نووسینی: جەلال دەباغ

 ئەم شیعرەم بە وردی خوێندەوەو بە پێچەوانەی زۆر شیعری دیکەی شاعیرەوە، نەک  هیچ چێژێکم لێوەرنەگرت، بەڵکوو واهاتە بەرچاوو بیرم کە نموونەی شیعرێکە پڕ لە ڕەشبینی و ورە بەردان و بەهەڵە لێکدانەوەیەو، بەداخەوە کە دەشنووسێت: " ئەم شیعرە پڕ بەپێستی ئەمڕۆیە" کە لیرەیشدا نیشانەکەی نەپیێکاوەو بێ بڕواییبە تێکۆشان بڵاودەکاتەوە. بۆچی؟

چونکە دەڵێ:

"وەك سێوێكی قەپاڵ لێدراو

لایەكی جەستەم گەنیوە

كەسێك تفم دەكاتەوەو

كەسێكیش دەمكاتە نیوە"!!

مەبەستی لەم وشانە چییە؟

ئەگەر مەبەستی نیشتیمانە داگیرکراوو دابەشکراوەکەمانبێ ئەم جۆرە خوێندنەوەیە زانستانەو ڕاست نییەوگونجاو نییە..

پاشان بەردەوام دەبێت و دەڵێت:

درەختێكی رۆخ روبارم و

لافاو دەورەمی تەنیوە

خاوەنەکەم لە دوورەوە

چاوی لە کەوتنم بڕیوە

لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێشێ: ئەمە چۆن خاوەنێکە ؟! خاوەنەکەی کێیە لە (دوورەوە) چاوی لە کەوتنی بڕیوە؟

بۆ بەڕاشکاوی ناوی "ئەو خاوەنە"! نابات؟

خاوەنی نیشتیمانی کوردستان هەر گەل و نەتەوەی کوردەوبەس، ئەو نەتەوە چەوساوە ژێردەستەیەشمان بەهیچ جۆرێک چاوی لە کەوتنی نەبڕیوە، بەڵکو ساڵەهای ساڵە لە پێناو هەستانەوەیدا، ڕزگارکردنیدا،هێنانەدیی یەکێتیی نەتەوەییدا، خەبات و شۆڕش بەرپادەکات و قوربانی دەدات.بەڵام کە هێشتا بە یەکجاری سەرنەکەوتووە مانای وانییە چاوی لە کەوتنی بڕیوە..!

ئینجا دەڵێ: "

وەكو سێوێ‌ وەك درەختێ‌

قەت رەشەبا نەیكەواندووم

وەلێ‌ ئێستا شلوشەكەت

هەستدەكەم گەلێ‌ ماندووم"..

دیارە سێوو  درەخت زۆرجار ڕەشەبا دەیانخات.

بەڵام ئەمی نەخستووەو" شلوشەکەت هەست دەکاگەلێ ماندووە"! شەکەت بە مانای شکاودێت: بۆیە واپێدەچێ بڵێت:"شەل نییەو پای شکاوە.."!.

لە ئەنجام و کۆتایی شیعرەکەیدا دەڵێت:

"دەستاڕێكی لێكەوتووم و

هەرتایەم لەنێو دەستێكە

لەنێو دوو زۆندا كەوتووم و

پێویستیم بەتوانای كەسێكە"!!

ئیتر هەر هێندەیەو شیعرەکە تەواودەبێ!!

کوا دەستار تایەی هەیە؟ بەکوردییەکەی پێچکەشی نییە!بەهەردوو بەشەکەی سەرو ژێری وبەدەستگرەکەشییەوە ئەوجا دەبێ بە دەستاڕ، واتە" دەستهاڕ" بۆ هاڕێنی گەنم و ساوەرو شتیوا. جا چۆن ئەو نیشتیمانە جوانەی کوردستان دەشوبهێنێ بە دەستاڕ.؟!

دەستاڕێکی لێکەوتووش؟!

دواجار مەبەستەکەی خۆی دەردەخات و دەڵێ: "لە نێو دوو زونا کەوتووم و"

"پێویستم بەتوانای کەسێکە"!!

 لێرەدا ئەگەر لەو وتەیە تێپەڕین کە عەرەب واتەنی دەگوترێ: "المعنی في قلب الشاعر- ماناکە لە دڵی شاعیردایە"ئەم پرسیارانەش دێنە پێشەوە: ئەو دوو زۆنە کامەن؟  "دیارە مەبەستی زۆنی سەوزو زەردە"، ئەی ئەو "کەسە" کێیە کە پێویستی بە توانایەتی رزگاری بکات؟؟!

لە هەر کەسێکم پرسی کە ئەو بەئەنجامگەیشتنە لێکبداتەوەو دەبێ مەبەستی چیبێت، بەڕای هەندێکیان گوتیان"دەبێ مەبەست زۆنی سەوزو زەردبێ"،واتە یەکێتی و پارتی!!

ئەی لەوە مەبەستی "کێیە" کە دەڵێ لەنێو دوو زۆندا کەوتووەو پێویستی بەتوانای کەسێکیترە رزگاری بکات؟!!

"پاڵەوانێکە" یان گەلێکی تێکۆشەرە کە شۆڕشگێڕانی کۆڵنەدەر سەرکردایەتی بکەن بۆ خۆرزگارکردنی لەدەستی ئیمپریالیزم و داگیرکاران؟! کە بەرپرسن لە داگیرکردن و پارچەکردنی نیشتیمانەکەمان؟

باشترنەبوو هاورێ سەلام، لە جیاتی ئەو شیعرە کە هیچ جوانکارییەکی تێدا نییە، لە وتارێکی سیاسیدا رەخنەی زانستانە لە بەڕێوەبەرانی ئەو دوو زۆنە بگرێت و بەڕاشکاوی قسەی خۆی بکات؟!.

تکام وایە هاوڕێ سەلام ڕێگەم بدات کە بەهۆی نووسینی ئەو چەند دێڕەیەوە منیش ئەمەم بەبیردا هاتووە لێڕەدا بنووسم:

  (نیشتیمانی داگیرکراو)

 

 کوردستانی ئێمەی داگیرکراو

نابێ وەک سێوێکی قەپاڵ لێدراو

پیشان بدرێ..

کە نیوەی جەستەی گەنیبێ

یان درەختی رۆخ روباربێ

کە لافاو دەوری تەنیبێ

گەلەکەشی لەدوورەوە

چاوی لە کەوتنی بڕیبێ..!

         ***

گەر ئەوەندە بێ بەختبێ

 وەکو سێوو درەختبێ

شلوشەکەت و ماندوبێ

دەستاڕێکی لێکەوتووبێ

کێ دەتوانێ رزگاریکا..؟

لەو کەوتنە دەربازیکا..؟

         *****

نیشتیمانی خۆشەویستمان

 کوردستانە

وەکو هەموو نیشتیمانێک

ڕازاوەیەو..جوانە

چاوی لە دەستی کەس نابێ رزگاریکا

دەبێ خۆی وپشتیوانی دۆستەکانی

دەربازیکا.

مافی ڕەوای یەکێتیی نیشتیمانەکەی

بسەلمـێنێ

  چارەنووس و سەربەخۆیی دەوڵەتەکەی

 بەدەستبێنێ...

                بەدەستبێنێ...

       *****