لە بەیاننامەیەکدا، مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێراق،بەزاندنی سەروەریی نیشتمانی بە مەترسیدار ناودەبات و بە پێویستی دەزانێت ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.
داواش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات لەبری بانگهێشتکردنی ڕووکەشانەی بەرپرسان، لێپێچینەوەیەکی شەفاف و ڕاستەقینە لەگەڵ سەرکردە باڵا ئەمنییەکان دەست پێ بکات
🔺ناوەڕۆکی بەیاننامەکە

​ئاشکرابوونی هەواڵی بوونی بنکەیەکی نهێنیی ئیسرائیل لە ناو خاکی عێراق و بەکارهێنانی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە ئێران، پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی عێراق و هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، ئەمە بێدەنگییەکی وەها هەڵناگرێت کە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە.
​جێگەی سەرنج و تێڕامانە کە حکومەتی عێراق لە مانگی ئازاری ڕابردووەوە ئەم بابەتەی پەردەپۆش کردووە و دواتریش نکۆڵی لێکردووە، ئێستاش سەرەڕای ئاشکرابوونی ڕاستییەکان، هێشتا لەسەر بێدەنگی و شاردنەوەی زانیارییەکان بەردەوامە.
​ئێمە حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرسیاری یەکەمی ئەم خرقە ئەمنییە دەزانین و داوای لێدەکەین بە ڕاشکاوی وەڵامی گومانی هاووڵاتییان بداتەوە. لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری دەڕەخسێت: ئەگەر عێراق خاوەنی پتر لە ملیۆنێک و نیو کارمەندی ئەمنییە (لە سوپا، پۆلیس، هەواڵگری و حەشد)، چۆن ڕێگە دراوە پێشێلکارییەکی لەم شێوەیە ڕوو بدات؟ هەروەها، بۆچی تا ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بۆردومانەکەی ٤ی ئازار، کە بووە هۆی شەهیدبوونی سەربازێکی عێراقی، بۆ خەڵک ڕانەگەیەندراوە؟
​داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین، لەبری بانگهێشتکردنی ڕووکەشانەی بەرپرسان، لێپێچینەوەیەکی شەفاف و ڕاستەقینە لەگەڵ سەرکردە باڵا ئەمنییەکان دەست پێ بکات. پێویستە بەرپرسیارێتییەکان دیاری بکرێن و بڕیاری ئەمنی یەکبخرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە بکرێت.
​لە کۆتاییدا، جارێکی تر جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕمان دەکەینەوە: بوونی هەر هێزێکی بیانی لەسەر خاکی عێراق ڕەتکراوەیە. بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی وڵات بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان، تەنها دەبێتە هۆی پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو ململانێیەکی خوێناوی کە گەلەکەمان هیچ بەرژەوەندییەکی تێدا نییە.

وتاری نووسەران