رۆژ هەڵەبجەیی

(1)

پێچاو پێچ ڕاده‌كه‌ن،

شه‌پۆلی‌ شه‌قامه‌كان نا،

كه‌وشی‌ كۆڵانه‌كان!!

(2)

درێژ درێژ ده‌روا،

پێكه‌نینی‌ دره‌خته‌كان نا،

هه‌ناسه‌ بڕكێی ئاو!!

(3)

تاریك تاریك ده‌فڕێ،

باڵه‌كانی‌ شه‌و نا،

شه‌قژنی‌ شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌!!

(4)

نه‌رم نه‌رم ختوكه‌ ده‌داته‌ ته‌ناف،

جگه‌ره‌كێشانی‌ (با) نا،

لاسكی‌ ستیانێك!!

(5)

پڕ پڕله‌خه‌یاڵا نغرۆ،

بینین له‌په‌نجه‌ره‌ نا،

ده‌موچاوێك له‌فیراقا!!

(6)

چه‌پك چه‌پك ترس درومان ده‌كه‌ن،

داهۆڵی‌ كێڵگه‌كان نا،

نه‌عره‌ته‌ی‌ ژنانی‌ عه‌فرین!!!

(7)

دڵۆپ دلۆپ دارستانێك ده‌ژه‌نێ،

هه‌نسكی‌ هه‌ورو هه‌ناسه‌ی‌ باران نا،

ئه‌لفابێتی‌ چۆله‌كه‌ په‌مه‌ییه‌كان!!

ڕۆژ هه‌ڵه‌بجەیی