
یانەكانی خولی سعودی بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ محەمەد سەڵاحی میسری ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول، كە گرێبەستەكەی لە هاوینی 2025 كۆتایی دێت.
فابریزیۆ ڕۆمانۆ پسپۆڕی مێركاتۆ لە وتارەكەیدا لە تۆڕی كافت ئۆفساید نووسیویەتی: هێشتا هیچ نوێكارییەك لەبارەی داهاتووی محەمەد سەڵاحەوە نییە و هێشتا زۆر زووە بۆ قسەكردن لەسەر ئەو بابەتە، چونكە لە ئێستادا پرۆژەی یانەكە بۆ داهاتوو روون نییە و نازانرێت كێ بە راهێنەری نوێی لیڤەرپول هەڵدەبژێردرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بە دڵنیایەوە یانەكانی سعودیە دەیانەویت یاریزانەكە بگوازنەوە بەڵام لە ئێستادا هیچ بەرەوپێش چوونێك نییە و لە مانگی شوباتدا رۆیشتنی سەڵاح ئەستەمە.
پێشتر هەواڵەكان باسیان لەوە كردبوو كە سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە لە هاوینی ڕابردوو پێشنیاری گواستنەوەی محەمەد سەڵاحی كردبوو بۆ یەكێك لە یانەكانی وڵاتەكە بەبڕی نزیك 200 ملۆین پاوەند، بەڵام سەڵاح و یانەی لیڤەرپول ئەو داوایەیان رەتكردبوەوە.