ئاسۆس ساڵح
عەلی سیاسی چەندان ساڵە، لە قۆناغی جیاجیادا لە خەباتی نەپساوەی بەردەوامە دژی ناداپەروەری و نا یەکسانی، هەمیشە لەبەری گەل بووە، لە پرسە نیشتمانی و چینایەتییەکاندا دەنگێکی دلێر بووە. بۆ ئازادی و مافە تاکەکەسییەکان هەمیشە لە پێشەوە بووە. سەری ڕمی هەر گردبوونەوە و خۆپیشاندانێک بووە کە لە بەرژەوەندی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان بووبێت.
پیاوێک بە هزری چەپ و نیشتیمانپەروەری دژی داگیرکاری کوردستان و جیاوازی چینایەتیی کۆمەڵگە و قوتی خەڵک و ئازادی و مافی ڕۆژنامەنووسان و قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید چەندان چاڵاکی مەدەنی لە ناوەوەی کوردستان و دەرەوەی وڵات ڕێکخستووە و بەشدار بووە.
ئەو ڕۆژگارێک لە شاخ چەکی پێشمەرگایەتیی لە شان بوو دژی دکتاتۆرییەتی بەعس؛ دوای ئەوە قەڵەم و چاڵاکی مەدەنی کردە سەنگەری خۆی و بە شێوەیەکی مەدەنی بەردەوامی بە خەباتی مرۆڤدۆستانەی خۆی دا کە هاڵقوڵاوی هرز و ئایدۆلۆژیا شیوعی و چەپەکەیەتی.
دەتوانین بڵێین عەلی سیاسی، بە مانای وشە سیاسی و چاڵاکوانێکی مەدەنی و سەردەمی بوو، بەوپەڕی مەدەنی و دوور لە نامەدەنیەت و ئاژاوەنانەوە بەردەوام بووە لە داکۆکیکردن لە مافی خەڵک بەبێ جیاوازی. دەیان ساڵە کەیسی جینۆسایدی گەلی کوردی گرتووەتە دەست، بە ئامانجی ئەوەی ئەنجامدەرانی بە سزای خۆیان بگەن و قوربانی و زیان لێکەوتووەکانیش بگەن بە مافی خۆیان و قەرەبوو بکرێنەوە. بەڵام ئەفسوس لە جیاتی ڕێزلێنان و پێزانین لە ماندووبوونی، کەچی دەستگیر دەکرێت. ئەمەیە سەرئەنجامی مەدەنی بوون لەناو نامەدەنیەت!
ئازادی بۆ هاوڕێ عەلی سیاسی

وتاری نووسەران