بەشی(٣٧)  

مرۆڤە یاخیەکەی کامۆ

 

ژنەکان هەرگیز نابێت بە کۆیلە بوون و ژێردەستەیی بوون ڕازی بن،. مرۆڤی کۆیلە ناتوانێت خەون ببینێت، مرۆڤ بوونی خۆی جێ بەجێ بکات، ئازادانە بیربکاتەوە، داهێنان بکات، وەرچەرخان لە ڕەوڕەوەی شارستانییەت ئەنجام بدات و جێ دەستی لە مێژووی مرۆڤایەتیدادیاربێت، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە بڕیاردەدات یاخی بێت.

هەڕەمەکانی میسر، گەرچی لەسەر چەوسانەوە و ماندووبوون و هیلاکی کۆیلەکان ڕۆنراوە، وەلێ ئەفسووس، کاتێک کە دەڵێن:هەڕەمەکانی میسر، جگە لەناوی فیرعەونەکان و پاشا و خواوەندەکان، ناوی هیچ چین و کەسیتر نایێت.

 ئەوهایە هاوڕێ گیان، کۆیلە مادام ڕازییە بە سیستەمی کۆیلایەتی بوون و کۆیلایەتی خۆی قبوڵە و چێژ لە ئازاری قامچی خاوەنەکەی دەبات، کۆیلەیەک مازۆکی، گەر دەیان هەزار فڕۆکەو ڕۆبۆت، و، ئابوورییەکی بتە و بەهێز درووست بکات و ببێت بە کۆڵەکەیەکی بەهێز، بۆ سیستەمی وڵات و مانەوەی و پاراستنی لە ڕووخان، بە کورتییەکەی  شۆرای چین درووست بکات و دنیایش خراپ بکات، کۆیلە هەرکۆیلەیە و ئەوە هیچ پاداشت و چاکەیەک بۆخۆی ناگەڕێتەوە و هەموو فەزلەکە بۆ سەردار و سەیدەکەی دەبێت. مادام ئەو کۆیلەبێت و کۆیلەیەتی و زەلیلی قبوڵ بێت!

کۆیلایەتی و یاخی بوون، دوو جەمسەری جوایەز و دوو پارادۆکس و چەمکی دژ بەیەکن و هەرگیز کەسی ئازادی خواز و کۆیلەویست، دانوویان پێکەوە ناکوڵێت و هیچ خاڵ و ڕایەڵەیەک پێکەوەیان نابەستێتەوە.

ژنەکان، گەر دەتانەوێت، سیستەمێکی دیموکراتیک و وڵاتێکی ئازاد و گەلێکی سەربەست و ژیانێکی خۆشگوزەران و یەکسانتان هەبێت، ئەوە دەبێت پێڕەوی لە یاخی بوون بکەن و پێڕۆی کۆیلێتی بخەنە ژێر پێیەکانتان و پەرتۆکی شەرشۆڕی بدڕێنن و پەڕەکانی بێدەنگی بسووتێن و جاڕی یاخی بوونێکی مەدەنی بدەن.

یاخی بوونێک، بە وشە عەرشی دیکاتۆرییەت بڕمێنن و بە هەنگاوەکانتان دڕکی کۆیلایەتی لە کێڵگەی ژیان لەڕەگەوە هەڵقەنن. چیتر قبوڵ نەکەن، کەس یاری بە ژیانتانەوە بکات و مافتان بخوات و کەسایەتی و کەڕامەتتان پێشێل بکات.

سەروین دەیگوت: لەسەر بوونم سازش ناکەم لەگەڵ هیچ جەلادێک، یان هەمووی، یاخود هیچ.  ڕێزی تەواوی ماف و خواستەکانم دەگریت، یان قبوڵی ناکەم.

ئەو مرۆڤەیە کە دەڵێت: نەخێر! واتا

ئەو مرۆڤەی ئامادە نییە، مێگەڵ ئاسا بژیت و  سەری ڕەزامەندی بۆ هەموو فرمانێک بڵەقێنێت و بەڵێ و ئەزبەنی بۆ هەموو سەپاندنێک بکات.

گەر دەخوازیت تەحقیقی ئینسانییەتت بکەیت، ئەوە یاخی بوون هەڵبژێره. گەردەتەوێت چیتر بە یاسای دارستان حوکمت نەکرێت و بە هێز بێهێز نەخوات، دیسان یاخی بوون. لە یاخی بوون بەختەوەری و ڕزگاری تۆهەیه. بە یاخی بوون ئەوروپا، سەدەتاریکەکانی جێ هێشت، سێکوچکەی دەسەڵاتی دەرەبەگ و پاشاو ئایینی تواندەوە. بە یاخی بوون شۆڕشکەی فەڕەنسا سەری گرت و پڕەنسیپەکانی عەلمانییەت و پێوەرەکانی حەداسەت و ڕەگەزەکانی حەزارەت جێگیربوون و قۆناخی گیلۆتین و سووتانی فەیلەسوف و زانا و بیرمەندەکان  و سانسۆرکردنی کتێب و بە هەرتەقەکردنی جودابیران  و سەردەمی خوڕافەیان جێ هێشت.

بەیاخی بوون شۆڕشەنەرم و  ناتوندو تیژییەکەی گاندی سەرکەوتنی بە دەست هێنا. بەیاخی بوون گەلان ئازاد دەبن، و ئازادی بەرقەرار دەبێت. یاخی بوون یاسا ڕەقەکان دەگوڕێت، ستەم دەتوێنتەوە.  یاخی نەریتەکۆنەکان ناچاری ملدان و گۆڕانکاری دەکات، میتۆدی ڕخنەیی و مێژوویی و ڕیفۆرم  بە سەر ئایین و ئایینزاکاندا  جێبەجێ دەکات و بنەماکانی تۆلەرەنس و یەکسانی جێندەری و مافی مرۆڤ و مافەکانی ژن، و ڕۆشنبیری ژینگە دۆستی و هەستی ئاژەڵدۆستی .. لەبیروباوەڕ ودڵ و دەروونی تاکەکان جێگیردەکات و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەسەپێنێت و دەرگای دۆرەخ دادەخات و بەهەشت ڕۆدەنێت.

یاخی بوون بیری ڕەگەزپەرستی لەناو برد، قفڵی ئەقڵەکانی کردەوە، شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆجی و پیشەسازی بەرهەم هێنا.

 دەبێت مرۆڤ هەڵگری جیناتی تەمەڕود و خاوەنی ڕۆحییەتێکی یاخیانەبێت و دەنگی کۆیلایەتی لە ناخیدا کپ بکات و بخنکێنێت، تابتوانێت به ئازادی بژیت.

 مرۆڤ لە هەر کیشوەر و  سەدە و قۆناخێکی مێژوویی و کامە سنووری جوگرافیا ژیابێت و  بژیت، سەر بە هەر ئایین و نەتەوە و ڕەگەز و مەزهەبێکەوە بێت، پێش هەمووشتێک و دوواجار، ئەو مرۆڤە و بە هیچ پێوەر و  پاساوێک، ناکرێت بکرێت بە کۆیلە.

ئاخر بە چ لۆژیکێکی ئینسانی و پێوەرێکی ویژدانی و حوجەیەکی ئەخلاقی ژن دەکرێت بە نیوە مرۆڤ و کەنیزه و  مرۆڤ مرۆڤ دەکات بە کۆیلە!؟

بۆیه هەر ئایین و ئایین زاو تەوژم و ڕەوتێکی هزری و قوتابخانەیەکی فەلسەفی،  ڕەوایەتی دا بە سیستەمی کۆیلایەتی، لەژێر هەر ناو بە هەرپاساوێک، ئەوە گوومانت لە نامرۆڤانەبوونیان نەبێت.

دەبێ ژن و کچی کورد، ئیتر کەسایەتی ونبوو و تێکشاو و وێران بوو  دەستبەسەرداگیراوی خۆی لە مرۆڤە یاخیەکەی کامۆ ببنێتەوە،

تۆ سەیرکە،

مرۆڤە یاخی بووەکەی کامۆ، خۆی تەفسیر بۆ وجودی خۆی دەکات و  واتا بۆ پۆچییەکان دادەتاشێت و مانا بە ژیانە بێ ماناکەی خۆی دەبەخشێت. مرۆڤێکە پێمان دەڵێت، گەر ڕێنێ دیکارت وتبێتی:"من بیردەکەمەوە، کەواتەمن هەم"و مرۆڤی بە کائینێکی بیرکەرەوە دانابێت و بیرکردنەوەی کردبێت بە پێشمەرجی بوون لە ژیانی مرۆڤ و بوونگەرانکانیش لە بەرامبەردا بڵێن:"من هەم، کەواتە بیردەکەمەوە"و ماهییەت و چییەتی مرۆڤ پێش (بیرکردنەوە، ئایدۆلۆژیا، ئایین، نەتەوە، ئیتن و ڕەگەز) خستبێت، ئەوە کامۆ یاخی بوون دەکات بە بنەمای ژیان و جەوهەری وجود و ماکی مرۆڤ بوون و پێمان دەڵێت:من یاخیم، کەواتە من هەم، و یاخی بوون بە پێش مەرجی مرۆڤ بوون دادەنێت و

مرۆڤ بە کائینێکی یاخی بوو حیساب دەکات.

مرۆڤە یاخیەکەی کامۆ،

مرۆڤێکە، دەق بە هیچ دۆگمایەکەوە ناگرێت و لە چەقی هیچ ئایدۆلۆژیایەک ناوەستێت و خۆی لە ناو تونێڵی هیچ تێگەیشتنێکی دیاری کراو و بۆ هەڵبژێردراو زیندانی ناکات.

ئەو، مرۆڤێکە بەردەوام بیردەکاتەوە و گۆڕانکاری لە ئاڕاستەی بیرکردنەوە و جیهانبینی دەکات و هەوڵدەدات و تێدەکۆشێت، لە پێناو گۆڕانکاری لەو دۆخ و واقیعەی هەیە، بەرەو باشترو باڵاتر.

ئەو واقیع وەک خۆی قبوڵ ناکات و هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگری لە یاخی بوون و تێکۆشانەکەی ئەو بکات. ئەو ڕەتی دەکاتەوە کڕنۆشی سەرشۆڕی بۆ هیچ یەکێک لەو بتانە ببات کە لە کۆمەڵ لە بەردەم ئازادی تاکەکان قوتدەکرێنەوەو مرۆڤ ناچاردەکەن، سەریان بۆ دانەوێنێت و خۆیان بۆ بچەمێنێتەوە و بە پیرۆز و سەرو ڕەخنەو وەک خواوەندانێک سەیر بکرێن.

نەخێر ئەو ببڕای ببڕ قبوڵی ناکات وەک بەندەیەک تەعامولی بکرێت، هیچ  کەسێک خۆی بکات بە سەردار و سەیدی ئەو.

ئەو مرۆڤێکی جیاوازە، کەس ناتوانێت ڕامی بکات و کۆد و بیرو باوەڕ و ئیدەلۆجیا و بکە و نەکەکانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت.

ڕەتکرنەوە و ڕادەست نەبوون و کڕنوش نەبردن، لای ئەو بەهاو ئەخلاق و  ئەقیدە و ئیمان و بیرو باوەڕ و پڕەنسپیە و هەرگیز دەست بەردایان نابێت. ئەو نایەوێت وەک مەڕی ناو مێگەڵ لێبخوردرێت و دەست بەسەر هۆشیاری و کەسایەتی و کەڕامەتی دابگیرێت.  ئەو گومان دەورووژێنێت، پرس دەکات، ڕەخنەدەگرێت.  بەبڕوای ئەو، مرۆڤ لە جەوهەردا مرۆڤیکی ڕەخنەگر و پرس کەر و گومانگەرایە.

لە تێڕوانین و دیدەنیگای مرۆڤە یاخییەکەی کامۆ ئەو سەردەمە گوزەشت، چیتر هیچ شتێک وەک ڕاستیەکی ڕەها بە مرۆڤایەتی بفرۆشرێتەوەو مرۆڤەکانی بێ دیماگۆج و گەوج و لغاو بکرێت، بەڵکو سەردەم سەردەمی ڕێژەگەراییەو دەبێت پێوەری نسبی بوون بە سەر هەموو شتێکدا جێ بەجێ بکرێت.

کێ دەتوانێت وا بە ئاسانی قەناعەت بە مرۆڤەیاخییەکەی کامۆبکات، کە، مرۆڤ لە چارەنووس و ئەزەلەوە هەموو شتێکی بۆ بڕدراوەتەوە و بڕیار لەسەر ورد و درشتی ژیانی دراوە!؟

بۆیە ئەو جگە لە ئەکتەرێکی ڕۆڵ بۆ دیاری کراوی بێ دەسەڵات، هیچ شتێکیتر نییە، جگە لە ڕۆڵبینین لەو شانۆیەی بۆی نووسراوە ڕوڵ وازی بکات وەک ئەوەی شانۆنووس لە پشت پەردە داوای لێکردووە، بێ کەم و زیاد و هیچ دەستکاریکردنێک! 

مرۆڤ گەر ئەرستۆ گوتبێتی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییه، لای کامۆ، بێگوومان مرۆڤ بوونەوەرێکی یاخییه. مرۆڤە یاخییەکەی کامۆ، مرۆڤێکە ،هەرگیز ڕادەستی شکست نابێت و ئاڵای دۆڕان بەرزناکاتەوە و لە دژی قەدەر دەجەنگێت و سیزیف ئاسا، شەڕی مان و نەمان و خۆ سەلماندن دەکات.

شەڕدەکات لە پێناو نەهێڵانی شەڕ. یاخی دەبێت لە پێناو ئازادییەکان، بۆ سەربەستی بوون و مافەکانی،  بۆ بەدیهێنانی خەون و خۆلیاکانی، بۆ لەناو بردنی یاسای لە سێدارەدان، بۆ سڕینەوەی بیرۆکەی کوشتن لە فەرهەنگی مرۆڤایەتی،  بۆ پەرپاکردنی ئاشتی،  بۆ لابردنی سیستەمی کۆیلایەتی، یاخی بوون لە دژی دریکتاتۆر و چەوسانەوە، لە دژی بتەکان، لە دژی ئایدۆلۆژیاکان، لەدژی هێڵە دەستکردەکان.

مرۆڤە یاخیەکەی کامۆی وجودی، مرۆڤێکە لەدژی هەموو بتە مادی و ڕووحی و ئایدۆلوجیاکان یاخی دەبێت. مروڤێک بانگەوازی لە گروهی مرۆڤایەتی دەکات و پێیان دەڵێت:ژیان لە سایەی سیستەمی کۆیلایەتی خەجاڵەتی و ترسەنۆکی و بێ ڕێزییە، تەنها لەگەڵ یاخی بوون، مرۆڤ بوون و ڕێز و کەڕامەت و مافتان بۆ دەگەڕێتەوە و لە کۆت و بەندەکان ئازاد دەبن.