۆحم بوو و كاریگەری لەسەرم هەبوو و سەرنجی ڕادەكێشام، ئێستا خەریكی چنینی بەرهەمەکەیم و به سەدان وێنەی سروشتی زۆربەی ئەو ناوچانەم گرتوه كه سەردانم كردوون. بهردەوامیش دەبم، خۆشحاڵیشم كە لە 29/5/2023 چوارەمین پیشانگای تایبەتی و یەكەم پیشانگای تایبەت بە سروشت لە گەلەری میدیا لەژێر ناوی (سروشت لە نێو چاوی كامێراكەم)بە ئامادەبوونی هونەردۆستان و جەماوەرێكی بەرچاو كردەوەو دوو رۆژ بەردەوام بوو، جێگای رەزامەندی بینەران بوو..
لەكاتی ئامادەبوونیشم لە كۆڕ‌و كۆبوونەوە ئەدەبی و سیاسیەكان، وێنەی پۆترێتی سەدان شاعیر‌و نووسەر و كەسایەتی جوانم چركاندوە و لە ئەرشیفەكەم پاراستوومن، هەمیش لە رۆژنامە و گۆڤارەكانیش بڵاوم كردوونەتەوە.. ئاخر وێنەی پۆرترێتیش كە بەشێكە لە هوونەری فۆتۆگرافی، هەم سەلیقەیەكی هونەری باشی دەوێ و هەم خۆشم زۆرم ئارەزوو لێیە..
من وه‌ك فۆتۆگرافه‌رێك، كاتێ ئه‌و وته‌یه‌ی (ئه‌ریك فرۆم) م له كتێبی (به‌ناوی ژیانه‌وه) خوێنده‌وه كه ده‌ڵێ: " وێنه‌گری باش له‌پێشدا له‌ودیمه‌نه ورد ده‌بێته‌وه كه ده‌یه‌وێ وێنه‌ی بگرێت ئینجا ده‌ست بۆ كامێراكه‌ی ده‌بات. ئه‌و ته‌ماشاكردنه و وردبوونەوەیه جۆرێكه له كارامه‌یی". زۆر هه‌ستیارانه‌تر و به دیقه‌تتر له دیمه‌نه‌كان ورد ده‌بمه‌وه و ئینجا وێنهكە ده‌گرم. هه‌ر دوای ئه‌م چه‌ند دێڕه، ده‌مه‌وێ جیاواز له جاران دیمه‌نه‌كان ببینم..