
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە بارەی ئەو هۆشداریانەی لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە پێیان دەدرێت بڵاویکردەوە "بۆ هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر وڵاتەکەمان، دەستمان لەسەر میلی چەکەکانمانە".
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "هێزەکانمان بە باشترین شێوە بۆ وەڵامدانەوەی دەستبەجێ بۆ هەر جۆرە هێرشێکی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی سەر خاکەکەمان ئامادە کردووە و وانەیەکی زۆر باشمان لە جەنگی ١٢ ڕۆژە وەرگرتووە".
وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیەوە وتویەتی "ئێران پێشوازی لە ڕێککەوتنێکی دادپەروەر و یەکسان دەکات کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بێت، بە مەرجێک دوور بێت لە هەڕەشە و زۆرلێکردن، بە شێوەیەک کە مافی ئێران بۆ بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی مسۆگەر بکات".
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی "هێزێکی دەریایی گەورە بەرەو ئێران بەڕێوەیە، بە خێرایی و بە هێز و مەبەستەوە دەجووڵێت، ئەم کەشتیگەلە، بە سەرۆکایەتیی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری مەزن 'ئەبراهام لینکۆڵن' دەجووڵێت و، گەورەترە لەوەی بۆ ڤەنزوێلا نێردرا".a