
رۆدریگۆ دوپاتیكردەوە مۆدریچ وەك باوكی وایە و باسی لەوەشكرد سەرەتا لەگەڵ ریاڵ مەدرید زۆر هەستی بە شەرمەزاری دەكرد.
ڕۆدریگۆ گۆسی ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدرید ڕایگەیاند، هەستی بە ترس و سەرسامی كردووە كاتێك بۆ یەكەمجار زێدانی فەرەنسی بینیوە دوای پەیوەندیكردنی بە ڕیال مەدریدەوە، ئاماژەی بەوەشكرد، لۆكا مۆدریچی كرواتی وەك باوكێك وایە بۆ ئەو.
ڕۆدریگۆی تەمەن 23 ساڵ ماوەی دوو وەرزە لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید ئاستێكی سەرنجراكێش و نایاب پێشكەش دەكات، ئەم وەرزەش پاش پێكانی ڤینیسیۆس ئاستی بە تەواوی بەرزبوەوە تا ئێستاش لە 34 یاری وەرزەكەدا 13 گۆڵی تۆماركردووە و حەوت گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی درووست كردووە.
یاریزانەكە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیداوە و تێیدا دەڵێت: لە یەكەم ڕۆژی یاریكردنم لە مەدرید، هەستم بە كەمێك شەرمەزاری كرد بەهۆی ئامادەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی یاریزانە گەورەكان، ڕاهێنەری ئەوكات زێدان بوو، كاتێك بۆ یەكەمجار بینیم هەستم بە ترس كرد، بەڕاستی ترسم هەبوو، بەڵام ساتێكی زۆر جوان و ناوازە و لەبیرنەكراو بوو.
ئاماژەی بەوەشكرد، لوكا مۆدریچ گەورەترین پشتگیریە بۆ ئەو لە یانەكە و هەمیشەش وتویەتی كە وەك باوكێك وایە بۆی و یارمەتی دەدا، باسی لەوەشكرد، ئەستێرە كرواتیەكە هەر لە سەرەتاوە یارمەتیداوە و پشتگیری كردووە، ئەوەش وایكردووە بەزووی لەگەڵ بارودۆخەكە رابێت.