​ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی دانوستانەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن، گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەر.
​بەپێی ئەوەی ئاژانسی ڕۆیتەرز گواستوویەتیەوە، قاڵیباف و عێراقچی لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
​ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستوویەتیەوە کە "گفتوگۆکان بە پلەی یەکەم تیشک دەخەنە سەر دۆسیەی گەرووی هورمز و یۆرانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی بەرز، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەگەری ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە چوارچێوەی هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی ئەگەریدا.
​سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، عەبدولناسر هەمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران لە چوارچێوەی شاندە ئێرانییەکەدا لە دەوحە ئامادەیە، ئەمەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی لایەنە داراییەکانی پەیوەست بە دانوستانەکان.

وتاری نووسەران