لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مامۆستای نیشتمانپەروەر عەبدولرەحمان محەمەد ئەمین

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 ٭ وتەی بەرایی:

  ــ زۆرن ئەو مامۆستا دڵسۆزانەی کە هەر لە تەمەنی زووی گەنجییانەوە ، لە سەرەتای دامەزراندنیان بە مامۆستا تاکو خانەنشین بوونیان لە یەک کاتدا ماندوو نەناسانە ئەرکی پیرۆزی پەروەردەیی و خەباتی نیشتمانی بە یەکەوە دەبەستنەوەو بە ئەنجام گەیاندنی هەردوو ئەرکەکەش باشترین خزمەت پێشکەش بە گەل و نیشتمانەکەیان دەکەن.

 مامۆستا عەبدولرەمانی شەقڵاوەیی(1940-2021) یەکێک بوو لەو مامۆستا دڵسۆزو هێمن و بەڕێزو خۆشەویستانەی کە تاکو کۆچی دوایی کرد پارێزگاری لە بۆچوون و هەڵوێستە نیشتمانییەکانی خۆی کردو وەکو کەسایەتییەکی نزیک و دۆستی حیزبی شیوعی و ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان مایەوە.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا عەبدولرەحمان:

 ــ ناوی تەواوی: عەبدولرەحمان محەمەدئەمین قادر.

 ــ لە ساڵی1940 لە بناری چیای سەفین،لە شارە جوانەکەی شەقڵاوە لە دایک بووە.

 ــ لە قوتابخانەی شەقڵاوەی سەرەتایی چۆتە بەرخوێندن و لە ساڵی1954 قۆناغی سەرەتایی خوێندنی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی(1858-1959) قۆناغی ناوەندی لە دواناوەندی هەولێر تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی(1962-1963) خانەی مامۆستایانی هەولێری تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی1963 بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە گوندی خەلانی زینوێ سەر بە قەزای چۆمان دامەزراوە، بەهۆی بارودۆخی سیاسی لە ڕواندز دەستبەکاربووە. دوای سێ مانگ گوازراوەتەوە بۆ شەقڵاوە.

 ــ مامۆستا عەبدولرەحمان هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی بە مامۆستا لە ڕواندز  تاکو خانەنشین بوونی لە قوتابخانەی سافی هیرانی ، زۆر دڵسۆزانە ماوەی40 ساڵ ئەرکی پیرۆزی پەروەردەو فێرکردنی بەجێگەیاندووە.

  ٭ کورتەیەک لە خەباتی سیاسی و پیشەیی: 

 ــ مامۆستا هەر لە تەمەنی زووی گەنجییەوە، خۆی بە بیروباوەڕی نیشتمانی پێشکەوتنخوازانەومارکسیزم پەروەردە کردووە، خۆی لە کۆڕی شیوعییەکانی شەقڵاوە نزیک کردۆتەوە..

 ــ لە ساڵی1957 کە قوتابی قۆناغی ناوەندی بووە چۆتە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابیان. لەگەل بەڕێزان سەڵاح سەعید سەرسۆرو شەهید ئەحمەد محەمەد حەلاق لە لێژنەی هەولێر بووە. 

 ــ لە دوای شۆڕشی14 ی تەمموزی1958 کراوە بە سکرتێری یەکێتی گشتی قوتابیان لە شەقڵاوە. لە هەمان کاتدا ئەندامی حیزبی شیوعی عیراقیش بووە.

 ــ لە ساڵی1962 کە قوتابی خانەی مامۆستایانی هەولێر بوو بەهۆی چالاکی سیاسی و جەماوەری و بەهۆی بەشداربوونی لە هەڵمەتی ئیمزاکۆکردنەوە لە پێناوی ئاشتی لە کوردستاندا دەستگیرکراوە، بەڵام لە ژێر فشاری خۆپیشاندانی قوتابیان ئازادکراوە.

 ــ لە ساڵانی نەوەتەکان و دووهەزارەکان تەنانەت دوای خانەنشین بوونیشی ئەندامێکی دڵسۆزی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان بوو، لە چەند کۆنفرانسێکی ڕێکخراوەکەش بەشدار بوو، لە لای مامۆستایانی هاوڕێی خۆشەویست و قەدرگران بوو.

 ٭ لەبارەی لایەنی کۆمەڵایەتییەوە:

 ــ مامۆستا عەبدولرەحمان لە ساڵی1966  ژیانی خێزانی لەگەل خاتوو سەبیحە شێخ ئەحمەد پێکهێناوە. پێنج کوڕو کچیان بووە:

1- سیابۆ، 1967، مامۆستایە.

2- سامان، 1968 ، فەرمانبەری بانکە.

3- ڕۆژگار ، 1970، لە هەندەران دەژیت.

4- ڕێبوار، 1972، فەرمانبەری کارەبایە.

5- یادگار، 1976، لە هەندەران دەژیت.

 بەداخەوە سەبیحەخانی هاوژینی لە ساڵی 2006 کۆچی دوایی کردو مامۆستای تەنیا جێهێشت.

 ــ زۆر بەداخەوە مامۆستا عەبدولرەحمانیش لە ڕێکەوتی 8-8-2021 لە شەقڵاوە کۆچی دوایی کردو خاکی بناری چیای سەفین ڕۆڵەیەکی دڵسۆزی دیکەی لە ئامێزگرت  .. یادی بەخێر و هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی.

 ٭ زۆر سوپاس بۆ بەڕێز مامۆستا ئیسماعیل یاسین کە هاوکاری کردم بۆ هەندێ زانیاری لەسەر ژیانی مامۆستا عەبدولرەحمان.

وتاری نووسەران