
پێگەی گۆلدن فوت لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا لیستی پاڵێوراوانی بۆ خەڵاتی پێی ئاڵتونی ئەمساڵ بڵاوكردەوە كە لە 10 یاریزان پێكهاتوون و تەمەنیان 27 ساڵی تێپەڕاندووە.
پێگەكە ئاشكرایكردووە، ئەو خەڵاتە دەدرێت بەو یاریزانانەی كە زیاتر لە 27 ساڵن و پەیوەستە بە ئاستی تاكەكەسی و بە كۆمەڵ، جگە لەوەش لە 31ی ئەم مانگە براوەكەی ئاشكرا دەكرێت.
لە نێو پاڵێوراوەكاندا هەریەكە لە لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و نەیمار دا سیلڤای بەرازیلی و هاری كەینی هێرشبەری ئینگلیزی بوونیان هەیە.
حەوت یاریزانی تریش لە لیستی پاڵێوراوەكاندان كە ئەوانیش لاوتارۆ مارتینێز و كەریم بنزیمە و ئەنتوان گریزمان و كیڤن دی برۆینن لەگەڵ هەریەكە لە تۆماس مولەر و ڤان دایك و ماركۆ ڤیراتی.
ئەو پێگەیە ئاماژەیان بەوەشداوە كە كۆمپانیاكەیان لە ساڵی 2001 لە شاری مۆناكۆ دامەزراوە و نوێنەرایەتی یاریزانانی تۆپی پێ دەكات، ساڵانە چەندین خەڵاتی جیاوازیان هەیە بە نمونەی پاڵەوانی ئەفسانەكان و پێی ئاڵتون.