بەشی(٣٣)
فەقێیەکی ئەقڵ لاقەکراو
کوڕم تو ئەقڵت لای ئەو مەلا فێندەمێنتاڵستانە لاقەکراوە !
کتێبی لاقەکردنی ئەقڵت خوێندووەتەوە؟
کوڕە ئەو کەرە فەقێیه جگە لە نامیلکۆکە و کتێبە فیقهی و مەزهەبی و ئایینی چیتر دەخوێنیت !
گێڵە فەقێ بەخوای لێت بپرسم:نیچە خەڵکی کوێت بوو یان هی ئەو عێراقە ئەنفال چی و داگیرکەرە؟ نازانیت.
گێلە مرۆڤەکان تائێستا واحاڵی بوون، کە بە تەنها لاقەکردنی فیزیکی و جەستەیی هەیە ! نەخێر بەڵکو جۆرێکیتر لە لاقەکردن هەیە، لاقەکردنێک، کە هیچی کەمتر نییە لە لاقەکردنی بەدەنی و جەستەیی، ئەویش لاقەکردنی ئەقڵە ئەقڵ.
لاقەکردنێک بە شێواز و ڕێگەی زۆر و جۆر بەجۆر دەکرێت.
جارێ وایە ئەو لاقەکردنە لەسەر ئاستی تاکە، جاریش هەیە کۆیە و لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دەستەجەمعی و بە کۆمەڵ ئەقڵی خەڵکێکی زۆر و بێ شومار لاقە دەکرێت.
جاریش هەیه لاقەکردنی ئەقڵی کومەڵ، لە ڕێگەی مەزهەبێک، یان، ئاڕاستە و ئایدیۆلۆژیایەک، یان، واعیزێک و پیاوێکی ئایینی، یان، سیاسی و سەرکردەیەک، یان جادوگەرێک، درۆزنێک، سەلەفیزم و فێندەمێنتالیستێک، ڕاگەیاندنێک.. دەبێت. لە مێژە گوتراوە: ڕاگەیاندنێکی بێ ویژدانم بەرێ، تا گەلێکی ناهۆشیارت وێ بدەم و ئەقڵی هەزاران کەست بۆ لاقەکەم.
گێلە فەقێ نموونە هەشتا ملیۆن ئەڵمانی لەلایان هیتلەر و چەند نازیزمێکەوە، ئەقڵیان لاقەکرا و ئەو بڕوایەیان لا دروستکرا، کە ڕەگەزی ئاری باشترین و باڵاترین ڕەگەزە و ئەڵمانیا مافی سەرپەرشتیکردن و لێخوڕینی هەموو جیهانی هەیە و هیتلەر سەرکردەیەکی باڵاو پیرۆزە.
بەڵێ گۆبلزی وەزیری ڕاگەیاندنی نازیزم، فۆهرەر و هیتلەر و کۆمەڵێک ژەنەرال و گەورە بەرپرسی سەربازی و سیاسی نازیزم، لە رێگەی ڕۆژنامە و ڕادیۆوە، لە ڕێگەی پڕوپاگەندە و درۆوە، وشە ئاگرین و حەماسییەکانی خۆیان بەگوێی گەلی ئەڵمان دەچرپاند و لەو ڕێگەیەوە، توانییان ئەقڵی ملیۆنان ئاڵمانی لاقە بکەن.
سەدام و عەفلەق و ئەسەدی بەعسیزم و کێو کێی تری شۆڤێنیزم، هەمان شێوە، لە ڕێگەی ئیدەلۆژیای بەعسیزمەوە، مێشکی ملیۆنان عەرەب و مرۆڤی عیراقییان هاککرد و فیکرێکی ڕەگەزپەرستانە و نامرۆڤانە و بەربەریانەیان دەرخواردان و لەو ڕێگەیەوە، ئەقڵ و هۆشیان لێ لاقەکرد. لە مرۆڤبوونیان خستن و ویژدانیان لێسەندنەوە و کەسایەتی و بوونیان وێرانکردن.
هەروەها دەیان و سەدان و هەزاران کەس، لەلایان بەغدادی و بن لادن و کۆمەڵێک توندئاژۆ و تیرۆرستی ترەوە، لە ڕێگەی فیکرێکی ئوسولیگەرا و تاریکپەرست و مەزهەبێکی کۆنەپەرست و هۆڤانەوە، بوون بە هەڵگری فیکری بناژۆخوازی و ئەقڵیان لاقەکرا و بوون بە تیرۆرست.
فەقێی ئەقڵ لاقەکرا، لاقەکردنی ئەقڵ جۆری زۆرە، کەسێک بانگەشەی هەموو شت زانی و ئەویتر بە هیچ نەزانی دەکات، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک بە کۆمەڵێک گوتار و وەعزی خوڕافی و عاتیفی و سۆزداری دەیەوێت کاریگەری لەسەر ئەقڵ و هۆشی ئەوانیتر دروست بکات، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک بە ڕێگەی مەزهەبێک یان، بیروباوەڕ و ئیدەلۆژیایەکەوە، ئەقڵی مرۆڤگەڵێک لە قاڵب دەدات و سنووری تێڕوانینیان تەسک و جیهان بینییان داخراو دەکات، ئەوەیش لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک دنیایەک تابۆ و سنوور و بڤەو بت، بە پاساوی بێ مانا و لەژێر ناوی جیاجیادا، لە بەردەم بیری ئازاد و ئازادی بیکردنەوەدا قوتدەکاتەوە، ئەوە لاقەکردتی ئەقڵە.
کەسێک بە بیانووی پووچ و ناڕەوا، مافی تێهزرین و تێڕامان و بیرکردنەوە لەوانیتر حەڕام دەکات، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک ئەقڵانییەت بە هەرتەقە و لۆژیک بە زەندەقە دادەنێت، ئەوەش لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆ لەوانیتر دادەخات، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک ڕەخنە قبوڵ ناکات و لە پرسیار دەترسێت و لە ئەقڵانیەت ڕادەکات، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک بانگەشەی یەقین دەکات و حەقیقەت بە خەڵکی دەفرۆشێتەوە و تووشی نەخۆشی ڕەهاگەرایی بووە و فۆبیای لە بەرامبەر گووماندا هەیه، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک دەرگای توێژینەوە و ئیجتیهاد دادەخات، ڕێگری لە خوێندنەوەی تازەو نوێی تێکستە ئایینیەکان و تەفسیری جیاوازدەکات و کوشتەی دەستی شیرۆڤە و تێگەیشتنێکی مێژوویانە و دۆگماییانە و سیاسیانە و مەزهەبیانە و حەرفیانە و چەقبەستووانە و ڕووکەشگەرایانەی ئایینە، ئەوەش هەر لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک لە زۆنگاوی سەلەفیگەرێتیدا گیری خواردووە و هەموو نوێگەرێیەک ڕەتدەکاتەوە، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک تووشی وەهمی بە پیرۆزکردنی مێژوو و چەقبەستن لەناو کۆمەڵێک دۆگم و تێگەیشتنی کۆنی ماوە بەسەرچووی بەر لەهەزار ساڵ بووە، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
نەخوێندنەوەی ئەویتر و بەکەم سەیرکردنی ئەویتر و گوێ نەگرتن لە بۆچوونی ئەویتر، لاقەکردنی ئەقڵە.
قۆرخکردنی حەقیقەتەکان و بە تاپۆکردن و مۆنۆپۆڵکردنی مێژوو و بەکافرکردن و گومڕاکردن و بە دۆزەخکردنی هەموو ئەوانیتر، لاقەکردنی ئەقڵە.
ترساندنی مرۆڤ و دژایەتیکردنی ئەقڵانییەت و ڕاکردن لە ئەقڵ و ترسان لە ئەقڵی ئازاد، لاقەکردنی ئەقڵە.
سەپاندنی عەقیدەیەکی دیاریکراو، ئایینێکی دیاریکراو مەزهەبێکی دیاریکراو، لاقەکردنی ئەقڵە.
باوەڕنەبوون بە لێبووردەیی و فرەیی و پێکەوەژیان و قبووڵ نەکردنی جیاوازییەکان و ڕێزنەگرتن لەوانیتر، لاقەکردنی ئەقڵە.
تۆتالیتارییەت و خۆسەپاندن و بۆچوون و ئایین و مەزهەب سەپاندن بەسەر ئەوانیتر، لاقەکردنی ئەقڵە.
بیری فێندەمێنتالیزمی و ڕادیکاڵێتی و توندئاژۆیی، لاقەکردنی ئەقڵە.
بە کۆیلەکردن و بە کەنیزەکردن و بچووکردنەوە و کۆپیکردن و بە سێبەرکردنی ئەوانیتر، لاقەکردنی ئەقڵە.
سنووردانان و هێڵ کێشان، لە بەردەم ئازادی و خواست و حەزی ئەوانیتر، لاقەکردنی ئەقڵە.
لەناوبردنی جیاوازییەکان و تیرۆرکردنی پێکەوە ژیان و سڕینەوەی ڕەنگەکانی تر، لاقەکردنی ئەقڵە.
بیرنەکردنەوە و شوێن کەوتنی کوێرانە و نەفامانە، دیسان لاقەکردنی ئەقڵە.
فەقێی ئەقڵ لاقەکراو، ئێستا زانیت لاقەکردنی ئاقڵ واتا چی؟
ئاخ لەدەست تۆ گێلە فەقێی ئەقڵ لاقە کراو.
ولڵاهی سێبەشی کوردی باشوور، لە لایان مەلا نەزانەکان و ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەتی دینی، ئەقڵ و هۆشیان لاقەکراوە.
گێلە فەقێ، وەلڵاهی ساڵ یەک ڕۆژی تێدا مابێت، ئیلا دەبی ڕیسواتکەم و فایلی فرت و فێڵەکانت هەمووی هەڵدەمەوە.
گێلە فەقێ، بە گوێم ناکەیت، ها؟
قەسەم بە ئێزدان، دەبی دەردێکت دەمێ، با بەدەواری نەکردبیت
دەنگە نادیارەکە، وای گوت و یەکسەر ڕۆیشت.