گەشبینی بریتییە لە توانای مـرۆڤ، بۆ قبوڵکردنی هـەموو شتێک لە ژیانـدا، بە باش و خـراپییەوە. لە هەمان کاتـدا هەوڵـدانە بۆ گەیشـتن، بە خـەون و هـیوا و بە ئاواتەکانی. گەشبینی بە تـێڕوانینێکی ئەرێنی و هـیواخوازانە لە ژیانـدا پێناسە دەکرێت. کە مـرۆڤ چاوەڕێی ئەوە دەکات، کە لە هەلومەرجی جۆراوجۆردا، باشترین ئەنجام بەدەستبهێنێت. گەشبینی یەکـێکە لە چەمکە ئەرێنییە گرنگەکان لە دەروونناسـیدا.نـزیکە لە هـاوواتای بەخـتەوەری و متـمانە بەخۆبوون و سەرکەوتـن.گەشبینی بیـرکردنەوەیەکی ئەرێـنییە، توانای بـینینی دیـوی رووناک و گەشاوەی ژیـانە. 
گەشبینی یارمەتیی هەموومان دەدات، بۆ ئەوەی بەسەر بەرۆکگیری و بەرهەڵستەکاندا سەربکەویـن و رووبـەڕووی سەخـتییەکانی ژیانمان ببیـنەوە. گەشـبینی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسـەر تەنـدروستیی دەروونی و جەسـتەییمان هـەیە. بەشـدارە لە باشترکردنی کـوالـیتی ژیـانی گـشـتـیمان.
گەشبینی گۆڕینی تاریکـییە بۆ رووناکی. گەشبینەکان لە تاریکـیدا رووناکی دەدۆزنەوە.

گەشبینی کارامەییەکی فـێربـوونە، نـەک خەسڵەتـێکی بـۆماوەیی. توێژینەوەکانی دکتۆر (مارتـن سـێـلیگـمان) دەریدەخەن کە لە سەدا حەفتاو پێنجی خەڵکی توانای پەرەپێدانی بیرکردنەوەی گەشبینییان هـەیە. لە رێگەی راهـێنانی ستراکتۆرییەوە. بە بەکارهـێنانی مـۆدێـلی (ناخـۆشی، بـاوەڕ، دەرئەنجـام، ئارگـومـێـنـت، هـانـدان). 
بە درێـژایی ساڵانی رابـردوو، بە چـەنـدیـن شـێوە، پـێـناسەی چەمکی گەشـبینی کـراوە. تارە هـاوبەشەکانی نێوان پـێناسە جـۆراجۆرەکانی گەشبینی، بریتـییە لە: بیرکـردنەوەی ئەرێنی سەبارەت بە داهاتوو.کە کاریگەرییان لەسەر بیروباوەڕ و رەفتارەکانمان هەیە.
گەشـبینی و هـیوا، پەیـوەنـدییەکی نـزیکـیان بەیەکـەوە هـەیە. لە جیهـانی ئەمـڕۆدا، کە بەرهەڵـست و بەرۆکگـیرییـەکان بێکـۆتایی دەردەکـەون. گەشـبینی و هـیواخـوازی، بۆ داهـاتـوویـەکی گەشـتر و ژیـانـێکی باشـتر و ئاسـوودەییـەکی زیـاتـر، زۆر پێـویـستـن. 
چـۆن دەتـوانـن گەشبینی لە منـداڵەکانتانـدا بـڕوێـنن؟
منداڵانی ئەمڕۆمان، لە جیهانێکی پـڕ لە هەوراز و نشێۆ، لە بەرهەڵست و بەرۆکگـیری و کارەسات و گومانـدا دەژیـن. چانـدنی گەشبینی لە منـداڵەکانتانـدا، لە هەموو کاتەکانی رابـردوو، پێویستیـتر و گرنگـترە. دەروازەی داهاتوویەکی دڵخواز و گەشتر بکەنەوە و منـداڵەکانتان. فـێری هـونەری گەشبینی و هـیواخـوازییـان بکەن. ئەگەرچی منـداڵان بە سروشتی و بە رەمـەکی  گەشـبینن. تا ئـێستاش دەروونناسان نازانـن، بـۆچی منـداڵان لە رادەبـەدەر گەشـبـینـن.
پـرۆفـیسۆر (لیـا واتەرز) دەڵـێت:"گەشبینی توخـمێکی سەرەکیی دەروونییە. دەتوانین لە منـداڵەکانمانـدا بیچـێـنین.. ئـەوە چـەکی نهـێـنی پەروەردەکـردنی منـداڵانە، لەسـەر بنـەمـای هــێز".
لە جیهانێکدا، کە منـداڵان رۆژانە بەرکەوتی میدیای دیجـیتاڵی دەبن، پەروەردەکردن و هانـدانـدانی منـداڵان لە تەمەنێکی بچـووکەوە بە گەشبینی، دەتـوانن بە کارامەییەکانی ژیانی بنەڕەتی وەک: خۆڕاگری، کۆڵنەدان، متمانە بەخۆبوون، بیرکردنەوەی ئەرێنی، سـۆزداری، بـێـبگەن. گەشـبینی کاریـگەرییەکی قـووڵی، لەسـەر شـادی و دڵخـۆشی و بەختەوەری منداڵان هـەیە،توانایەکی زیاتری سەرکەوتنیان لە ژیاندا پێیاندەبەخشێت.
(دالای لاما) دەڵێت:" زۆر گرنگە یارمەتیی منـداڵان بدرێـت، سەرەڕای سەخـتییەکان، دەست بە هـیوا و گەشـبینییەوە بگـرن".
گەشـبینی کـلـیلی سەرکەوتـنە. ئەو منـداڵانەی کە گەشـبینن، لە خوێنـدنی ئەکادیمیـدا سەرکەوتوون. بەڵام ئـەو منـداڵانەی کە دەبنە نێچـیری رەشـبینی، زۆرجار لە رووی ئەکادیـمـییەوە، خۆیـان لە دواوە دەبـینـنەوە. زیـاتریـش تـووشی شکـستی و کـێشەی تەنـدروستی دەروونی و ستـرێـسی دەبـن. 
دکتۆر (مارتـن سێـلیگـمان) نووسەری پەرتـووکی بەناوبانگ (منـداڵی گەشـبین) کە پـڕفـرۆشترین پەرتـووکە لە (نیویـۆرک تایمـز)، دەڵـێت:"تـێگەیـشـتم کە فـێرکـردنی منـداڵان بە گەشـبینی، لەوە تێـدەپەڕێـت کە تەنهـا راستکـردنـەوەی رەشـبـینی بێـت. بەڵکو بریتییە لە بنیاتنانی هـێزێکی ئەرێنی و تێڕوانینێکی داهاتـووی گەشبینییانەی نەگۆڕ. دەکرێت بە درێـژایی ژیان جێبەجیبکرێـت. نەک تەنها بۆ بەرنگاربوونەوەی خـەمـۆکی و هـەڵـسانـەوە لـە شـکـستی. بەڵـکـو بـۆ ئـەوەی وەک بنـاغـەیـەک بـۆ سەرکەوتـن و چـالاکی بیـت".
گەشبـینی لە ئەدەبیاتی منـداڵانـدا:
بەرهـەمە ئەدەبـییەکـانی منـداڵان، هـاوشـێوەی فـۆرمەکـانی تـری هـونەری منـداڵان، توانای دروستکـردنی کاریگەرییەکی سـۆزدارییان لەسەر خوێنەرانی منـداڵان هـەیە. نووسەرانی ئەدەبیاتی منداڵان، دەتوانن سروشتی گەشـبینیانەی کارەکـتەری خەیـاڵی 
بە شێوازێکی جۆراوجۆر پیشان بـدەن. گەشبینی بابەتێکئ باوی ئەدەبیاتی منـداڵانە، دەکرێـت بە چەنـد رێگەیەک تـێبینی بـکەیـن:
١ـ کۆتاییەکی خۆش: زۆربەی پەرتـووکەکانی منـداڵان، بە تایبەتی ئەو چـیرۆکانەی بۆ منداڵان نووسراون. بە گەشبینی و ئەرێنی کۆتاییان هاتـووە. ئەم کۆتاییانەش هـەستی گەشبینی لە منـداڵانـدا دەچـێـنن. 
٢ـ سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگـییەکاندا: زۆرێک لە چـیرۆکەکانی منـداڵان، پاڵەوان و کارەکـتەرەکانیان، رووبـەڕووی بـەرهەڵـستی و سەخـتییەکان دەبنـەوە و بەسەریانـدا سەردەکـەون. منـداڵان لـێيانەوە فـێری ئـەوە دەبـن کە بە ئیـرادە، متمانە بەخـۆبوون، ئازایەتی وهـیوادارییەوە،دەتوانـن کـێشەکانیان چارەسەربکەن و بەسەریانـدا زاڵبن. 
٣ـ پەیامی ئیلهـامبەخـش: بەشێکی زۆری چـیرۆک و هـۆنراوەکان بۆ منـداڵان پەیامی ئیلهـامبەخـشیان تێدایە. سەبارەت بە خۆشەویستی و هـاوڕێتی و میهـرەبانی و رۆحی یارمەتیدان و جوانی ژیان. ئەمانەش تێڕوانینێکی ئەرێنی لە منداڵان پەروەردە دەکەن. 
٤ـ فـانتازیا و خەیـاڵ:بەکارهـێنانی فـانتازیا و خەیاڵ، لە ئەدەبیاتی منـداڵاندا، دەتوانن یارمەتیدەری گەشبینی بن. بەو پێیەی ئەم توخـمانە رێگە بە منداڵان دەدەن، باوەڕ بە ئەستەم نەکەن و ئاواتەخـوازی هـێنانەدی هـیوا و خـەونی گـەورەبـن. 
٥ـ وانـەی رەوشـتی: زۆرێـک لە چـیرۆک و هـۆنـراوە و شانـۆکانی منـداڵان، وانـەی رەوشتییان لەخۆگرتوون کە هانـدەری گەشبینین. وەک: گرنگی میهرەبانی، دڵسۆزی، باوەڕ بەخـۆبـوون، هـاوکاری، خـۆڕاگـری، کـۆڵـنەدان، سەرکەوتـن،... هـتـد.  
٦ـ هـێوا: بەشی هەرە زۆری چـیرۆک و رۆمـان و هـۆنـراوە و شانـۆکان بۆ منـداڵان، هەستی گەشبینی و هیوای هـێنانەدیی داهاتوویەکی باشتر بە منداڵان دەبەخشن. فێری ئەوەیان دەکەن، کە لە سەخترین بارودۆخەکانیشدا، گەشبین و هـیوادار و خۆڕاگربن.
٧ـ چارەسەرکردنی کـێشەکان: ئەو منـداڵانەی بە بیـرکـردنەوەی گەشـبینی پەروەردە دەکرێـن، توانایەکی باشتریان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیاندا هـەیە. لە روانگەیەکی گەشـبینییانەوە، فـێردەبـن و پەنـد و وانە وەردەگـرن و خـۆڕاگـرییان بەرزدەبـێتـەوە. زیـاتـریش کـراوە دەبـن بەرامبـەر بە بەرۆکگـیرییەکان و ئەزمـوونە نـوێـیـەکان. 
٨ـ سروشت و جـوانی: زۆر جار چیرۆک و هـۆنراوکان بۆ منداڵان، جـوانی جیهانی سروشت و چـێژە سادەکانی ژیـان وێنا دەکـەن. ئەمەش پەروەردەیەکی پـێزانیـنە بۆ ئەفـسوونـاوی جیهـانی دەوروبەرمـان و تـێڕوانـینـێکی گەشـبـینانەتـر.
٩ـ پەنـدی پـێـشیـنان: پەنـدی کوردی زۆرمـان هـەیە، کە هـانـدەرن بـۆ گـەشـبینی و خۆڕاگری و کـۆڵنەدان. دەکرێـت مەبەستەکانیان بۆ منداڵان روون بکـرێنەوە. وەک:
"لە دوای تەنگانە.. شـێنەیی دێـت"، "سەبـر تاڵە.. بەرەکەی شیرینە"، "شـیر بەرە بەرە.. دەبـێـتە کـەرە"، " ئەگـەر سـەبـر بکەیـت.. لـە بەرسـیـلە حەلـوا دەکـەیـت".
نەرویـج: ٢٠٢٦

 

 

 

 

 

وتاری نووسەران