لە نوێژی مەغریبی ئەمڕۆمدا

نزام کرد

جێنزرگەی خەیاڵ و ژوانم

ڕووەو ڕۆژئاوا بێ

ڕووەو نیگای تۆ بێ.

 دوێ ئێوارێ

خەیاڵم لای ئەو ڤۆیسە بوو

کە لە نوێژی عەسردا دەستنوێژی شکاندم.

 سەرمخستە سەر باڵی چەپی

قژی ئاڵۆسکاوم

شانە دەکەم و

دڵی تەژی دەکەم لە خۆم

خۆم دەکەم بە شاباڵی نوێژی شەو.

 دوێ بەیانی

کە هەڵسام

چاوی خەیاڵی تۆ لەسەر سینەم کایەی دەکرد و

هەڵیدەگڵۆفیم.

 هەموو نوێژەکانم دەڕژێنە نێو

پێکی تەنیاییتەوە

خۆم لە ڕقی ئەو نەوڕەسانە دادەبڕم کە شەوان دەڕژێنە نێو عەتری جەنگ.

 عەتری تۆ کایەکردنی منداڵی منە لەسەر خیابانێ

کە دەچێتەوە نێو دڵی سلێمانیی و

گۆیژە دەکاتە جوانترین بووکی سپیپۆشی دنیای زستان.

 عەتری نوێژ و

عەتری من دوانەیەکی دانەبڕاون لە نیگای تۆ

نیگای تۆ نوێژی نیوەی شەوە لە گریانی منداڵی.

 تۆ خوناوی سەر گوڵەگەنمی گیانمی

ئیحساسم تژی دەکەی لە سروەی بەیان.

  

سلێمانیی

دڵکەش قادر