
تێڕوانین
دەسەڵاتی بە ناو مەدەنی و میراتگری دیکتاتۆریەت
ئيبراهیم بابان
کاتێک بە مێژووی وڵاتانی پێشکەوتوودا دەچینەوە، دەبینین کە ئەو گۆڕانکاریی و دەستکەوتانەی پێیگەیشتووین دەرئەنجامی ڕێڕەوێکی بەردەوامی مێژوویی پڕ لە بەریەککەوتنی هەمەچەشن و خوێناوی بووە، کە لە هەناوی ئەم ڕەوشە خوێناویەدا زهنیەتی گۆڕانگاری بوونی هەبووە. ئەمەش پشتبەستوو بە گەڕانەوە بۆ سیستەمەکان و تیۆرو تێڕوانینە هزریی و فەلسەفییەکان، کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی و کاریگەریان هەبووە بەسەر ئاستی گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، و بگرە تا ئێستاش کۆمەڵگە لە هەر قەیران و کێشەیەکدا بۆ ئەم ژێرخانە دەگەڕێنەوە.
هاوکات لە پاڵ ئەمەشدا شۆڕشەکانی ئەوکات بە جۆرێک ئەنجامدراون، خۆڕسکانە لەدیدگای گۆڕانکارییەوە سەرچاوەیان گرتووە، کە شۆڕشگێران تا بە دەستخستنی ئەو ماف و داواکاریانەی کە ئامانجی شۆڕشیان بووە نەوەستاون. بە بەراورد بەم ڕووداوانەی کە نیوسەدەیە لە رۆژهەڵاتی ناوراست ڕوودەدەن، لە ڕوواڵەتدا لەشۆڕش دەچن، بەڵام ناوەڕۆکێکی ئااۆز و پڕ لە کێشمەکێشم و بەرژوەندیخوازیان تێدایە و سەرەنجام، ئەم هەڵچوونە کە ناوی شۆڕش بووە، بەلاڕێدا براوە،و تەواو بەتاڵ بۆتەوە لە دروشم و ئەو ئامانجانەی کە بۆیان هەوڵدراوە.
لەدوای ساڵی نەوەدەکان، کە بە سەردەمی تاک جەمسەری ناودەبرێت، کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەیەکەوە پڕۆژەی بەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و ڕووخاندنی قەڵای سیستەمە دیکتاتۆرییەکان و جێگیرکردنی پڕۆسەی دیموکراسیان هێنا پێش ، هەر بۆ ئەم مەبەستە گەڕێکی شەڕ و هەڵکوتانەسەری ئەو دەوڵەتانەیان دەست پێکرد کە ڕوانگەی ئەوان دیکتاتۆرن. لە ئەفغانستانەوە دەستیان پیکرد،لە کۆمەڵێک وڵاتی عەڕەبی،؟وەک تونس و جەزائیر، میسر، لیبیا و یەمەن. تا دەگاتە سوریا و عێراق، کێشەو ئالۆزییان نایەوە لە ڕێگەی سەرهەڵدانی جەماوەری و دەستوەردانی ڕاستەوخۆی خۆیان. بۆیە تا ئێستاش لە بەشێک لەم وڵاتانە نەتواندراوە ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئازادی بچەسپێت. سەرەرای سەرهەڵدانی کۆمەڵێک هێز و میلیشای جۆرا و جۆر کەبوونەتە گەنەی دەوڵەتەکان و خەریکن لەناوەوە دەیانڕزێنن.
ئەم هەنگاوەی هێنانە پێشی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەناوخۆیدا هەڵگری ڕووخاندنی هەردوو سیستەمی حوکمڕانی ئێران و تورکیا بوو لەناوچەکەدا، بەم هەنگاوەش تەواوی ئامانجەکە دەهاتەدی.
نە تورکیا ونە ئیرانیش نەڕووخان.
لەکاتێکدا کە ئەم دوو دەوڵەتە نەڕووخان، هاوکات هەژموونیان لەسەر ئەو وڵاتانەی تریش دروست کرد، بە تایبەت دەستیان خستە نێو لیبیا و سوریا، یەمەن و عێراق کە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، نەتواندراوە لەم وڵاتانەی پاشماوەی جەنگ سیستەمێکی حکومڕانی درووست بکرێت، کە سەد لەسەد بەپێی خواستی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بێت. وێڕای ئەوەی کە پڕۆسەی هەڵبژاردنیش ئەنجام دەدرێ، بەڵام جاری وایە لەڕێی کودەتاوە براوەی هەڵبژاردنەکان پەراوێز دەخرێن، وەک ئەوەی کە لەمیسر ڕوویدا، وە لەدوا پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش کە سەدریەکان براوەی هەڵبژاردن بوون،بەڵام نەیانتوانی حکومەت پێکبهێنن.
هۆکاری ئەم پاشاگەردانییە لە پڕۆسەی دیموکراسی خەلەل لەپڕۆسەکە نەبووە، بەقەد ئەوەی بەرژەوەندی وڵاتانی خاوەن هەژموون کەوتۆتە مەترسی.
عێراق و هەرێمی کوردستان لەنێوان بەرداشی هەژموونگەریی.
وەک لەسەرەوە باسم کرد گۆرانکارییەکان و هەڵچوونە جەماوەرییەکان لەڕواڵەتدا ناویان شۆڕش بوو، بەڵام لەناوەڕۆکدا، هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەتی دژە شۆڕش، و بەلاڕێدابردنی هەڵچوونەکان بوو. بۆیە تائێستاشی لەگەڵدابێ نەتواندراوە سیستەمێکی حکومڕانی درووست بکرێت، کە دەنگ و ڕەنگی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێ. ئەمەش ڕەنگە بەشێکی پەیوەندی بەشوناسی قەیراناوی دەوڵەتی عیراقەوە بێت،بەڵام فاکتەرە بنچینەییەکەی پەیوەندی بە هەژموۆن و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی دەورووبەرەوە هەیە. بەتایبەت ئێرانی شیعی و تورکیای سوننی.
لە ئێستادا بەشێک لە لایەنە سوننییەکانی عێراق کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هەژمونی تورکیا، لە بەرامبەر ئەم زۆرینە شیعەیەی کە ئێران پاڵپشتیان دەکات، واتا ئەم عێراقەی ئێستا بینای حکومڕانییەکەی بەپێی خواست و بەرژەوەندیێەکانی ئێران و تورکیا کراوە. ئەمریکا کە هەژموونگەریی سەرەکی ناو پرۆسەکەیە، بە دوای هێز و لایەنێک دەگەرێت کە کاریگەری هیچ لەم دوو وڵاتەی لەسەر نەبێت. تا چەند ساڵی بەر لەڕووداوەکانی ڕیفراندۆم و شانزەی ئۆکتۆبەر، لەکورد دۆستترو باشتری بەدەی نەدەکرد. بۆیە بە هەموو جۆرێک هاوکاری حکومەتی هەرێم و لایەنە کوردیەکانی دەکرد، بەڵام دواتر ئەمریکا باش هەستی بەوەکرد کە کورد خۆشیان لەڕێی هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی دابەشی سەر تورکیا و ئێران بوونە، ئەجێندای ئەم دوو وڵاتە بەشێکی لەڕێی ئەوانەوە جێبەجێ دەکرێ لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش.
پشتکردن لەهەرێم و ڕوو لە حکومەتی سودانی.
لەدوای درووست بوونی کابینەی سودانی کە هەرچەندە بە ئۆکە و خواستی ئێران بوو، بەڵام ئەمریکا قبوڵی کرد. کەچی تائێستاشی لەگەڵدابێت، هەوڵی ئەوەدەدا کە لە ڕێی بەرزکردنەوەی دۆلار لەبەرمبەر دیناری عیراقی، پەیامێکی ڕوون بە دەسەڵاتدارنی عێراق بدات، بەوەی کە سیستەمی ئابوریت لەدەست مندایە! هەرکات من بمەوێت حکومەتەکەت پەک دەخەم و پشتت لەزەوی ئەدەم. لەهەمانکاتیشدا پشتی لەهاوپەیمانە سەرکییەکەی خۆی کرد کە هەرێمی کوردستانە. جارناجارێک لەڕێی دەربڕینی سووکە هەڵوێستێک تەئکید لە دۆستایەتییەکی باریکتر لە تاڵەمووێک دەکاتەوە. ئەم جۆرە سیاسەت کردنەی ئەمریکا، بەرامبەر بەهەرێم و حکومەتی ناوەندیی سیاسەتێکە لە نێوان خراپ و زۆر خراپ،خراپەکە هەڵدەبژێرێت. تا ئەوکاتەی باشێک درووست دەبێ شەڕی زۆر خراپەکەی پێدەکات.
ئەو باشە کێیە کەئەمریکا دەیەوێ درووست بێ ؟!
هەڵبەت نە ئەمریکا و نە شەقامی عێراق دەسەڵاتی حیزبێکی ئیسلامی سیاسی ناوێت، چونکە سەرەنجام هەر لایەنێکی ئیسلامی سیاسی دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەگەر سوننە بێ ئەوا شیعە قبولی ناکات ،چونکە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکات. هەروەها ئەگەر شیعەش بێتە دەسەڵات بەهەمان شێوە تورکیا ڕێگە نادەت ئەم دەسەڵاتەش سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت.
تا ئێستاش هێزێکی مەدەنی سەربەخۆ دروست نەبووە کە ئەمریکا دەستی بگرێت و هاوکاری بکات.
چەپەکانیش هەر خۆیان بەبەدیل نازانن و ئەگەر خۆشیان بە بەدیل بزانن بێگومان لەلای ئەمریکاو تورکیای سوننە وئێرانی شیعە قبولکراونیە.
لەئێستادا حکومەتی سودانی وەک منداڵێکی ساوای تازە پێگرتووی لێهاتووە، ئەمریکا دەستی گرتووە تا هەنگاو بهاوێژێت و ناوەناوەش دەستی بەردەدا تابکەوێ و پێی بلێت" ئەگەرمن نەبم تۆ ناتوانیت هەنگاوێک بڕۆی".
کورد لەکوێی ئەم دۆخەدایە ؟
بەم پەڕاگەندەیەی کە هەیە کورد نابێتە دڵخوازی ئەمریکا، ناشتوانێت هیچ بەدەست بهێنێت، سەرەڕای لەدەستدانی ئەوەی کە بەدەستیشی هێناوە.
کۆی ئەم دۆخەی کە لە عێراق وناچەکە ڕوودەدات ناتواندرێت تەسنیفێکی مارکسستانەی بدەیە پاڵ، چونکە هیچ گۆڕانکارییەک کەڕوویداوە خۆرسک نەبووە بەڵکو لایەنێکی دەرەکی دەستی هەبووە لەو گۆڕانکاریانەی کەڕوویانداوە. ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی و سەپاندنی هەژموونی خۆی.
بیریشمان نەچێت، حکومڕانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش میراتگری سیستەمی دیکتاۆریەتن، مەدەنی بوونیان تەنها دروشم و ڕووکەشە